دواین هەواڵ

عێراق‌

 08/05/2021

ئەحمەد سەفار: هۆكاری نەناردنی بودجەی هەرێم ئاشكرادەكات

هەرێم نیوز

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت :" ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە، بە ناردنی لیژنەیەکی هونەری بۆ بەغدا چارەسەر دەبێت."

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ 8 ئایار، سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێم وجێبەجێنەکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بەكەناڵی روو داوی ڕایگەیاند، ئەو بابەتە پەیوەندیی بە پەرلەمانەوە نییە و بابەتێکی هونەرییە و دەبوو لیژنەیەکی هاوئاهەنگی  لەنێوان بەغداو هەولێر دروستبكرێت.

وتیشی، پرسەکە کەمیی نەوت و نەناردنی نییە، بەڵکو بابەتەکە ژمێرەییە. دەبێت هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیە دیاری بکات کە دەبێت رادەستی بەغدای بکات و دوای ئەوەیش بەغدا پابەند دەبێت کە بەشە بودجەکەی بنێرێت.

سەفار ڕونیشیكردەوە، بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراق زۆر رونە، بەڵام نازانم بۆچی ئەم خەمساردییە هەیە! ئەوە نزیكەی 40 رۆژ بەسەر پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەدا تێپەڕیوە کە دەبوو هەر لە رۆژی دوای پەسندکردنیەوە جێبەجێ بکرێت.

بەوتەی ئەحمەد سەفار، نەناردنی بودجە بۆ هەرێم  لەبەر ئەوەیە کە لیژنەی بۆ دروست نەکراوە کە دەبێت لە هەردولا بێت لە وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی.

بڕیاردەری لیژنەی داری دەشڵێت، ئەگەر هەرلە رۆژی دوای پەسەندکردنی بودجەوە ئەو لیژنەیە پێکبهێنرایە، بچونایەتە بەغداو هاوئاهەنگی و ژمێرەکانیان بکردایە، جێبەجێکردنی گەلێک ئاسان بو.

بەپێی ماددەی 11 لە یاسای بودجەی 2021ی عێراق، دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە كێڵگەكانی خۆی بەرهەم بهێنێت، رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی  نەوت بە نرخی كۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حكومەتی عێراق بكات، هاوكات دەبێت 50%ی داهاتی نانەوتی خۆیشی رادەستی بەغدا بكات.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP