دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

سه‌رۆكی هه‌رێم كێشه‌كانی كورد به‌ نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات

  1. هه‌رێم نیوز
    دوای‌ نزیکەی‌ سێ چارەکە سەدەیەک لە خەباتی رزگاریخوازی كورد له‌ باشوری كوردستان و رمانی‌ رژێمی به‌عس و نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستورێكی نوێ، زۆرێك له‌ كێشه‌كانی‌ هه‌ولێر و به‌غدا له‌ شوێنی خۆیاندا ماونه‌ته‌وه‌.

    كورد، كێشه‌ی‌ ئیداری‌ و جوگرافی هه‌یه‌ وه‌ك پێكهاته‌كه‌یه‌ك له‌ عێراق، له‌و پێناوه‌دا به‌ درێژایی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك، له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی‌ حكومه‌ته‌كانی ناوه‌ند، ئه‌زمونی شه‌ڕو دانوستانی هه‌بوه‌، كۆتا ئومێدی‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌، داننان بو به‌وه‌ی‌ كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌ك ده‌بێت كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یی و كلتوری و جوگرافیه‌كانی چاره‌سه‌ر بكرێت له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستوری نوێی عێراقدا  له‌ ساڵی 2005 و ئه‌وه‌ش له‌ چه‌ند ماده‌یه‌كدا جێكرایه‌وه‌.

    به‌ڵام له‌و رێكه‌وته‌وه‌ تا ئێستا، زۆرێك له‌ كێشه‌كان هه‌روه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌و دۆخی شێواوی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت و كاریگه‌ری‌ وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی ئه‌و حكومه‌ته‌ لاوازانه‌ی‌ دێن و ده‌ڕۆن، بونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ هیچ هه‌نگاوێكی جدی نه‌نرێت به‌ ئاراسته‌ی‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ كه‌ڵه‌بوه‌كاندا تا ئه‌وه‌ی‌ ده‌سته‌واژه‌ی‌ "كێشه‌ی‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا"، له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسیدا جێگیربو.

    هه‌وڵی به‌ نێوده‌وڵه‌تیكردنی كێشه‌كان

    ماوه‌یه‌كه‌ بابه‌تی چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كانی كورد له‌ چواچێوه‌ی‌ عێراقدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌، پلانی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ داموده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كاری بۆ بكرێت و وه‌ك زۆربه‌ی‌ كێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌ستوه‌ردان بكات و به‌شێك بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

    هه‌وڵه‌كانی هه‌رێم بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌نها قسه‌ نییه‌و به‌پلانێكی تۆكمه‌ كاری بۆ ده‌كات، سه‌ره‌داوه‌كه‌شی له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ پاریس، له‌ 30 ئاداری ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ركه‌وت.

    له‌و سه‌ردانه‌دا كه‌ له‌سه‌ر داوای ئیمانۆیل ماكرۆنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ئه‌نجامدرا، كۆمه‌ڵێك ره‌هه‌ندی سیاسی و ستراتیژی گه‌وره‌ی‌ له‌ خۆگرت بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ورده‌كارییه‌كانی هه‌رچیه‌ك بوبێت، پوخته‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌بو كێشه‌ی‌ كورد به‌ رۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و به‌ چاودێری نێوده‌وڵه‌تی، چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تییان بۆ بدۆزرێته‌وه‌و له‌ یه‌ك كاتدا كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانی هه‌رێم بكات و دواتریش هه‌رێم ببێته‌ ستراتیژی رێكخستنه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی شێواوی عێراق.

    لە 11-4-2021 بۆ گەیاندنی ناوه‌رۆكی دیداره‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ماكرۆن، نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌ردانی به‌غدای كرد، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌رپرسانی‌ حكومی و حیزبی پێكهاته‌ مه‌زهه‌بییه‌كان له‌ به‌غدا كۆبوه‌وه‌، له‌ دوا رۆژی‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا به‌ رۆژنامه‌نوسانی وت: "کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا تەنیا پەیوەندی بە بودجەوە نییە، پەیوەندی بە بابەتی مادەی 140ـەوە هەیە، پەیوەندی بە کەرکوک و شنگال و شوێنەکانی دیکەوە هەیە، ئەوەی کە گرنگە ئێمە دەبێت پێکەوە چارەسەر دابنێین بۆ هەمو ئەو کێشانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن."

    به‌ هه‌فته‌یه‌ك دوای‌ ئه‌و سه‌ردانه‌، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نامەیەکی فەرمی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و 15 وڵاتی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نارد.

    له‌ نامه‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم داوای زیاترکردنی رۆڵی نێودەوڵەتی كرد لە جێبەجێکردنی مادەی 140 و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا.

    به‌ دیاریكراویش چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی‌ كه‌ركوك و ناوچە دابڕێندراوەکان لە داواکارییه‌ یەکەمه‌كانی نامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بو.

    به‌ دور نازانرێت له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ فه‌ره‌نساو به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و خودی مسته‌فا كازمی، كه‌ ئێستا له‌ لوتكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی عێراقدایه‌، ئه‌و نامه‌یه‌ ئاراسته‌ نه‌كرابێت، چونكه‌ له‌ یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانی‌ ئه‌و نامه‌یه‌، داواكراوه‌ نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق دەسەڵاتی زیاتری پێبدرێت و رۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیری نێوان حکومەتی هه‌ولێرو به‌غدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی کێشەی دابەشکردنی سامانە سروشتییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی 140.
    به‌ دور نازانرێت له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ فه‌ره‌نساو به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و خودی مسته‌فا كازمی، ئه‌و نامه‌یه‌ ئاراسته‌ نه‌كرابێت
    پشتیوانی له‌ رۆڵی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌ نامه‌كه‌یدا سه‌رۆكی هه‌رێم، بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌ هه‌ر ناوه‌ندگیرییه‌كی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، پشتیوانی خۆی بۆ داواكارییه‌كی حكومه‌تی به‌غدا ده‌ربڕیوه‌، كه‌ پێشتر به‌ مه‌به‌ستی چاودێری پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌ مانگی تشرینی داهاتو، ئاراسته‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی كردوه‌، هاوكات داواشیكردوه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش پشتیوانی چاودێری رێكه‌وتنی بودجه‌ی‌ 2021 بكات، كه‌ دوای‌ گه‌ڕێكی زۆر له‌ دانوستان، هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌رك و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌ردولا رێكه‌وتن.

    له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌م دو داواكارییه‌وه‌، سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌یه‌وێت شه‌رعیه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ بابه‌ته‌ ناوخۆییه‌كانی عێراقدا بێته‌ ئارا، به‌مه‌به‌ستی رێخۆشكه‌ری‌ بۆ ده‌ستوه‌ردانی‌ له‌ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه‌ ماده‌ی‌ 140 و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

    وه‌ڵامی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان چی ده‌بێت؟

    به‌پێی زانیارییه‌كان، سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان نامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی پێگەیشتوە و چاوەڕێی رەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ده‌كات تا لەسەر بەشێک لە داواکارییەکانی ناو نامەکە گفتوگۆبکەن.
     
    ئەگەر ئەو داواکارییانەی نێچیرڤان بارزانی جێبەجێبکرێن و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەفەرمی پشتگیری لە رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بکات، بودجە و دابەشکردنی سامانە سروشتییەکان، بێگومان پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە نێودەوڵەتی دەبێت و نەتەوەیەکگرتوەکان دەکرێت ئەو رۆڵەی هەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری درێژخایەن بۆ کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
     
    ستیڤان دوژاریک، وه‌ته‌بێژی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان دەڵێت: نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق توانای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی هەیە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی بەشێکیان رەزامەندی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێویستە.

    ئه‌وه‌شی وتوه‌، كه‌ نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ له‌ عێراق: "دەسەڵات و توانایەکی سیاسی زۆری هەیە بۆ دابینکردنی ئامۆژگاری و پشتگیری و یارمەتی بۆ حکومەت و خەڵکی عێراق بۆ پێشخستی دیالۆگێکی سیاسیی فرەلایەن و بۆ ئاشتەوایی نیشتیمانی و ناوخۆیی".
     
    ژەنەراڵ دەیڤد پەترایۆس، بەڕێوبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، گەشبینە بەو رۆڵەی نەتەوەیەکگرتوەکان کە نێچیرڤان بارزانی داوای دەکات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ده‌ڵێت:"جێنین پلاسخارت، نێردەی ئێستای نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق کەسێکی نایابە. ئینجا من ئەم قسەیە دەکەم وەکو کەسێکی بە رەچەڵەک هۆڵەندی، چونکە ئەویش هۆڵەندییە. من دەیڵێمەوە، نەتەوەیەکگرتوەکان دەکرێت چارەسەربێت ئەگەر دیپلۆماتکارێکی بێلایەنی کاریگەری نەتەوەیەکگرتوەکان و تیمێکی هاوشێوەی هەبێت بۆ دەستپێکردنی ئەو جۆرە گفتوگۆیە".
    نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق توانای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی هەیە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی بەشێکیان رەزامەندی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێویستە
    كازمی، وه‌ك هه‌لێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ 9-ی‌ نیسانی 2020وه‌ كه‌ راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی‌ نوێی حكومه‌ت، مسته‌فا كازمی ستراتیژی سفركردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان به‌ تایبه‌ت كێشه‌كانی‌ هه‌ولێر و به‌غدا گرتوه‌ته‌به‌رو به‌پێی ئه‌و تواناو ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌تی، هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی زۆر كێشه‌ی‌ داوه‌، له‌ دیارترینیشیان دانانی ده‌سته‌واژه‌یه‌كی یاسایی و ئاسان بو سه‌باره‌ت به‌ ئه‌رك و مافه‌ داراییه‌كانی هه‌رێم له‌ پرۆژه‌ بودجه‌ی‌ 2021، كه‌ دواتر له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسییه‌ نه‌یاره‌كانییه‌وه‌ كێشه‌ی‌ بۆ دروستكرا.

    هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كورد "په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی باشه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئاره‌زوی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌یه‌".
  2. دەیڤد پەترایۆس-یش  دەڵێت: "سەرۆکوەزیران کازمی کەسێکی بەڕاستی نایابە، ئەو کەسێکە کە توانی بگاتە پۆستی سەرۆکوەزیران بەبێ ئەوەی بەڕاستی سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسیی سەرەکی بێت لە عێراق. بونی ئەو جۆرە تیمە لە بەغدا دەکرێت ببێتە هۆی ئەنجامدانی دیالۆگێک کە ژمارەیەک لەو کێشانەی پێ چارەسەربکرێت لەمێژە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان ژەهراوی کردوه‌."

    كورد وه‌ك كاره‌كته‌رێكی گونجاو له‌ كازمی ده‌ڕوانێت، به‌ڵام به‌هۆی بونی ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ ئه‌جێندای‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵاتیان هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و كونج و كه‌له‌به‌ره‌كانی پرۆسه‌ی‌ سیاسی عێراقیان ته‌نیوه‌، كازمی له‌رێی حكومه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ توانای ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان رابگات، ئه‌و ماوه‌شی‌ له‌ به‌رده‌میدایه‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت تا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئاسته‌نگێكی تره‌ له‌ به‌رده‌میدا به‌وپێیه‌ی‌ هیچ گره‌نتییه‌ك نییه‌ نه‌خشه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی چی لێدێت و پێگه‌ی‌ خودی مسته‌فا كازمی-ش دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌كوێ ده‌گات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP