دواین هەواڵ

کوردستان‌

 04/05/2021

هاوسەرۆكانی یەكێتی ڕاگەیەندراوێكیان بڵاو كردەوە

هەرێم نیوز

هاوسەرۆکانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا، سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەكەن بۆ ئەو ڕۆڵە نیشتیمانییەی کە دەیبینێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان‌ و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچونە جیاوازەکان.

هاوسەرۆكانی یەكێتی، ڕاگەیەندراوێكیان لەبارەی كۆنەوەیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە،" هاوسەرۆكان لەكۆبونەوەكەدا ڕووناکییان خستە سەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە بوونەتە مایەی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان."

هاوكات ڕوانینی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان دووپاتکردەوە بۆ یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان و گەیشتن بە دیدی هاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و هەر پڕۆژە و بڕیارێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.

ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ئەمڕۆ سێشەممە ٤ـی٥ـی٢٠٢١، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازییان کرد لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەیدقادر جێگرانی سەرۆکی ھەرێم.

لە دیدارێکدا کە ڕەفعەت عەبدوڵڵا و ڕزگار عەلی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و ئەمین بابە شێخ و د.میران محەمەد ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و دۆخی سیاسیی ئێستا و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی نووسینەوەی دەستورێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان.

لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامی گفتوگۆی هەمەلایەنە و پێویستیی یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کاری پێکەوەیی لە پێناو درووستکردنی متمانەیەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئیمزاکراوانەی کە لە نێوان لایەنەکان هەیە بە تایبەت لەسەر بابەتە  نیشتیمانیی و ستراتیژییەکان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان.

هاوکات جەختکرایەوە لەسەر درووستکردنی کەشێکی ئارام و وەلانانی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان و دۆزینەوە و دیاریکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەش کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکان و بەرگریکردن لە مافەکان.

لە دیدارەکەدا هاوسەرۆکان سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەو ڕۆڵە نیشتیمانییەی کە دەیبینێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان، هاوکات ڕووناکییان خستە سەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە بوونەتە مایەی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان. ڕوانینی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان دووپاتکردەوە بۆ یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان و گەیشتن بە دیدی هاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و هەر پڕۆژە و بڕیارێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.

وەک کوردیش بە پێویستیان زانی لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان لایەنەکان درووست بکرێت و بەرژەوەندیی گشتی زاڵ بکرێت لە پێناو داکۆکیکردنی زیاتر لە مافە نەتەوەییەکان و بەھێزی پێگەی کورد لە بەغدا بە تایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و نەفەوتانی دەنگی کورد.

لای خۆیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ هەڵوێست و ڕوانینە واقیعییەکانی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی نێوان لایەنەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP