دواین هەواڵ

عێراق‌

 08/05/2021

كازمی: لیژنه‌یه‌ك كار له‌سه‌ر ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم ده‌كات

  1. هه‌رێم نیوز
    ئه‌مڕۆ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی فیدراڵی عێراق به‌ ژماره‌یه‌ك میدیای وتوه‌: لیژنەیەك كار لەسەر ئەوە دەكات بەشە بودجەی ئەم مانگەی هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

    ده‌شڵێت "رێككەوتن لەسەر پڕۆژەی بودجە زۆرباش بوو، مادەی 11 باش بو".

    ته‌له‌فزیۆنی روداو بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ دیدارێكیان له‌گه‌ڵ كازمیدا ئه‌نجامداوه‌و له‌ دیداره‌كه‌دا كازمی ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا و ژماره‌یه‌ك تری پرسی هه‌نوكه‌ی له‌ عێراق ده‌ربڕیوه‌:
     
    - بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی لەگەڵ كوردستان
     
    - ئێستا سەردەمی پەیوەندییە زێڕینەكانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالیی عێراق.
     
    - لە ساڵانی رابردودا كارمان كرد بۆ چارەسەركردنی زۆر لە كێشەكان.
     
    - بە جدی كاردەكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەردولا، رێككەوتن لەسەر پڕۆژەی بودجە و مادەی 11 باش بو.
     
    - بەڵگە بۆ جیدیبوونیشمان ئێستا لیژنەیەك كار دەكات بۆ ناردنی بەشە بودجەی ئەم مانگەی هەرێمی كوردستان.
     
    - بەكارهێنانی عێراق وەك گۆڕەپانێك بۆ هەڕەشەكردن لە وڵاتانی دراوسێ رەتدەكەینەوە.
     
    - هەڵسوكەوتەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان رەتدەكەینەوە كە لە خاكی عێراقەوە هەڕەشە لە دەوڵەتێكی دراوسێ بكات.
     
    - ئاگاداری پێشوەختەی هێرشەكانی توركیا نەبوین.
     
     - رەفتارەكانی پەكەكە هەڕەشەن بۆ دانیشتوانی هەرێمی كوردستان.
     
    - پەیوەندییەكی زۆر تایبەتمان هەیە لەگەڵ توركیا.
     
    - كاردەكەین بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی هێزەكانی عێراق بەسەر هەندێ ناوچەدا كە لە ژێر دەستی گروپە چەكدارەكان دا بون .
     
    - لە هەوڵدانداین لەگەڵ توركیا بۆ لێك نزیككردنەوەی بۆچونەكان.
     
    - لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كاردەكەین بۆ دیاریكردنی زیانەكانی شەڕەكە و هێرشەكان.
     
    - نوێنەری كاربەڕێكەری توركیا و چەند باڵیۆزی توركیامان بانگكرد و قبوڵنەكردنی ئەو هێرشانەمان پێ راگەیاند.
     
    - وەزیری بەرگریی عێراق بەر لە دو رۆژ لەگەڵ هاوتا توركییەكەی قسەی كرد.
     
    - حكومەتی توركیا داوای لێبوردنی كرد لەسەر هاتنی وەزیری بەرگریی توركیا بۆ نێو خاكی عێراق.
     
    - بەهۆی هەڵەیەكی تەكنیكی وەزیری بەرگریی توركیا هاتبوە نێو خاكی عێراق .
     
    - دەبێ هەمو حیزبەكان لەوانەش پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێ دەرفەتێكی وەك یەكیان هەبێت بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان.
     
    - دەبێ پارتی بەپێی مافی كۆمەڵایەتی خۆی بارەگاكانی لە كەركوك وەربگرێتەوە بەڵام بەبێ چەكدار.
     
    - لیژنەیەكمان پێكهێناوە لەسەر بارەگاكانی پارتی و بەر لە هەڵبژاردن بارەگاكانی وەردەگرێتەوە.
     
    هاوئاهەنگی لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان

    - هەفتەی رابردوو كۆبونەوەیەك هەبوو لە بەغدا بە بەشداریی شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ لێكۆڵینەوە لە میكانیزمێك بۆ هاوئاهەنگی لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان. ئەم هەفتەیەش كۆبونەوەیەكی دیكە دەبێت و دەگەنە رێككەوتن لەوبارەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP