دواین هەواڵ

عێراق‌

 11/05/2021

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی عێراقەوە کۆدەبێتەوە

کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش (ئەرشیف)

هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتیان لە عێراق سەبارەت بە دۆخی عێراق و دوایین پەرەسەندنەکان کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا تاوتوێی نوێکردنەوەی کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق- یۆنامی- دەکرێت.

بڕیارە کۆبوونەوەکە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبچێت. جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا راپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی عێراق دەخاتەڕوو.

هەروەها بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی ئەنجوومەنی ئاسایش، لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە عێراق، باسی هەندێک پرس دەکرێن، وەک، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان، هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و پرسی پاراستنی کاندیدە سەربەخۆکان، هێرشی سەر دیپلۆماتکارە بیانییەکان و هێزەکانی سەر بە هاوپەیمانان و ئاسایشی عێراق بە گشتی، یەکێک لە خاڵە دیارەکانی کۆبوونەوەکەش قسەکردن دەبێت لەسەر رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی پەسندکردنی بودجەی 2021 کە لە 31ـی ئایار لە پەرلەمانی عێراق پەسند کرا.

پرسێکی دیکە باسکردنی کارەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە تاوانەکانی داعش. یونیتاد تاوەکو ئێستا شەش راپۆرتی لەسەر تاوانەکانی داعش ئامادەکردووە، کە تێیدا بەڵگەی ڤیدیۆیی، دۆکیۆمێنت، نووسراو و لێدوانی رزگاربووان و قوربانییانی دەستی داعشی تێدایە.

کەریم ئەسەد خان، سەرۆکی تیمی یونیتادە، بەڵام ئەو  وەک ئەندامێکی نوێی داواکاری گشتیی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی هەڵبژێردرا و پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا دەستبەکاربێت. ئەمەش پێدەچێت گرنگی بۆ پرۆسەی دادگاییکردنی سەرکردەکانی داعش بەپێی بەڵگەکانی یونیتاد هەبێت، بەو پێیەی کەریم خان خۆی سەرپەرشتیی کۆکردنەوەی بەڵگەی لەسەر تاوانەکانی داعش کردووە.

هاوکات کارەکانی یونامی لە عێراق لە 18ـی ئەیلوولی ئەمساڵ کۆتایی دێت، بەڵام لەم کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی درێژکردنەوەی کارەکانی یان نوێکردنەوەی ئەرکەکانی یۆنامی دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP