دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 28/04/2021

ڕۆژی پادشایی ھۆڵەندا

ئا/ رۆزا حە‌مە‌ ساڵح

ڕۆژی 27 نیسانی ھەموو ساڵێك، یادی ڕۆژی پادشاییە لە وڵاتی ھۆڵندا، کە بۆنەیەکی نیشتیمانییە و تێیدا یەك ڕیزی نیشتیمانی ھۆڵندا دووپاتدەکەنەوە، ئەم ڕۆژە پەیوەستکراوە بە ساڵ یادی لە دایک بوونی پادشای ھۆڵندا شا (ڤیلێم ئەلکسندەر).

لە‌ ساڵانی پێشودا و لەم ڕۆژەدا لە تەواوی وڵاتی ھۆڵندا، ئاڵای نیشتیمانی لە تەواوی دامودەزگاکاندا، بەرزدەکرێتەوە، ھەموو خەڵکی ھۆڵندا بە جۆش وخورۆش و بەجلوبەرگی پرتەقاڵی ( کە ڕەنگێکی تایبەتە بە خێزانی پادشایی)، دێنە دەرەوەو ئاھەنگ و خۆشی دەگێڕن، خەڵکی دەتوانیت لەم ڕۆژدا لە بازاڕێکی ئازادا ئەو شتومەک و پێداویستیانەی کە چیتر خۆی پێویستی نییە و بە‌كاری ناھێنێت، لە ناو بازاڕدا بە نرخێکی ھەرزان و گونجاو بیانفرۆشێت.

لەم ڕۆژەدا زۆر جار لەناو ئەو خەڵکانەی کە شتومەک دەفرۆشن، کەسانی دیاری ناو کۆمەڵگا وەك دکتۆر، ھونەرمەند، مامۆستا، بەرپرسی حکومی..... ھتد دەبینرێن، خەڵکی دەتوانێت بە نرخێکی ھەرزان چەندھا شتومەکی ئەنتیکی دەست بکەوێت.

بەڵام ئە‌وە‌ دوو ساڵە‌ بە ھۆی فایرۆسی کۆڕۆنا ( کۆڤید-19)، خەڵکی ھۆڵندا لەو یادە نیشتیمانییە پڕ لە چێژە بێبە‌ش بوون.
ڕۆژی پادشایی ھۆڵندا چۆن ھاتە ئاراوە..

 

ئەم کلتورە لە 31 نیسانی 1885 و لە ساڵ یادی لە دایک بوونی شاژنی گەورە (فیلھلمینا) ھاتە ئاراوە، دواتر لە ساڵی 1949 لە دوای دەست نیشان کردنی شاژن (یولیانا ) وەك شاژنی وڵات، ڕۆژی 30 نيسان كرا به ڕۆژی پادشایی، لە 30 نیسانی 1980دەسڵاتی پادشایی لە شاژن (یولیانا) گوازریەوە بۆ کچە گەورەکەی شاژن (بیاتریکس)، ھەرچەندە شاژن (بیاتریکس) لە 31 یەنیوەری 1938 لە دایک بووە، بەڵام یادکردنەوەی ڕۆژی پادشایی ھەر لە 30 نیساندا کرایەوە.

ئەوە بوو شاژن (بیاتریکس) لە سەر عەرشی پادشایی مایەوە ھەتا 30 نیسانی 2013، لەو ڕۆژەدا ڕادەستی کورە گەورەکەی شا (فیلێم ئەلکسەندەر)ی کرد و یادەکە گوازرایەوە بۆ 27 نیسان کە ھاوڕۆژی لە دایك بونێتی .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP