دواین هەواڵ

کلتور‌

 08/05/2021

شانۆی تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی

نیهاد جامی

هونەری شانۆ پێویستی بەکردەی بینینی ڕاستەوخۆ هەیە، بەلام کاتێک وەک ڤیدیۆی تۆمارکراو دەیبینین، ڕووبەروی ئەو پرسیارە دەبینەوە ئاخۆ شانۆی تەلەڤزیۆنی چ سوودێک بە ئێمە دەگەیەنێت؟ لەبەردەم ئەم پرسیارەدا پێویستە هەندێک خاڵ بەگرنگ وەربگرین، بەهۆی ئەوەی تۆمارکردنی ڤیدیۆی بۆ شانۆ کۆمەکی ئەوەمان دەکات سیماکانی قۆناغە شانۆییەکان بەڕوونی بناسین،

جگە لەوەی ئەو کارانەی لەزەمەنێکدا فریای سەیرکردنیان نەکەوتین، بزانین ئاستی کارکردنیان چۆن بووە، ئەوە سەرباری ئەوەی رۆلێکی گرنگ دەبینێت لە بە کولتورکردنی شانۆ لەکۆمەڵگادا، کە لەم ڕێگایەوە کۆمەلگا دەتوانێت ئاشنایەتیەکی زیاتر بەشانۆ پەیدا بکات. ئێمە لەئێستادا کەسەیری شانۆی تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی دەکەین و مێژووەکەی پێ دەنێتە ناو ٥٣ ساڵ، چەندە بەهۆی نیشاندانی نمایشەکان لەتەلەڤزیۆن توانی رۆڵێکی گرنگ ببینێت بۆ بە کولتورکردنی شانۆ، وایکرد ئەم کۆمەلگایە هەست بەگرنگی نمایش بکات، ئاشنایەتی لەگەل دیاترین سانۆنامەکان پەیدا بکات، لەئێستادا کە نیو سەدە تێدەپەرێنێت،

بەڵام بەهەمان شێوەو تینەوە شانۆ لەناو ماڵەکان ئامادەبوونی هەیە، ئەوە وایکردووە شانۆ ببێتە بەشێک لەژیانی کولتوری مرۆڤی پۆڵەندی. بۆ ئەوەی بەدوای ئەو ئاشنابوونە ئەو نمایشە تۆمارکراوانە دەسکەوتی دارایش وەدەست بێنن کەناڵی تەلەڤزیۆنی کولتور هەڵسا بە جاپکردن و کۆپی کردنی نمایشەکان لەشیوەی دی ڤی دی، وەک فیلم لەبازارەکان بفرۆشرێن، بەوەش دەستکەوتێکی پێ وەدەست هێناوە، لەئێستادا بەدەگمەن ئەو نمایشانە لەبازار دەست دەکەون، ئەوەش گەواهی ئەم ڕاستییە کەوا بینەران دەیانەوێت ببنە خاوەنی ڤیدیۆی ئەم نمایشانە.

خالێکی تری گرنگ بۆ توێژینەوە لەبارەی ئەم شانۆنامانەو ئاشنابوون بەدیدی دەرهێنەرانی پۆڵەندی بەدوای سەرجاوە تیۆریەکان دەتوانین بگەرێینەوە بۆ ئەم نمایشانە، تاوەکو بتوانین سیمای قۆناغە شانۆییەکانی پێ بناسین، ئەم شانۆیە لەڕێی ڤیدیۆی کارەکانی وایکرد ڕووبەرێکی فراوانتری بەخۆی بەخشی، بۆیە کتێبەکەی نووسەر کاتاژینا جیێژبیچکا بەناونیشانی "٥٠ ساڵ لەشانۆی تەلەڤزیۆنیدا" دۆکۆمێنتێکی گرنگی ئەم شانۆییە کە چۆن لەرێی بەڤیدیۆکردن توانیەتی داکۆکی لەسیماو گەشاندنەوەی خۆی بکات لەناو کۆمەلگادا، سەرباری ئەوەی توێژەرانی سانۆ بۆ قسەکردن لەسەر نمایشەکان دەگەرێنەوە سەر ئەم ڤیدیۆیانە.

کاتێک دەگەرێینەوە بۆ سەرەتای لەدایکبوونی ئەم شانۆیە لە تەلەڤزیۆن هەست بە پلانی کولتووری ئەم وڵاتە دەکەین، بەهۆی ئەوەی بە ماوەیەکی کەمی لەدایکبونی تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی شانۆ بوو بە بەشێک لە کاری تەلەڤزیۆن، هەر لەو ڕۆژەوەی یەکەم شانۆنامەیان لەتەلەڤزیۆن نیشان دا بەناوی "پەنجەرەیەک لە دارستان" دەرهێنانی یۆزیف سوۆتڤینیسکی ئیدی دەرگا لەنمایشی شانۆیی کرایەوە، کە لەئێستادا زیاد لە چوار هەزار نمایشی شانۆیی تۆمار کراو لەبەردەستدایە، بۆیە ئەو هەوڵە وایکرد شانۆ بەزیندووی بمێنێت، شتێک نەبێت لەهەوڵی شانۆیی ناوی لەیادکردن بێت، بینەری تەلەڤزیۆن بەهۆی ئەوەی لەو ڕۆژگارە یەک کەناڵی هەبوو دەیزانی رۆژانی دووشەممە نمایشی شانۆیی نیشان دەدرێت.

ئەمرۆ شانۆی تەلەڤزیۆنی لەزۆربەی ولاتانی ئەوروپی ئامادەبوونی هەیە، بەلام هێشتا هەندێک ڕوانین تایبەتمەندیەکەی دەگەرێننەوە بۆ پۆڵەندیەکان، بەلام با ئەوەمان بیر نەچێت ئەو بیرۆکەیە سەرەتا بۆ بەریتانیەکان دەگەڕێتەوە، ئەو دەمەی لەساڵی ١٩٢٤ نمایشێکی شانۆیی تایبەت بە ڕادیۆیان پێشکەشکرد، دواتر بیرۆکەکەیان گواستەوە بۆ تەلەڤزیۆن و ئەمریکیەکانیش خێرا ئەو بیرۆکەیان قۆستەوە هەوڵیاندا لەڕێی ناسراوترین ئەکتەرەکانیان شانۆی تەلەڤزیۆنی بەرهەم بێنن. پۆڵەندیەکان سوودیان لەم ئەزموونە وەرگرت و هەوڵیاندا وەک نەریتێک بۆ بینەرانی تەلەڤزیۆن پیادەی بکەن، هەڵبەت لەم ڕۆژگارەدا بەهۆی ئەوەی تەلەڤزیۆن ڕەش وسپی بووە بۆیە زۆر کێشەیان ڕووبەروو بۆتەوە، کەوا لایەنی جوانکاری نمایشەکانی لەدەستداوە، بەڵام چونکە بەدوای نمایشەکان بەتایبەت بۆ تەلەڤزیۆن تۆمار کراون هەوڵدراوە بەشێکی جوانی کارەکان بەتایبەت کاری لەسەر بکرێت،

لێرەدا نابێت ڕۆڵی دەرهێنەر ئادام هانوشکیێڤیچ لەیاد بکرێت کەرۆڵێکی گرنگی لەشانۆی تەلەڤزیۆنیدا بینیووە، کاتێک لە ١٩٦٩ یەکەم ئەزموونی ڕەنگاو ڕەنگی تەلەڤزیۆن دەردەکەوێت، یەکەم نمایش کە بە ڕەش وسپی نیشان نەدرێت، مۆنۆدرامایەک بووە کە لە "زیانی توتن" چێخۆڤ وەرگیراوە، لە دەرهێنانی یێرزی ئانتچاک، ساڵانی دواتر هەندێک لەدەرهێنەرانی سینەما ڕوو دەکەنە شانۆی تەلەڤزیۆنی و لەپاڵ کاری سینەمادا لەم بوارەشدا کار دەکەن،

لەوانە دەرهێنەران کیشلۆڤسکی و ئاگنێشکا هۆڵەند، بەلام تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت بینەر لەماڵەوە دەزانێت ڕۆژانی دووشەممە سانۆی تەلەڤزیۆنی نیشان دەدرێت، هەندێک لەڕەخنەگران بڕوایان وایە ئەم شانۆیە وەک جاران بینەری نەماوە، ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ هەندێک گۆڕانکاری لەشیوازی کارەکان، بەلام زۆرینەی پسپۆرانی بواری شانۆ لەسەر ئەوە کۆکن شانۆی تەلەڤزیۆنی بەهیچ شیوەیەک بینەری لەدەست نەداوە، چونکە وەک بەشێک لەژیانی کولتوری ئەو مرۆڤەیەو لێی جیا نابێتەوە.






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP