دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 08/05/2021

هیندستان بۆ وایلێهات؟

 د.زانا دزەیی
●تەنھا لە ٢٤ کاتژمێردا، لە ووڵاتی ھیند، ٤١٢ ھەزار کەس تووشی کۆڤید بوونە و زیاتر لە چوار ھەزار کەس گیانیان لە دەستداوە، کە ژمارەی پێوانەیی تووشبوون و مردنە لەسەرتاسەری جیھان لە ووڵاتێک لەسەرەتای سەرھەڵدای ڤایرەسی کۆڕۆناوە.

سیستەمی تەندرووستیی ئەو ووڵاتە لە ئێستادا بەشێکی زۆری داتەپیوە و ئەگەر ھاوکاریی ووڵاتان نەبێت، زۆر واریدە کارەساتێکی زۆر گەورەی مرۆیی لەم ووڵاتە ڕووبدات.

●دوێنێ بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسەکان، نرخی یەک قنینە (بتڵ) ی ئۆکسجین لە ھیند بە ١٣٠٠ دۆلار بووە! ھەمووشمان ھەمان حاڵەتمان بینی پارساڵ لە کوردستانی خۆمان.
■بۆ ھیندستان گەیشتە ئەم وەزعە؟!

*زۆری ژمارەی دانیشتووانەکەی، ڕێژەیەکی بەرزی ھەژاریی، نەخوێندەواریی، ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵک بێ ماڵ و جێگەن و لەسەر شەڤامەکان دەخەون. ئەمە ھۆکارێکی جەوھەریی وەزعەکەیە.

*بوونی جەھالەت و گوێنەگرتن لە کەسانی پسپۆڕ و دڵسۆز و ڕەت کردنەوەی کۆڕۆنا و بەدوای قسەی چەند دەججالێکی بێ ویژدان کەوتن کە دەیانووت ئەوەی بەھارات و میزی مانگا بخواتەوە، کۆڕۆنا کاری لێناکات! نموونەی واشمان لەم کوردستانەی خۆمان بینی و ئێستاش ھەن و بەردەوام بوونەتە مایەی ماڵوێرانیی بۆ ھاووڵاتیان کاتێ دەیانووت مێخەک و سیر و جەڕجیر و دارچین کۆڕۆنا دەکوژن!!

*حکومەتێکی نامەسئول و فاشیل لە ھیندستان، دەسەڵاتدار و سیاسییەکانیان لەسەرەتای ئەمساڵ بۆ مەبەستی دیعایەی ئینتیخابات، ئیعلانی سەرکەوتنی ووڵاتەکەیان کرد بەسەر کۆڕۆنا و بە ملیۆنان خەڵکیان بەڕەڵڵای سەر شەقامەکان کرد بۆ گردبوونە و ھوتافی پشتگیریی بۆ دەسەڵاتداران، سیاسییەکان ئێستا ھەموو سەلامەتن، بەڵام خەڵکە داماوەکە ڕۆژانە ھەزارانیان لێ دەمرێت. لێرەش لەم کوردستانە سەیر بکەن لەبەر نزیک بوونەوەی ھەڵبژاردنەکان لەم شوێن بۆ ئەو شوێن لە بینایە حیزبییەکان، سەدان گەنجیان کۆکردۆتەوە و بێ ماسک بەستن و بێ گوێدانە سەلامەتیی ھاووڵاتیان، خەریکن شەڕەپەڕۆیان پێدەکەن، خەریکن شەڕە سەنگەر گۆڕین بە خەڵکی دەکەن بێ ڕەچاوی گیان و سەلامەتیی ئەم خەڵکە!

*لە مەوسمی حەجی ھیندستان، بەشێک لە پیاوانی ئایینیان ھانی خەڵکەکەیان دا کە دەبێ ئیتر ئەمساڵ بۆنە ئاینییەکان بکرێن و ئینسانی ئیماندار کۆڕۆنا ناتوانێت زەفەری پێببات، ئەوەبوو بە ملیۆنان لە دانیشتووانی ئەم ووڵاتە، بۆ خۆشتن لە ناو ڕووبارەکان کۆبوونەوە. دەی لەم کوردستانەش بەشێک لە مامۆستای ئاینیی ھەن کە ئێستاش باوەڕیان بە کۆڕۆنا نییە و دەڵێن نابێت مزگەوتەکان داخرێن، ھەیانە ئێستاش دەڵێت ئایەتی کورسی (ئەوپەڕی تەقدیرم بۆ ئایەتە پیرۆزەکە) چارەسەری کۆڕۆنایە، ھەیانە دەڵێت مووسڵمان نابێت بە ماسک بێتە مزگەوت و نابێت لەیەک دوور بوەستن لە کاتی نوێژ!

(ئەمە مانای ئەوە نییە چاوپۆشیی بکرێت لە کردنەوەی گازینۆ و کافتێریا و یانەکانی شەوانە کە ئەمان ھۆکارێکی تری بڵاوبوونەوەی ڤایرەسەکەن).
*گوێنەگرتن لە کەسانی دڵسۆز لە پزیشکان و زانایانی بوارەکە، بەڵام دەی ئێستا دەبینن و ئێمەش بە چاوی خۆمان بینیمان و دەشبینین، لەم زڕوفە قورسانەی کە شەڕی مانەوە بۆ ژیان دەکەیت لە نەخۆشخانەکان، کوا سیاسییەکەی خۆت قوربانی دەکەیت؟! کوا پیاوە ئایینییەکی دیفاعی لێدەکەیت؟! ئەمان لە کوێن لەم وەزعە ناخۆشەت؟! ئەی بۆ نایەن لە نزیکەوە حاڵت بپرسن؟! ئەوان بەرپرسی سەرەکیی ئەم کارەساتانەن لە ھیندستان و زۆربەی ووڵاتە دواکەوتووەکان.
خودا مێشکی داوەتە ئینسان بۆ ئەوەی بەکاریبھێنێت، بۆ ئەوەی بیربکاتەوە، ڕاستییەکان بەیان بکات.

ھیوادارم کوردستانمان پارێزراو بێت، بەڵام تەنھا بە ھیواخواستن و دوعا کردن نابێت، بە خۆپارێزیی و بەکارھێنانی عەقڵ و ھۆش دەکرێت.

ھەموولایەک تەندروست بن و خوا ھەموولایەک بپارێزێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP