هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند ، دەنگۆی فرۆشتنی چەند قوتابخانەیەك دوورە لە راستییەوە و بڕیاری زیادکردنی ئاشکرای زەوییەکانی دوو قوتابخەنەشیان راگرتووە.
ئەمرۆ دووشەممە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی فرۆشتنی نۆ خوێندنگای سلێمانی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە،" لە زۆربەی سایت و كەناڵەكانی راگەیاندن، ھەواڵی فرۆشتنی چەند قوتابخانەیەكی ناوشاری سلێمانی بڵاوكراوەتەوە كە دورە لەراستییەوە."
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانیدا ئەوەش هاتووە،" بڕیاری فرۆشتنی ئەو دوو قوتابخانەیەش هەڵوەشاوەتەوە و زیادکردنەکەش راگیراوە، بڕیاری راگرتنەکەش لە پەیجی فەرمیی شارەوانی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە و لە رۆژنامەشدا بەهەمانشێوە بڵاوکراوەتەوە."
ئەم رونكردنەوەیەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە دوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆ عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لەفەیسبوكی خۆی نوسیبوی بەبێ ئاگاداری پەروەردە دەیانەوێت حەوت خوێندنگای ناو شاری سلێمانی بفرۆشن."