دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 4 هەفتە

دواین قەیسەر...! ‌

 هێمن مەحمود

مرۆڤ ئەگەر مێژووی خوێندبێتەوە یاخود بەفیلم رووداوە مێژووییەکان بینیبێت ئیتر لەوەتێدەگات ژیان و دەسەڵاتی سیاسی هەر سیستەمێک لەسیستەمەکان بەتایبەت ئەوانەی سەرکوتکارو تاکڕەون لەشوێنێکدا، لەخاڵێکدا ناوەستن و بۆ ئەبەد نامێننەوە. هەموو دەسەڵاتێک زوو زوو خۆی نوێ نەکاتەوە بەخوێنی تازەو جیاواز جیاواز ئەوا چارەنوسی لەدواجاردا هەر تیاچونە جا چ زووبێت یان درەنگ. ژیان ناوەستێت و بۆ کەس پەکی ناکەوێت.

دواین قەیسەر..درامایەکی شەش ئەڵقەیی مێژووییە و ژیان و دواین ساتەکانی ژیانی دواین قەیسەری روسیامان بۆ دەخاتە روو.

بنەماڵەیەکی قەیسەر کە چەند سەد ساڵێک دەسەڵاتداربوون و بە ئاگرو ئاسن حوکمیان کردووە دواجار لەساتێک لەساتەکاندا هەرەسدەهێنن و دەڕوخێن.

جەنگ، هەژاری، کوشتن و بڕین، لەسێدارەدان و زیندانیکردن، گەندەڵی حکومەت و گەندەڵی بنەماڵەی قەیسەرو خۆش ژیانیان..هێنانی قەشەیەکی داوین پیسی وەک راسپۆتین و بڕیاردانی لەدەسەڵات و دەیان هۆکاری تر ئەو ئیمپراتۆرییەتە هەرەسپێدێنن و لەناوی دەبەن.

ئەم درامایە زۆر نایابە ... دەسەڵاتێک بەو هەموو سوپاو پۆلیسی نهێنیەوە، بەو هەموو توانا ئابووری و هێزە زەبەلاحەوە گەندەڵی و نوێنەبونەوەو سەرکوتکاری و زیندانیکردن هەناوی هەڵدەدڕێت و هەلاهەلای دەکات.

قەیسەرێک هەموو کارێک دەکات،هەر لەکوشتنی خۆپیشاندەرو ناڕەزاییەتەکانەوە تاوەکو هێنانی قەشەیەکی داوین پیسی لەجۆری راسپۆتین بۆ ناوخێزانەکەی تەنها بۆ ئەوەی کوڕە نەخۆشەکەی ببێتە قەیسەرو وەچەیان بپارێزێت کەچی لەپێناوی کوڕە نەخۆشدا ئیمپراتۆریەتەکە دادەنێت و دواجار بێ ئەوەی کوڕەی نەخۆش دەسەڵات ببینێت شۆڕشگێڕانی سەردەمی نوێ هەموو بنەماڵەکەی قەتڵوعام دەکەن و کۆتایی بە دواین شەجەرەی قەیسەری دەهێنن.

جوانترین دیالۆگێک لەو درامایەدا سەرنجی منی ڕاکێشابێت ئەوەیە دەڵێت " رەنگە هەستێکی وات بۆ دروستبێ کە قەیسەر شایانی بەزەیی بێت، بەڵام بۆچی بەزەیشمان پێیادا بێتەوە قەیسەر خۆی وای کرد بەخۆی".

لەهەموشی گرنگترو ئەوەی بوەتە پرسیار، باشە ئەم دیکتاتۆرو دەسەڵاتانەی دەیانەوێت هەتا هەتایە بەزەبرو کوشتن و بڕین حوکمبکەن بۆچی دەرس وەرناگرن لەیەکتری و خۆیان چاکناکەن تا دواجار وەک قەیسەرو بنەماڵەکەیان بەسەرنەیەت..؟

مانگ و ساڵ بۆ مێژوو هیچ نیە..دوای سەدان ساڵیش بێت ئەو جۆرە حوکمڕانیانە هەر کۆتاییان دێت..مرۆڤ تەحەمولی کەمە..!



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP