دواین هەواڵ

عێراق‌

 7 رۆژ پێش ئێستا

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق نامەیەکی ناڕەزایەتی دەدات بەتورکیا

وەزارەتی دەرەوەی عێراق نامەیەکی نارەزایەتی دەداتە تورکیا

هەرێم نیوز

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، دوای سه‌ردانه‌كه‌ی خڵوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا بۆ ناو خاكی عێراق "هه‌رێمی كوردستان" به‌بێ هه‌ماهه‌نگی و وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراق، كاربه‌ڕێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی توركیایان له‌ به‌غدا بانگهێشت كردووه‌ و نامه‌یه‌كی نا‌ڕەزایه‌تییان راده‌ستكردووه‌ و بوونی هێزه‌كانی توركیاشیان له‌ناو خاكی عێراق به‌ ناشه‌رعی وه‌سفكرد.


له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، "ئه‌مڕۆ نزار خه‌یروڵڵا، بریكاری پێشكەوتووی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان كاربه‌ڕێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی توركیای بانگهێشتكرد و یاداشتێكی ناڕه‌زایه‌تیی راده‌ستكرد، كه‌ تێیدا نیگه‌رانیی حكومه‌تی عێراقی پێڕاگه‌یاند و تووڕه‌یی خۆی نیشاندا له‌ بوونی خڵوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیای له‌ناو خاكی عێراق به‌بێ هه‌ماهه‌نگی یان ره‌زامه‌ندی پێشوه‌خته‌ و چاوپێكه‌وتنی ئاكار له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی توركیا كه‌ به‌ ناشه‌رعی له‌ناو خاكی عێراقن".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق لێدوانه‌كه‌ی خڵوسی ئاكار له‌باره‌ی نیازی توركیا بۆ درووستكردنی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی هه‌میشه‌یی له‌ناو خاكی عێراق به‌توندی ئیدانه‌ ده‌كات".

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، خه‌یروڵڵا به‌ كاربه‌ڕێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی توركیای راگه‌یاندووه‌، "حكومه‌تی عێراق به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێشێلكردنی به‌رده‌وامی سه‌روه‌ری خاك و ئاسمانی عێراق له‌لایه‌ن هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیاوه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و به‌رده‌وامیدان به‌و رێبازه‌ له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌، دراوسێداری باش، یاسا و رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان یه‌ك ناگرێته‌وه‌".

بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌وه‌ی وه‌بیر توركیا هێناوه‌ته‌وه‌، "كه‌ په‌نابردن بۆ چاره‌سه‌ری سه‌ربازی به‌شێوه‌یه‌كی تاكلایه‌نه‌ نابێته‌ رێگه‌چاره‌ی نموونه‌یی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ته‌حه‌دیاته‌ ئه‌منییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات".

ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، "رۆژی شه‌ممه‌ خڵوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا سه‌ردانی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی وڵاته‌كه‌ی له‌ باكووری عێراق "ناوچه‌یه‌كی سنووری هه‌رێمی كوردستان" كردبوو و دووپاتی كردبووه‌وه‌، توركیا سووره‌ له‌سه‌ر كۆتاییهێنان به‌ تیرۆر و چه‌سپاندنی ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كۆتاییهێنان به‌ پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌".

رۆژی هه‌ینی رابردووش سوله‌یمان سۆیلۆ، وه‌زیری ناوخۆی توركیا رایگه‌یاندبوو، وڵاته‌كه‌ی نیازی هه‌یه‌ بۆ دامه‌زراندنی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی هه‌میشه‌یی له‌ باكووری عێراق، به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی دۆخی ئه‌منی له‌ نزیك سنووری باشووری وڵاته‌كه‌یان.

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ هێزه‌كانی توركیا چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازییان له‌ دژی په‌كه‌كه‌ له‌ناو خاكی هه‌ریه‌ك له‌ سووریا و عێراق ئه‌نجامداوه‌.‌



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP