دواین هەواڵ

جیهان‌

 08/05/2021

مزگەوتی ئەقسا، بەهۆی شەڕوپێکدادانزیاتر لە 200 کەس بریندار بوون

مزگەوتی ئەقسا لەکاتی گرژی و پێکداداندا

هەرێم نیوز

لە شەڕ و پێکدادانی نێوان پۆلیسی ئیسرائیل و کۆمەڵێک گەنجی فەلەستین لە قودس/ئۆرشەلیم زیاتر لە 200 فەلەستینی و 17 پۆلیسی ئیسرائیل برینداربوون. ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەن.


بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئیسرائیل، شەوی رابردوو هەزاران فەلەستنی رووبەڕووی پۆلیسی ئیسرائیل بوونەتەوە و ئەوانیش بە گازی فرمێسکڕێژ وەڵامیان داونەتەوە. گرژییەکان لە قودس/ئۆرشەلیم دەستی پێکردووە، فەلەستینییەکان پێیانوایە بە زۆر ئەو ناوچانەیان پێ چۆڵکراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، پێش خۆپێشاندانەکە دەیان هەزار فەلەستنی بەهۆی ئەوەی کە دوێنی دوایین هەینی رەمەزانە چوونە مزگەوتی ئەقسا بۆ نوێژکردن، دواتر بەشێکیان ماونەتەوە و دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە دژی "راگواستنی زۆرەملێ" و کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، "ئێمە زۆر بە نیگەرانییەوە لە رووبەڕووبوونەوەکانی ئۆرشەلیم دەڕوانین.. داوا لە بەرپرسانی ئیسرائیلی و فەلەستینی دەکەین کە بە وریاییەوە بە ئاراستەی هێورکردنەوەی دۆخەکە و راگرتنی تووندوتیژییەکان مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن."

لەبارەی گرژییەکانەوە ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس لە نامەیەکیدا بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، "یاری بە ئاگر مەکەن، ئەمە شەڕێکە کە تۆ، سوپاکەت، پۆلیسەکانت و هەموو وڵاتەکەت ناتوانن تێیدا سەرکەوتوو بن، ئێمە بەرگریی لە قودس دەکەین بەبێ گوێدانە ئەو قوربانیەی کە لەپێناویدا دەیدەین."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP