دواین هەواڵ

جیهان‌

 06/05/2021

ترەمپ هێرش دەکاتەسەر گوگڵ و تویتەر و فەیسبوک

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا

هەرێم نیوز

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی باڵای فەیسبووک بڕیاریدا بەکارهێنانی تۆڕەکانی لە ترەمپ قەدەخە بکات، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە و دەڵێت، "ئەوەی فەیسبووک، تویتەر و گووگڵ کردوویانە، شەرمەزارییەکی تەواو گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان". ئەوەشی وتووە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوودا، "ساختەکاری" لە دژی ئەنجامدراوە، ئەگەرنا لە بەرامبەر بایدن شکستی نەدەهێنا.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە راگەیەندراوەکەدا هێرش دەکاتە سەر مچ مکۆنێل، سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران و دەڵێت "ئەگەر مچ مکۆنێل، سەرۆکە ترسنۆک و گەمژەکەی کەمینەی کۆماری، ئەوکات لەپێناو ئاشکراکردنی ئەو گەندەڵیەی کە لێی ئاگادارکرابووەوە خۆی ماندوو کردبا و بەشێکی دیکەی گەورەی گەندەڵییەکانی دۆزیبایەوە، ئەوا ئەنجامێکی تەواو جیاوازی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیمان بەدەستدەهات".

ئەو سەرۆکەی پێشووی ئەمریکا ئەوەی خستووەتەڕوو، دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024 خۆی بەربژێر بکاتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەڵگەی لەسەر ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە.

دۆناڵد ترەمپ 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، لایەنگرانی هاندەدات خۆیان "بەدەستەوە نەدەن" و ئاماژەی بەوەش کردووە، دەنگدەرە ئەمریکییەکان "بەرگەی ئەو یاسایانەی دژی ئازادیی رادەربڕین لەسەر ئینتەرنێت ناگرن".

ترەمپ پێیوایە، چەپڕەوە تووندڕەوەکان دەستیان بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتووە. لەوبارەیەوە دەڵێت، ئازادیی رادەربڕینی لێ سەندراوەتەوە، چونکە "کەسانی شێتی چەپڕەوی تووندڕەو لە راستی دەترسن، بەڵام لە کۆتاییدا راستی هەر دەردەکەوێت؛ راستی گەورەتر و بەهێزتر لە جاران دەردەکەوێت".

لە هەڵبژاردنەکانی 3ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، ترەمپ دەنگی 232 ئەندام و جۆ بایدنیش دەنگی 306 ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی بەدەستهێنا.

دوای ئەوەی کۆمەڵێک لە لایەنگرانی ترەمپ بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە 6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا بەکارهێنانی تۆڕەکانیان بە تۆمەتی هاندانی تووندوتیژی لە ترەمپ قەدەخەکرد، لەوانەش فەیسبووک، ئینستاگرام، تویتەر و یوتیوب.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP