دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 2 هەفتە

هاوپەیمانی فەتح، پشتگیری داوایەكی سەرۆكی هەرێم دەكات

هەرێم نیوز

هاوپەیمانی فەتح، پشتگیری داوایەكی نێچیرڤان بارزانی، دەكات لەبارەی دروستكردنی هێزێكی هاوبەش لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و  سەركردەیەك لە هاوپەیمانیەكە رایگەیاند"پێویستە هەماهەنگی هەبێت لە نێوان هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و هیزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەی دۆخی ئەمنیان سەقامگیر نییە."

ئەمڕۆ شەممە سەركردەیەك لەهاوپەیمانی فەتح، بە میدیاكانی عێراقی راگەیاند، هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە دامەزراوەی بەرگری نیشتیمانی، هەر بۆیە پێویستە هەماهەنگی لەنێوان ئەوان و هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵیدا هەبێت.

غەزەنفەر بەتیخ، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح دەشڵێت:"  ئەو بۆ شاییانە ی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە لە ناوچە جێناکۆکەکان، داعش بەردەوام سودیان لێدەبینێت، پێویستە هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگە وسوپادا هەبن.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "چەندین جار حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە. هێرشی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دروستبووە بە "مەترسییەكی زۆر گەورە" لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق باسدەکات، لەو پێناوەشدا داوای دروستکردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکات و ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەو پێناوەدا دەردەبڕێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە سێ پێشمەرگە شەهید و دووی دیکەش بریندار بوون.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP