دواین هەواڵ

عێراق‌

 09/05/2021

گرووپی چەکداری رەبعەڵڵا جارێکی تر هەڕەشە لە کازمی دەکەن

گرووپی چەکداری رەبعەڵڵا

هەرێم نیوز
گرووپی چەکداری رەبعەڵڵا لە نوێترین ڤیدیۆیاندا داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن، کارمەندانی حەشدی شەعبی کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشێندراونەتەوە، بگەڕێنێتەوە سەر کارەکانیان، ئەگەرنا هێرش دەکەنە سەر بانکەکان.


لە گرتە ڤیدیۆکەی گرووپی چەکداری رەبعەڵڵا، کە دەگوترێ هاوپەیمانی گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبییە کەسێک دەردەکەوێت و راگەیەندراوێک دەخوێنێتەوە و دەڵێت: "دوای ئەوەی گەندەڵکاران گەندەڵییەکەیان زیاتر کرد، ئامانجەکانیشیان یەکبوونە دژی جیهادکارەکانی حەشدی شەعبی، کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشێندراون، بەبێ ئەوەی وەڵامی داواکارییەکانیان بدرێتەوە، ئێمە بزووتنەوەی رەبعەڵڵا و قەڵغانی حەشدی جیهادکار، بۆ دواجار هۆشداری دەدەینە ئەوەی پشتیتێکردووین و حکومەتەکەی کازمیش، کە مافەکانمانی پشتگوێخستووە، ئێمە 48 کاتژمێر مۆڵەتتان پێدەدەین لە بەرواری بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیەندراوەوە بۆ ئەوەی بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێن بەبێ دواکەوتن، ئەگەرنا هەڵوێستمان دەبێت دژی بانکەکان کە پارەی ئێمەتان تێیاندا کۆگا کردووە".

تاوەکو ئێستاش حکومەتی عێراق هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر ئەو هەڕەشەیەی گرووپی رەبعەڵڵا رانەگەیاندووە.

لە چەند رۆژی رابردوودا سەدان کارمەندی پێشووی حەشدی شەعبی، کە دەگوترێ گرێبەستەکانیان هەڵوەشێندراونەتەوە و لە بنەڕەتدا بە هۆکاری جیاجیا بە فەرمی لە ریزەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا دانەمەزرێندراون، لە بەغدا خۆپێشاندانیان کرد و داوایان لە حکومەتی عێراق کرد هاوشێوەی کارمەندە دامەزراوەکانی حەشدی شەعبی مووچەی مانگانەیان پێبدرێت.

گرووپی رەبعەڵڵا تۆمەتبارە بە سووتاندنی لقی 5ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵی رابردوو لە بەغدا، گرووپەکە هاوکات تۆمەتبارە بە سووتاندنی بارەگای کەناڵی دیجلە لە بەغدا.

گرووپی رەبعەڵڵا لە 25/3/2021 دا نمایشێکی چەکداری لە بەغدا کرد و تێیدا ستایشی ئەو پەرلەمانتارانەی كرد كە داوای كەمكردنەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلاریان بەرامبەر دیناری عێراق دەكرد، گرووپەکە ئەوکات هۆشداریشی دایە ئەو لایەنە سیاسییانەی کە بە مەبەست پەسندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی دوادەخەن لە پێناو دەستكەوتی تایبەت، گرووپەکە هەروەها هۆشداریدا لە پەسندکردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 دا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP