دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 05/05/2021

پاشماوەی موشەکەکەی چین کەی و لەکوێ دەکەوێتە خوارەوە؟

موشەکە جینییەکە

هەرێم نیوز
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 29 ی نیسانی 2021 ووڵاتی چین بەش و پارچەی یەکەمی وێستگەی ئاسمانی تایبەت بە خۆی هەڵدا بۆ بۆشایی ئاسمان لە ڕێگەی موشەکی Long.March.5.B...

پێویستە ڕوونی بکەمەوە ئەم موشەکە چینیە لە بنەڕەتدا لە سێ بەش یان سێ قۆناغ Stages پێک هاتووە، لە گەشتە ئاسمانیەکان بۆ خولگەکانی نزیک زەوی بەشی یەکەم کە پێی دەووترێت Core.Stage ئەو بارەی کە موشەکەکە پێیەتی یان هەڵی گرتووە ئەگەر کەشتیەک بێت یان کۆمەڵێک سەتەلایت تا ئاستی 80 بۆ 100 کیلۆمەتر بەرزی دەکاتەوە و دواتر قاوغە بەتاڵەکەی ئەو بەشە کە بزوێنەرەکانیشی پێوەیە دوای چەند خولەکێک دەکەوێتە سەر زەوی یان کەناری دەریا بەشێوەیەک ئامادەسازی بۆ ئەو کەوتنەخوارەوەیە دەکرێت بەبێ ئەوەی زیان بەو ناوچەیە بگەیەنێت، بەشی دووەم و سێیەمی موشەکەکەش بارەکە بۆ ئاستێکی بەرزتر دەبەن، دواتر قاوغەکانیان دوای چەند ڕۆژێک بەردەبنەوە، بەڵام لەبەر بچوکی ئەو دوو بەشە بەزۆری لەنێو بەرگە هەوا دەتوێنەوە و دەسوتێن و هیچ پارچەیەکیان لێ ناگاتە سەر زەوی، ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ زۆربەی هەڵدانەکانی ئاسمان ڕاستە ئەگەر موشەکەکە دوو قۆناغ یان دوو بەش بێت یان سێ، تەنیا موشەکەکانی SpaceX نەبێت کە بەشی یەکەمیان بەبێ هیچ زیانێک دەنیشنەوە و دواتریش بەکاردەهێنرێنەوە، بەشەکانی تریشی بە کۆنتڕۆڵکراوی دەهێنرێنەوە خوارەوە لە شوێنی مەبەست بۆ دڵنیایی کردنەوە لەوەی بەبێ زیان گەیاندن دەکەونە خوارەوە..

ئەی ئەمجارە لەم گەشتە ئاسمانیەی چین چی ڕوویدا؟ بۆچی بەشی یەکەمی موشەکەکە کە زۆر گەورەیە زوو نەهاتە خوارەوە لە نزیک ئەو شوێنە؟ بۆچی هێشتا لە ئاسمانە و  بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەکەوێتە سەر زەوی؟
لە ڕاستیدا لەم گەشتەدا کە بۆ مەبەستی هەڵدانی پارچەی یەکەمی وێستگەی ئاسمانی چینی Tianhe بوو، چین ڤێرژنێکی تایبەتی لەم موشەکە Long.March.5.B بەکارهێنا کە تەنیا لەیەک بەش پێکهاتبوو لەگەڵ چوار بوستەر کە بەتەنیشتەکانیەوە بوو، ئەو بەشە سەرەکیە core.stage درێژیەکەی نزیکەی 30 مەترە و تیرەکەی 5 مەتر، لەبەر ئەوەی تەنیا یەک بەش بوو پێویست بوو زۆر بەرزتر بێتەوە لە 100 کیلۆمەتر بۆ گەیاندنی وێستگەکە بۆ خولگەکەی خۆی کە نزیکەی 370 کیلۆمەتر بەرزە، لەبەر ئەوەی هیچ پارچەیەکی ئەم موشەکە چینیە دیزاین نەکراوە بۆ خستنە خوارەوەی کۆنتڕۆل کراو، لەو بەرزاییەش لەبەر ئەوەی موشەکەکە گەیشتووە بە خێراییەک کە پێی دەووترێت خێرایی خولگەیی orbital.speed بۆیە یەکسەر هەر خۆی زوو و بەخێرایی بەرنابێتەوە سەر زەوی، ئەو بەربوونەوەیە بۆ تەنێکی ئاوا لەو شێویە ماوەی چەند ڕۆژێک تا چەند هەفتەیەکی پێویستە...

کەواتە ئەو قاوغە بەتاڵەی ئەم موشەکە چینیە کەی بەردەبێتەوە سەر زەوی و لە کوێ بەردەبێتەوە؟
لە ئێستادا کاتژمێر بە کاتژمێر پێنتاگۆن و ئاژانسی ناسا و ئاژانسی ئاسمانی ئەوروپی و هەروەها ڕووسیەکانیش بەوردی چاودێری ئەو پارچە و قاوغە گەورەیەی ئەو موشەکە چینیە دەکەن کە درێژیەکەی 30 مەترە و تیرەکەی 5 مەترە هەروەها بارستەکەی پترە لە 20 تۆن وردە وردە لە ڕووی زەوی نزیک دەبێتەوە، دوێنێ ووتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا مایک هاوەرد وتی، بە وردی چاودێری ئەم پارچە گەورەیەی موشەکەکە دەکەین و پێشبینی دەکەین لە بەرواری 8 ی ئەم مانگە مایس 2021 بەربێتەوە سەر زەوی، بەڵام تا چەند کاتژمێرێک بەر لە بەربوونەوەی کەس بە وردی ناتوانێت پێشبینی وردی شوێنی کەوتنەخوارەوەکەی بکات، بەپێی وردترین پێشهاتی ناوەندە زانستیەکانیش لێرە پەنجەرەی کاتی کەوتنە خوارەوەکە لەنێوان بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی داهاتوو 8 ی مایس تاوەکو کۆتایی ڕۆژی یەکشەممە 9 ی مایس دەبێت، شوێنی کەوتنەخوارەوەکەشی دیار نیە بەڵام لەسەر شوێنێکی هێڵە پانیەکانی نێوان باکوری شاری نیویۆرک تاوەکو ووڵاتی چیڵڵی دەبێت، ئەمەش بێگومان هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەگرێتەوە بە کوردستانیشەوە...

بەرزی و خولگەی ئەم قاوغە موشەکە بە دەوری زەوی جێگیر نیە و گۆڕاوە، یەکسەر دوای تەواوبوونی هەڵدانەکە پێنجشەممەی ڕابردوو بەرزیەکەی لە نێوان 170 و 372 کیلۆمەتر بوو، دوێنێش 4 ی مایس بەرزیەکەی لە نێوان 162 و 306 کیلۆمەتر بوو، ئێستا وردە وردە لە هاتنە خوارەوەیە، دوای ئەوەی بەرزیەکەی دەگاتە نێوان 80 بۆ 120 کیلۆمەتر خێراتر نزم دەبێتەوە، لە بەرزی 80 کیلۆمەتر بەرەوخواریش بەهۆی لێخشاندنی هەوا زۆر گەرم دەبێت، لە دەوروبەری بەرزی 50 کیلۆمەتریش لەبەر زۆری هێزی لێخشاندنی هەوا زۆر گەرمتر دەبێت تا ئاستی توانەوە و ئیدی پارچە پارچە دەبێت و بەشێوەی بڵێسەی ئاگر ئەو پارچانە دەبینرێن و دێنە خوارەوە، لەبەر ئەوەی بزوێنەرەکانی قورستر و ڕەقترن لە قاوغەکە بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لایەنی کەم پارچەی ئەو بزوێنەوانە بگەنە سەر ڕووی زەوی، لەبەر ئەوەی 70% ی ڕووی زەوی بە ئاو داپۆشراوە بۆیە ئەگەری کەوتنەخوارەوەی ئەو پارچانە لەسەر ووشکایی کەمترە، هەروەها لەبەر ئەوەی لەسەر ووشکاییش ڕووبەری شار و شارۆچکە و دێهاتەکان بەبەراورد بە ڕووبەر و پانتاییە بەتاڵەکان زۆر کەمترە بۆیە ئەگەری کەوتنەخوارەیان لەسەر شار و دێهاتەکانیش زۆر کەمە، ئەوەی سەیر و سەمەرەشە لەم بابەتە گرنگەدا ئەوەیە کە تا ئێستا چینیەکان هیچ نقەیان لێوە نایەت...
بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەک...
لوقمان حەوێز- ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی لە تێکساس



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP