دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 10/05/2021

یادەوەری منداڵی و پەندێكی كوردی

ھێمن مەحمود

جاران کاتێک مناڵبوم قسەیەکم دەبیست دەیانوت " هەموو پیاوێک لەشەڕواڵی خۆیدا پیاوە". راستیەکەی تا ساڵانێکی درێژ لەو قسەیە تێنەدەگەشتم، یاخود لەمانای راستەقینەی ئەو قسەیە تێنەگەیشتم.

مرۆڤ کاتێک ئەزمونێکی زۆری جۆراوجۆر لەژیان تام دەکات و ئاشنای خەڵکانی جیاواز جیاواز دەبێت و شارو شوێنی جیاواز جیاواز دەبینێت و بەدۆخە سەیرو سەمەرەکانی ژیاندا تێپەڕدەبێت، تاڕادەیەک لەمانای ئەو قسەیە دەگات، یاخود بەمانایەکی تر راستی ئەو قسەیەی بۆ دەردەکەوێت. لەرووە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکەوە کۆمەڵگا خەڵکانی جۆراوجۆری تیایە.

هەیە دەوڵەمەندەو هەیە دەسەڵاتدارەو هەیە هەژارەو هەیە بێدەسەڵات، بەڵام هەمووشیان خاوەن هەست و خەیاڵ و تەبیعەت و کەسایەتی خۆیانن و شانازی بەخۆیانەوە دەکەن. باواز لەدەسەڵاتدارو دەوڵەمەندەکان بهێنین، بێینەوە بۆ لای هەژارو بێدەسەڵاتەکان. دەبێت دانبەوەدابنێین زۆرێک لەکۆمەڵگای ئێمە هەمیشە وا وێنای هەژاران و بێدەسەڵاتەکانی کردوە کە هەمیشە چاویان لەدەوڵەمەندو دەسەڵاتدارانە. بەکورتیەکەی تا دەسەڵاتدارو دەوڵەمەندەکە وەستابێت حسێب بۆ هەژارەکە نەکراوە، یان خراوەتە ریزی دواوە..

بەڵام ئایا کەس بیری لەوەکردۆتەوە هەژارەکەش لەشەڕواڵی خۆیدا پیاوە!.

لەکۆمەڵگای ئێمەدا ژمارەی هەژاران چەندین هێندەی ژمارەی دەوڵەمەندو دەسەڵاتدارانە، بەڵام هەمیشە دەوڵەمەندو دەسەڵاتداران لەیەکەمینەکانن و ئەقدەمترن. بانمونەکە سادەتربکەینەوە ئەو پیاوە بەتەمەنەی لەناو بازاڕ لەسەر عەرەبانە گوڵەبەرۆژە دەفرۆشێت و تۆ بەپۆزێکەوە بایی دوسەدوپەنجا دیناری لێدەکڕیت خاوەن کەسایەتی وهەستی تایبەت بەخۆیەتی. کە دەچێتە ماڵەوە پیاوی ناو ماڵەکەی خۆیەتی و خێزانێک بەڕێوەدەبات.

ئەو کچەی تۆ داوای ناکەیت بۆ کوڕەکەت و نایخوازیت و پێتوایە باوکی هەژارەو ناوناوبانگ یاخود پارەی نیە ئەویش خاوەن هەستی خۆیەتی و دەزانێت خۆشەویستی چیە و باوکی لەشەڕواڵی خۆیدا پیاوە.

ئەوکاتەی تۆ دەبیتە بەرپرس و خزم و کەسوکارو هەژارەکانی کۆڵانەکەت لەیاد دەکەیت و نایانناسیت و وەڵامی تەلەفونەکانیشیان نادەیتەوە بزانە هەر تۆ پیاونیت، ئەوانیش پیاون و خاوەن شەڕواڵی خۆیانن. بەکورتیەکەی مرۆڤ دەبێت تا گەورەتر بێت و ئەزمونی زیاتر دەبێت لەوە تێبگات نە پلە نە پارە نە ناوبانگ بۆ کەس تاسەر نیەو نامێنێتەوەو کۆتایی دێت. هەموو کەسێک پیاوی ماڵی خۆیەتی..بۆیە بەسوکی لەکەس مەڕوانن!.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP