دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10/05/2021

سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا پەیوەندییەكی تەلەفونیان ئەنجامدا

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  و سۆفی ویڵمز، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا پەیوەندییەكی تەلەفونیان ئەنجامدا 

ئەمڕۆ دووشەممە 10 ئایار، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی  هەرێمی كوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان  پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سۆفی ویڵمز، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکاوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم گەیاند بۆ شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە لە هێرشی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە. سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی حکومەتی بەلجیکای کرد لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هەولێر .

ئەوەش هاتووە، گفتوگۆ دەربارەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان وعێراق و ناوچەکە کرا و هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا ، هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا تاووتوێ کرا و سەرۆکی حکومەت داوای لە جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کرد کە لە ڕێگەی یەکێتی ئەوروپاوە هاوکاری پەنابەر و ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بکەن بە تایبەتی کە تواناکانی هەرێم لەمبارەیەوە سنووردارن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP