ئوسترالیا ئامانجییەتی بەیەکجاری کۆتایی بە دیاردەی جگەرەکێشان بهێنێت و لە هەوڵدایە بۆ دانانی پلانێکی تایبەت بۆ کۆتایی هێنان بە دیاردەی جگەرەکێشان و ئامانجیەتی رێژەی جگەرەکێشان لەو وڵاتە کە لەئێستادا، سەدا ١٥یە تا ساڵی ٢٠٢٥ بۆ سەدا ١٠ کەمبکرێتەوە.
بەمهۆیەوە بە سپۆنسەری زانکۆی کوینزلاند و کۆنسەی لێکۆڵینەوەی پزیشکی و تەندروستی نیشتمانی پلانێکی نوێ ئامادە دەکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە دیاردەی جگەرەکێشان.
پلانەکە لەژێر ناوی "دەستپێکی کۆتایی گەمەی تووتن"ە و ئامانجیەتی تا پێنج ساڵی دیکە جگەرە تەنها لە دەرمانخانەکان و بە رەچەتەی پزیشک بفرۆشرێت.
لە یەکەم قۆناغی پلانەکەدا مامەڵەکردن بە تووتن سەخت دەکرێت و تەنها لە چەند شوێنێکی دیاریکراو رێگە بە فرۆشتنی دەدرێت.
ئامانجێکی دیکەی پلانەکە ئەوەیە لە دوای ساڵێکی دیاریکراوەوە کۆتایی بە مامەڵەکردن بە تووتن بهێندرێت و تەنها بە رەچەتەی پزیشک بفرۆشرێت.
جێی ئاماژەیە ئوسترالیا یەکێکە لەو وڵاتانەی گرانترین نرخیان لەسەر جگەرە داناوە.