ڕێکخراوی تەندرستی جیهانی ڕایگەیاند، لە هەر ١٠ کەسێک لە دانیشتوانی جیهان، ٩ کەسیان کاریگەری خراپی پیسبونی ژینگەیان لەسەرە و ئەمەش کێشەکانی وەک جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجەی دورستکردووە.
ڕێکخراوی تەندرستی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاندووە، ٩٢% ی دانیشتوانی گۆی زەوی لە ئاووهەوایەکدا دەژین کە بە پێی پێوەرە جیهانییەکانی توشی پیسبوون بووە، زۆرترین ناوچەش کە زیانی بەرکەوتووە ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژئاوای زەریای ئارام و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستن.
ئەم زانیارییانەی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەنجامی توێژینەوەیەک ڕاگەیەندراوە، کە لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە ئەنجامدراوە و ٣ هەزار شوێنی سەر گۆی زەوی تیایدا تاقیکردنەوە و شیکردنەوەی بۆ کراوە، بە تایبەت ئاسمان و ئاووهەوای شارەکان.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە هەر ٩ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان لە جیهاندا کەسێکیان بە هۆی پیسبونی ژینگەوەیە.
هەروەها ئەوەشی تیادا هاتووە، پیسبونی ژینگە و کێشەکانی، ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر لە ٣ ملیۆن کەس دەکوژێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتریش توێژینەوە جیهانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە ٩٨ % دانیشتوانی شارە گەورەکانی جیهان کێشەی پیسبوونی ژینگە کاریگەری لە سەریان هەیە.