دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 4 هەفتە

ده‌روێش؛ عاشقی دوژمنەكەی بو

  1. هه‌رێم نیوز
    دکتۆر مەحمود دەروێش یەکێکە لەشاعیرە گەورەکانی عەرەب، خەڵکی فەڵەستینە و چەند ساڵێك لەوەو پێش کۆچی دوایی کرد.

    ده‌روێش بەشێکی زۆری شیعرەکانی بۆ بەرگری و ڕۆحی بەگژاچونەوەی ستەم نوسیوە، شیعرەکانی بۆ زمانە زیندوەکانی جیھان وەرگێردراون.

     کتێبخانەی کوردی بێبەش نیە لە شیعرەکانی دەروێش، ئەگەر بەھەڵەدا نەچم نزیكەی ١٤ شیعرو قەسیدەی ئەو کەڵە شاعیرەم بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێراوە. دەروێش چوار تێکستی جوانی بۆ کورد نوسیوە، نایابترینیان قەسیدەی (لیس للكورد الی الریح)ە!

    لەبارەی ھەڵوێست و شیعرەکانی دەروێش، شتی زۆرم خوێندۆتەوە، بەڵام تەنھا شتێك جێگای سەرنجی منە، ئەو عاشقی کچێکی ئیسرائیلی بوه‌، بەشێکی زۆری چامەکانی بۆ ئەو نوسیوە، لە كاتێكدا بەشێكی زۆری بەرھەمەکانی دەروێش، لە دژی ئیسرایٔیل نوسراوە.

    لە ساڵی 1995 لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا شاعیری لوبنانی عباس بیضون پرسیاری لە مه‌حمود دەروێش کرد دەربارەی هۆکاری جیابونەوەی لە ڕیتا ..

    محمود دەروێش لە وەڵامدا گوتی : ئەوە یەكەمین جارە من ئەو نھێنییە ئەدركێنم، لە ڕاستیدا جەنگی عەرەب - ئیسرائیلی ساڵی 1967 کۆتایی بەو خۆشەویستیەمان هێنا .

    چونکە ئەوە تەنها شەڕ نەبو لە نێوان دو دەوڵەت بەڵکو شەڕ بو لە نێوان دو ڕوح و دو جەستەدا، بێنە پێش چاوی خۆت خۆشەویستەکەت چەکی هەڵگرتوەو کچان و کوڕانی وڵاتەکەت دەکوژێت، ئەمە تەنها لەسەر دڵت قورس نیە بەڵکو عەقڵ و ویژدانیشت قورسە.

    پاش هەڵگیرسانی جەنگ ڕیتا وەك کچە ئیسرائیلیەك لە دژی فەلەستینیەکان چەكی هەڵگرت و دەستبەرداری خۆشەویستەكەی بو ، هەرچەندە مه‌حمود دەروێش زۆر هەوڵیدا لەگەڵی بمێنێتەوەو نەڕوات، ڕیتا داخوازییەكەی ڕەتكردەوە، مەحمود دەروێش تكای لێدەكات و پێی دەڵێت:
     
    ئازیزم
    سەیری ئەم تفەنگە مەكە
    من سەرباز نیم
    من تەنها شەیدای تۆم
    دەمەوێت جیهان رزگار بكەم
    تا بەتۆ بگەم
    ئەمە داواكارییەكی كەم نییە،
    رزگاركردنی جیهان.. گەیشتنە بەتۆ
    -

     بەڵام ڕیتا لە پێناوی وڵاتەكەیدا مەحمود دەروێشی جێھێشت، لە نێوان عەشق و نیشتماندا .. نیشتمانی هەڵبژارد.

عەتا شەمێرانی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP