دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10/05/2021

دیندار زێباری، وەڵامی نامەكەی ئەمنستی لەبارەی زیندانیكراوانی بادینان دەداتەوە

هەرێم نیوز

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی نامەكەی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" دەداتەوە كە تێیدا داوای ئازادكردنی پێنج سزادراوەكەی بادینانی كردبو، زێباری دەڵێت:"دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و حکومەتی هەرێم دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات."

ئەمڕۆ 10ئایاری 2021، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" لەنامەیەكدا بۆ دیندار زیباری ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوە لەبارەی پێنج حوکمدراوەکەی بادینان "نادادپەروەرانەیە .

لە وەڵامی نامەكەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵدا، دیندار زیباری لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت:"دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات و حوکمی پێنج سزادراوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پیشەی ڕۆژنامەگەری و چالاکوانییەوە نەبوە."

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بەوەشدا، كە تا ئێستا سزادانی ئەو چالاکوانانە پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە و رێکاری دیکە ماون بۆ تانەدان لەبڕیارەکە ودەشڵێت:" لەگەڵ ئەوەشدا، دوابەدوای پەسەندکردنی بڕیارەکە، تۆمەتباران 30 ڕۆژیان هەیە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدەن، دوای ئەوە دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیار لە کەیسەکە بدات. لە کۆتاییدا، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە لێبووردنی تایبەت دەربکات".

دەقی راگەیەندراوەكە...
وەڵام بۆ لێبوردنی نێودەوڵەتی

ڕۆژی 16ی شوبات دادگای تاوانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج دەستگیرکراودا سەپاند. دوای ئەوەی پەڕاوەکانیان راپێچی دادگای پێداچونەوە کرا، دادگای پێداچونەوە بڕیارەکەی پەسەندکرد. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی چەند نیگەرانییەکی لەبارەی پەسەندکردنی بڕیارەکە لەلایەن دادگای تەمییزەوە خستۆتەڕو.

دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات. حوکمی پێنج سزادراوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پیشەی ڕۆژنامەگەری و چالاکوانییەوە نەبوە. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاوانباربون بە کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی و گواستنەوەیان بۆ رێکخراوێک کە زۆرجار بەشداری لە چالاکی تیرۆریستیدا کردوە، بەمەش ژیانی سیاسەتمەدارانی ناوخۆ و بیانیان لە هەرێمی کوردستان خستۆتە مەترسییەوە.

وەک تۆمەتبار لەناو هۆڵی دادگا، لە لایەن پارێزەرەکانی خۆیانەوە نوێنەرایەتیان کراوە. هەروەها، چاویان بە پارێزەرەکانیان کەتوە لە کاتی ڕاگرتن بەر لە دادگای له دادگای تاوانی هەولێر.

ڕاستەوخۆ دوای دادگایی، دادگای تاوانەکان پەڕاوە یاساییەکانیان گواستەوە بۆ دادگای پێداچونەوە، کە خاوەنی دوا بڕیارە بۆ پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی بڕیارە یاساییەکان. دادگای پێداچونەوە بڕیاری دادگای تاوانی لە 6 ی ئایاری 2021 دا پەسەندکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، دوابەدوای پەسەندکردنی بڕیارەکە، تۆمەتباران 30 ڕۆژیان هەیە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدەن، دوای ئەوە دەستەی گشتی دادگای پێداچونەوە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیار لە کەیسەکە بدات. لە کۆتاییدا، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە لێبوردنی تایبەت دەربکات.

کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سور (ICRC) و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) دەستگەیشتنیان بە دەستبەسەرکراوەکان هەبوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن، و ئازادی ڕاگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی. حکومەت لەگەڵ یونامی و نوسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ کاردەکات بۆ دڵنیابون لەوەی کە کوردستان بەتەواوی پابەند بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا.

نوسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP