دواین هەواڵ

کلتور‌

 29/04/2021

خوێندنەوە و وەستانێک لەسەر ستەمێکی ئۆسکاریی لە فیلمی: TOGO: The Untold True Story

 پەیوەند قەرەداغی

پێشەکی: ساڵی 1925 ‏پەتایەکی کوشندە بەناوی (وەناق یاخود دەردەکۆپان- دیفتێریاDiphtheria) شاری (Naom)ـی ویلایەتی_ئەلاسکا دەگرێتەوە.

بەهۆکاری گەردەلولە بەفرینەکان فڕۆکەکان ناتوانن دەرمانی دژ بگوازنەوە بۆ شارەکە، لەبەر ئەو هۆکارە ناچار پشت بە سەگەکان دەبەستن. کەتوارێک پێویستە ئاماژەی پێبدرێت: لەساڵی 1995 فیلمێکی ئەنیمەیشنی دەرکرا بەناوی (Balto): سەگێک بوو توانی 88کم ببڕێت لەپلەی (-48) لەپێناو گەیاندنی سیرۆمێک کەدواتر بووە هۆی ڕزگارکردنی 15هەزار مرۆڤ.

پاشان وەک ڕێزێک جەستەی لەیەکێک لە مۆزەخانەکان دەپارێزن. بەڵام لەمانگی (دیسەمبەری2019) فیلمێک هاتە بەرهەمهاتن هەموو ڕاستیەکانی وەکخۆی گەیاند! ئەویش بەپیشاندانی ڕۆڵی سەگێک بەناوی تۆگۆ؛ گوایە هەموو ئەو کارە پاڵەوانانەی کەکراون #باڵتۆ نەیکردووە! بەڵکو تۆگۆ بەئەنجامی گەیاندون بەبڕینی نزیکەی (300کم) و سیرەمەکە دەداتە باڵتۆ وئەویش بەرەو شارۆچکەکە دەڕوات بەبڕینی (88کم).

لەگەڵ گەیشتنی ئیتر ڕۆژنامەوانەکان (باڵتۆ) وەک پاڵەوانێک نیشاندەدەن بەبێ تێبینیکردن و گوێدانە ڕۆڵی مەزن و فرۆزەنەکراوی تۆگۆ. لێ دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بە بابەتەکە، ماف دەگەڕێننەوە بۆ تۆگۆ.

یەک بەدوایەکی ڕووداوەکان:

فیلمەکە بنیادێکی تۆکمەی هەیە لەپیشاندانی چەند دیمەنێک لەڕابردووی نێوان تۆگۆ و خاوەنەکەی بەناوی سیپالا(ویلیەم دافۆ)، بەوپێیەی پێش 12ساڵ پەیوەندی نێوان تۆگۆ و سیپالا لەئاستێکی زۆر خراپدا بووە، بەجۆرێک هیچ سودێکی وەهای لە تۆگۆ بەدی نەکردووە کە ناچاریکردووە بۆ چەندجارێک هەوڵ بدات لەناوی ببات! چ لەڕێگای حەپسکردنی یاخود بەخشینی بە کەسانی دیکە.. تەنها بۆ ئەوەی لەکۆڵی ببێتەوە.

بەڵام هەرگیز تۆگۆ ئامادە نەبووە لەخاوەنەکەی دوربکەوێتەوە هەروەک ئەوەی ویستبێتی سروشتی خۆی وەک سەگێک بۆ خاوەنەکەی بسەپێنێت. یاخود وەک ئەوەی قەدەر شتێکی دیکەی ویستبێ تاکو پیشانی خاوەنەکەی_تۆگۆی بدات لەکاتوساتی خۆی.

دیدگاو تێڕوانینێکی جیاواز:

بەپێچەوانەی سیپالا، دەرهێنەر(ئێریکسۆن کۆر) سەرکەوتووانە پەیوەندیەکی تۆکمەی پڕ سۆز و بەزەیی نێوان هاوژینەکەی_سیپالا بەناوی کۆنستانس(جولیان نیکۆلسن) لەگەڵ تۆگۆ دەخاتەڕوو، بەوپێیەی ئافرەتان هەمیشە خاوەن بەسۆزییەکی زۆرترن بەراورد بە سروشتی زگماکێتی پیاو کە زیاتر ڕەقتر دەردەکەون. ئەوەش ڕەنگدانەوەی ژیلواری ژیانی ئەو ژن و مێردە بەڕەگەز بەلژیکی و نەرویژیە بووە لەژیانی ئاسایی خۆیان. پێگەی کارەکتەرەکان: تاکە کارەکتەرو پاڵەوان تۆگۆ خۆیەتی.

کاتێک سەیری دیمەنەکان دەکەیت دەرهێنەر(ئێریکسۆن کۆر) دەتخاتە ناو جیهانێک پڕ لە گفتوگۆی نێوان ئاژەڵان و مرۆڤەکان! بێگومان بە زمان نا؛ بەڵکو لەڕێی هەستەوەرەکانی نێوان ئەو دوو بوونەوەرەوە.. جگە لەخستنەڕووی ئەو پەیوەندیە بەهێزەی لەدێر زەمانەوە لەنێوان سەگەکان و مرۆڤەکان هەبووە و هەیە.

هەموو ئەو لایەنانە لە ساتی بینینی دیمەنەکانی ناو فیلمەکە بینەر ئاشنای تایبەتمەندییەکانی تۆگۆ دەکات لەڕووی (سۆز- ئازایەتی- خێرایی- بوێری- بزێوی- خۆگری- سەرکردایەتی) بەجۆرێک وادەکەن تۆگۆ کارەکتەری یەکەم و کۆتای سەر بینگەی تی ڤی و سینەماکان دەربکەوێت کە ئەوەش زۆر ڕژدانە کارێکی گەورەیە دەرهێنەری ئەمریکی پێی هەڵساوە و شایەنی ئەوەیە خەڵاتێکی تایبەتی بۆ دروستبکرێت و پێشکەشی بکرێت.

لێڕوانینی فیلمەکە لە سوچێکی ترەوە:

گەر بێین وردانەتر تەماشای فیلمەکە بکەین، پەی دەبەین بە بوونی بەهایەک: "متمانەی مرۆڤـــ بەئاژەڵە هاوڕێکەی! دەستپێک سیپالا چەوسێنەرێکی دڵڕەق بوو بەرامبەر تۆگۆ، لێ دواتر دەبێتە خۆشەویسترین و بەنرخترین شتێک لەژیانی سیپالا؛ پاش ئەوەی بۆی دەردەکەوێت ئاژەڵێک، زمانێکی نیە دواندنی پێبکات کەچی بەوجۆرە لەخاوەنەکەی دەگات!

لە کاتێکدا مرۆڤەکان لەگەڵ ئەوەی خاوەن زمانێکن، بەڵام سەرەڕای ئاخافتنیان لەگەڵ یەکدی ئەو تێگەیشتنە نیە لەنێوانیان، کەوایە پاش ئەوەی سیپالا ئاستی بینین بەهۆی گەردەلولە بەفرینەکانەوە لای دەبێتە سفر.. ئیتر بەوپەڕی باوەڕبوونەوە خۆی دەداتە دەست تۆگۆی هاوڕێی، لەوساتە بەدواوە تۆگۆ وەک سەرکردە و پێشڕەویکەری گەشتەکە دەردەکەوێت بە پشتبەستن بە یادگەی خۆی وەک سەگێک ئەوکاتەی بەڕێگەکە لەو ڕۆژانەی کەش و هەوا ئاسایی بووە تێپەڕیوە.

داڕشتەی فیلمەکە:

دەرهێنەر گرنگی بە بچوکترین دیتەیڵەکانی ئەو سەردەمە لەناو فیلمەکەی داوە! چ لە وێنەگرتنی فیلمەکە بە زومی_کامێراکانی خۆی لە ئاسمانەوە هەر لەپیشاندانی کلووە بەفرە تیژڕۆ داباریوەکان و دارودرەختە چڕەکانی دارستانەکانی ئالاسکاو بەشە ئاوییە سەهۆڵیەکان و...هتد. بەشێوەیەکی گشتی دەرهێنانی دیمەنەکان هەروەک ئەوەیە تۆی بینەر بە ڕژدیی لەبیستەکانی سەدەی ڕابردوو بژێیت ئەویش بەتێکەڵکردنی ماڵ و خانووە کۆنەکانی ئەو سەردەمە لەقەدباڵی بەفرە چین لەسەر چینەکان، ئەمە جگە لەڕووناکیە کیرۆسینیەکانی ناو فیلمەکە.

ڕۆڵی بەرجەستەکراوی کارەکتەرەکان:

بەشێوەیەکی گشتی ویلیام دافۆ لەگەڵ جولیان نیکۆلسن زۆر جوان ڕۆڵەکەیان بەرجەستەکردووە بەتایبەت ساتی گریانی دافۆ بۆ تۆگۆ ئەوکاتەی لەمردن نزیک دەبێتەوە بەوپێیەی پێشتر زۆر دڵڕەق بوو لەگەڵی.

ئەم گواستنەوە و ئیزدیواجیەتە لەئاکتینی ئەکتەر خۆی بۆخۆی ئەوپەڕی کارامەییە. ئەوەی تایبەتە بە جولیان ڕۆڵە درامێکەی لەگەڵ جوڵەی جەستەو دەستی لەو ماوە کورتەی دەبینرێت لەناو فیلمەکە مایەی خۆشحاڵی و جێی دەستخۆشیە.

سحری تۆگۆ:

نهێنی فیلمەکە خستنەڕووی پەیوەندی نێوان تۆگۆ و سیپالا لەسەر بنەمای گوێڕایەڵی نیە بەتەنها لەلایەن سەگەکە بۆ خاوەنەکەی وەک ئەوەی لە ژیانی ئاسایی ئەو پەیوەندییە زیندەگییە دەبینین لەنێوان ئاژەڵەکان و مرۆڤەکان،

بەڵکو خۆی لەوەدا دەبینێتەوە سەگەکە بە ویستی خۆی ئەو ڕێگەیە هەڵدەبژێرێت بۆ سەلماندنی خودێتی بۆ خاوەنەکەی و درککردنی خاوەنەکەی بەو هەڵانەی کردوونی بەرامبەری.

لەکۆتایدا فیلمەکە ستەمێکی زۆری لێکراوە بەوەی هیچ خەڵاتێکی گەورەی جیهانی بوارەکانی سینەمای بەدەست نەهێناوە، بگرە پاڵێوراوی خەڵاتێک لەو خەڵاتانەش نەبووە، بەڵام بەدەر لەبابەتی خەڵاتەکان سەیری فیلمەکە بکە چێژبینیت بۆ فیلمەکە خۆی بۆخۆی بەخشینی خەڵاتێکە بەو فیلمە، خەڵاتێک لەبینەرەوە بۆ تۆگۆو کاستەکەی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP