دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 05/05/2021

ئه‌مه‌ریكا ته‌ئكید له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ گروپه‌ شیعه‌كان ده‌كاته‌وه‌ له‌ كات و شوێنی خۆیدا

  1. هه‌رێم نیوز
    له‌ نوێترین هه‌ڵوێستدا، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا تەئکید دەکاتەوە "لە کات و شوێنی گونجاو"ی خۆی، وەڵامی ئەو ھێرشانە دەداتەوە کە لە عێراق دەکرێتە سەر هێزەکانیان.

    جۆن كێربی، وته‌بێژی‌ پنتاگۆن، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌و هێرشانه‌ی‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌لایه‌ن گروپه‌ شیعه‌كانه‌وه‌، وتویه‌تی: سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ پاراستنی هێزه‌كانمان ده‌ستپێكی ژماره‌ یه‌كه‌، له‌كاتێكدا پێمانوابێت پێویسته‌ وه‌ڵام بده‌ینه‌وه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان، ئه‌وه‌ له‌كات و شوێنی گونجاودا وه‌ڵاممان ده‌بێت، كه‌س نایه‌وێت ئه‌و جۆره‌ هێرشانه‌ روبدات و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ورد چاودێری ده‌كه‌ین.

    ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌، ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ ئه‌ركه‌كه‌مان له‌ عێراق كه‌ له‌سه‌ر داوای‌ حكومه‌تی عێراقیه‌و بۆ كۆمه‌كیكردنه‌ له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ داعش، پێشمان وایه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ هێشتا زیندوه‌".

    هێرشە موشەکییەکان لە عێراق، لەلایەن گروپە شیعە نزیکەکانی سەر بە ئێران ئەنجامدەدرێن و مەبەستیانە هێزەکانی‌ ئەمەریکا کە سەرپەرشتی‌ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات، لە عێراق بچنە دەرەوە.
  2.  بەرپرسانی‌ ئێران لە سەروی هەمویانەوە عەلی‌ خامنەیی، بەشێوەیەکی بەردەوام داوا لە گروپەکانی‌ نزیک لە وڵاتەکەیان دەکەن، ئەمەریکییەکان ناچاربکەن بە چونە دەرەوە لە عێراق و رایدەگەیەنن، بونی ئەمەریکییەکان لە عێراق هەڕەشەیە لەسەر وڵاتەکەیان.

    ئه‌مه‌ریكا: له‌ عێراق ناكشێینه‌وه‌

    سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ 1ی‌ ئایار، ژەنەڕاڵ کێنێت مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا دوپاتیكردەوە، ویلایەتە یەكگرتوەكان نیازی کشاندنەوەی هێزەکانی لە عێراق نییە و لەسەر داوای حکومەتی به‌غدا ماونەتەوە.

    ئه‌وه‌شی وت، كه‌، شەڕی داعش کۆتایی نەهاتوە، بۆیە بە هاوکاری هاوپەیمانان لەسەر بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبین.

    ژەنەڕاڵ مەکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، لەسەر داوای حکومەتی عێراق، هێزەکانیان لە عێراقدان، شەڕی داعشیش کۆتایی نەهاتوە، بە هاوکاری هاوپەیمانان لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبن.

    مەکێنزی رۆڵی هێزەکانی عێراقی لە بەرەنگاربونەوه‌ی داعش بە گرنگ زانی و وتی: "عێراقییەکان خۆیان شەڕی مەیدانی تیرۆر دەکەن، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، خۆیان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەدور گرتوە و تەنیا پشتیوانی و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی عێراق دەکەن".

    دەربارەی داهاتوی هێزەکانیشییان لە عێراق، مەکێنزی دوپاتیکردەوە، گفتوگۆی ستراتیژی بەغدا و واشنتن، چارەنوسی ئەو هێزانە دیاریدەکات، لە هەمان کاتد رایگه‌یاند: "لەو باوەڕەدا نییە، بەمزوانە عێراق بەجێبهێڵین".

    فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "میلیشیاکانی سەر بە ئێران، رۆڵێکی خراپ لە عێراق دەگێڕن و مەترسی راستەوخۆیان لەسەر سەروەری ئەو وڵاتە دروستکردوە، راستە هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، بەڵام هەڕەشە لە عێراق و حکومەتەکەشی دەکەن".

    لەبارەی هەڵویستی سەربازییان بەرامبەر بە ئێران وتی: هیوادارن تاران خواستی كەوتنە شەڕی لەگەڵ ئەمەریکا نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتەکەی رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی هێزەکانی.

    ئه‌عره‌جی و به‌رهه‌م ساڵح: پێویستمان به‌ هێزی شه‌ڕكه‌ری بێگانه‌ نییه‌

    ئه‌مڕۆ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق وتی: به‌غداو واشنتن ئاره‌زوی‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ناكه‌ن.

    له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 5 ئایار بڵاویكرده‌وه‌، به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق رایگه‌یاند: زۆربه‌ی‌ عێراقییه‌كان ئاره‌زوی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌ هاوكاری هاوبه‌شه‌كانمان و دۆسته‌كانمان له‌ناوچه‌كه‌ عێراق ببوژێته‌وه‌، به‌غداو واشنتن-یش ئاره‌زوی‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ناكه‌ن.
    له‌لایه‌كی تره‌وه‌ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌، قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق، وتی، پاشه‌كشه‌ی‌ هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان له‌ عێراق، هاوكار ده‌بێت بۆ سه‌قامگیری و به‌غدا نایه‌وێت هیچ هێزێكی شه‌ڕكه‌ر له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی بمێننه‌وه‌.
  3. ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌دمیراڵ یواكیم، سه‌رۆك ئه‌ركانی په‌یمانی ناتۆ رایگه‌یاند: ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ته‌نیا وه‌ك ئه‌ركی راوێژكاری بیانییه‌كان بمێننه‌وه‌.

    له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ نێوانیان هه‌ردولا باسیان له‌ هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی و سه‌ربازی به‌غدا و ناتۆ كردو ئه‌عره‌جی ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه‌، عێراق پێویستی به‌ مه‌شق و راوێژكاری و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ تواناكانی هه‌یه‌ له‌ بواری‌ شه‌ڕكردندا و پێویستی به‌ هێزی‌ شه‌ڕكه‌ر نییه‌.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP