دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

کۆمپانیای فایزەر: تا کۆتایی 2021 حەب بۆ چارەسەرکردنی کۆرۆنا بەردەست دەبێ

ئەلبێرت بۆرولا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی

هەرێم نیوز

کۆمپانیای فایزەر لە ئەمریکا و بەلجیکا سەرقاڵی تاقیکردنەوەی دەرمانی چارەسەری کۆرۆنایە، کە دوو جۆرە: یەکێکیان لەڕێگەی دەرزییەوەیە و ئەوەی دیکەیشیان وەکو حەب دەخورێت.


تاوەکو ئێستا ئاراستەی لێکۆڵینەوەکان زۆرتر تیشکیان لەسەر دروستکردنی ڤاکسین بووە بۆ رێگریکردن لە تووشبوون کۆرۆنا، بەڵام کۆمپانیای فایزەر دەیەوێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی پەتاکە بوون، ئەلبێرت بۆرولا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی دەڵێت، پێشبینی دەکەن دەرمانی پەتاکە کاریگەریی لەسەر چارەسەرکردنی هەموو جۆرەکانی ڤایرۆسەکە هەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای فایزەر لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سیی ئەمریکی دەڵێت، تاوەکو کۆتایی 2021 حەبێک بەردەست دەبێت کە کەسی تووشبوو بە کۆرۆنا دەتوانێت خۆی لە ماڵەوە بیخوات و نەخۆشییەکەی چارەسەر ببێت.

بەپێی قسەکانی بۆرولا کۆمپانیای فایزەر زیاتر گرنگی بە دروستکردنی حەبی چارەسەرکردنی کۆرۆنا دەدەن وەک لە دەرزی چارەسەر. لەبەر ئەوەی ئەوان پێیانوایە کە ئەگەر بتوانن حەبێک دروستبکەن، چیدیکە پێویست ناکات خەڵک بۆ چارەسەری کۆرۆنا بچنە نەخۆشخانەکان و ئەو گوشارەی لەسەر نەخۆشخانەکانە کەمدەبێتەوە.

210 لێکۆڵەری کۆمپانیای فایزەر لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردووەوە سەرقاڵی دروستکردنی ئەو حەبەن کە ئەو کات تەنیا حەوت میلیگرامی لێدروستکرابوو و دواتر لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بڕەکەیان گەیاندە نزیکەی یەک کیلۆگرام.

فایزەر یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کە لە بەرهەمهێنانی ڤاکسین سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێنا، کۆمپانیای فایزەر و هاوبەشە ئەڵمانییەکەی بایۆنتێک، لە کۆتاییەکانی 2020 ئەنجامی دوا تاقیکردنەوەکانی خۆیان لە کاریگەریی پێکوتەکە راگەیاند و وتیان بە رێژەی 95٪ بەبێ هیچ مەترسییەک لەسەر سەلامەتیی کەسەکان، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

هەروەها لە 11-04-2021 یەکەم کاروانی پێکوتەی فایزەری دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، کە بریتی بوو لە 49 هەزار جورعە پێکوتە، بەشێک لەو ڤاکسینەی گەیشتە عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی تێدا بوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP