دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 27/04/2021

دەربارەی ڤایكینگەكان

هێژا دڵشاد

ڤایكینگەكان خەڵكانێك بوون لە سكاندیناڤیا ژیاون لەنێوان ساڵانی ٧٩٣ تاكوو ساڵی ١٠٦٦ زاینی، لە لوتكەی هێزدا بوون. ئەمانە بەردەوام لە خۆئامادەكردن بوون بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانیتری ئەوروپا. پیاوی ڤایكینگەكان مرۆڤی سپی پێست و ریشداربوون، باڵا بەرز و ماسولكە بەهێز و بە توانا بون، شەڕكەر و جەنگاوەری بەهێزبوون بە جۆرێك لە مەیدانی شەڕەكاندا، هێزی بەرامبەریان ترساندووە بەو كەرەستانەی شەڕیان پێكردووە لە تەور و شمشێر و كەرەستەكانی تایبەت بە خۆیان.

هەروەها زمان و ئاینی خۆیان هەبووە، لە دژی مەسیحییەت جەنگاون. ڤایكینگەكان پێش ١٢٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا چۆن لە سكاندیناڤیا (وڵاتانی ئەوروپای باكوور) لە كیشوەرە ساردەكاندا ژیاون، لەڕێگەی دەریا و دروسكردنی كەشتییەوە پەلیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا هاویشتووە.

لە بواری كەشتیگەلییدا زۆر بەتوانا بوون، زۆرێك لە گەشتەكانیان بۆ ناوچە دوورەكان بە كەشتی سەفەریان كردووەو خاكی ئەوروپایان كەشف كردووە. دواتریش بۆ پاراستین و مانەوەی خاك و دەسەڵاتی پاشایی خۆیان زۆر جەنگاون. درامای ڤایكینگەكان (Vikings) زۆر عادەت و تەقالیدی ڤایكینگەكانمان نیشاندەدات.

جگە لەوەی ئەمانباتەوە بۆ سەردەمێكی ئێجگار جیاواز لە ئەمڕۆ، ژیان لە رابردوو و جیهانێكی تەواو شاراوە و مێژووی بەشێك لە شارستانی و مرۆڤایەتی-مان نیشاندەدات. لەم درامایەدا لۆكەیشنی زۆر سەرنجڕاكێش بەكارهاتووە لە وڵاتی ئێرلەندە و كەنەدە. ڤایكینگەكان زنجیرەیەكی ئێرلەندی-كەنەدی مێژوویی و درامایە، لەدروست كردن و نووسینی مایكڵ هیرستە كاری وێنەگرتنەكەی لە ئێرلەندە و كەنەدە كراوە و یەكەم ئەڵقەی لە ٣ی مارسی ٢٠١٣ پەخش كراوە.

زنجیرەكە لەنواندنی ئەكتەران ترەیڤس فیمێل لەڕۆلی ڕاگنار لۆپبرۆك و كاترین وینیك لە ڕۆڵی لاگێرسا، كلایڤ ستاندن، لە ڕۆڵی ڕۆلۆ و گوستاف، سگاسارد لە ڕۆڵی فلۆكی و جیرۆج بلاگن لە ڕۆڵی ئاپلستانە. زنجیرەكە باسی پاشای دانیماڕكی ڕاگناری لۆسبرۆك دەكات، كە بەیەكێك لە ناسراوترین ئەفسانەكانی ڤایكینگەكان بووە و ئەوە نیشاندەدات كە چۆن هەوڵی داگیركردنی وڵاتە ئەوروپییەكانی وەك فەڕەنسا و ئینگلتەرە دەدات.

لە دراماكەدا راگنار وەك جوتیارێك نیشاندەدات كە دواتر دەبێتە پادشا و ھێرشدەكاتە سەر ئینگڵتەڕا و دەبێتە پادشای دانیماڕك، بەپشتگیری جەنگاوەرەكانی تری وەك: ڕۆلۆی برای، كوڕەكەی بیۆن ئایرۆنسیاند و هاوسەرەكانی لاگێرسا و شازادە ئاسلاوگ. لە ساڵی ٢٠١٥، زنجیرەكە نوێكرایەوە بۆ وەرزی چوارەم و پێكدێت لە ٢٠ ئەڵقە، ئەمش پێچەوانەی سێ وەرزی ڕابردووی زنجیرەكە بوو كە ھیچیان لە ١٠ ئەڵقە زیاتر نەبوون،

یەكەم ئەڵقەی وەرزی چوارەمیش لە ١٨ی فێبرایەری ٢٠١٦ پەخش كرا، وە دواتر لە ١٧ی مارسی ٢٠١٦ كەناڵی History بڕیاری دا بە نوێكردنەوەی زنجیرەكە بۆ وەرزی پێنجەم كە لە ٢٠ ئەڵقە پێكھاتووە و لە ٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧ یەكەم ئەڵقەی پەخش كرا لە ئێستادا زنجیرەكە ھەموو بەشەكانی كۆتایی هاتووە كە پێكهاتبوو لە شەش وەرز مانگی ١٢ لە ساڵی ٢٠٢٠ كۆتا ئەڵقەكانی پەخشكرا.

ئەم درامایە شەش وەرزە. تا ئەم ساتە باشترین درامایە كە بینیبێتم لەهەر ئەلقەیەكی زۆر چێژم لێبینیی. بێگومان بەرهەمهێنانی درامایەك بەمشێوەیە بگەڕێیتەوە بۆ كەرەستە و مێژووی 1200 ساڵ پێش ئێستا، ئەوا ھیچ كارێكی ئاسان نییە، بە واتایەكیتر وەك درامایەك نییە لەناوجەرگەی شارێك لە ژیانێكی سەردەمیانە بەرهەمبهێنرێت. ئەو كارەی ڤایكینگەكان زۆر جیاوازتر و قورسترە لە رووی بەرهەهێنان و لۆكەیشن و چیرۆك و پۆشاك و كەرەستەكانی جەنگەوە. لەم درامایەدا، دەرهێنەر لەبری كارەكتەرێكی سەرەكی، چەند كارەكتەرێكی دروسكردووە كە هەریەكەیان لە وەخت و شوێنی جیاواز چیرۆكی خۆی نیشاندەدات وەك رۆڵی سەرەكی و كارەكتەری بەهێزی دراماكە دەردەكەوێت.

ڤایكینگەكان جوتیاری بەتوانا بوون و شارەزایی باشیان لە چاندن و بواری كشتوكاڵیدا هەبووە، بۆیە یەك لەو ئامانجەكانی هێرش بردن بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتیش ئینگلتەرە، بەپیتی زەویەكەی و كەش و هەواكەی گونجاو بووە بۆ كشتوكاڵ كردن، لەبەرئەوەی خۆیان لە ناوچەیەكی شاخاوی و كەشێكی زۆر سارددا ژیانیان كردووە كە ناوی كەتیگات بووە. ئەم ناوچەیە دورگەیەكە دەكەوێتە نێوان وڵاتی سوید و دانیماركەوە. لەمڕۆدا چەندین مۆزەخانەی گەورە و تایبەت بە ڤایكینگەكان لەوڵاتانی ئەوروپا هەیە.

لەو وڵاتانەش دانیمارك، نەرویج، سوید، بەڕیتانیا، سكۆتلەند، ئێرلەندە و فەڕەنسا. گەورەترینیان مۆزەخانەی نەرویج و دانیماركە كە زۆرترین كەلوپەلی ڤایكینگەكانی تیایە بەتایبەت ئەوەی دانیمارك ژمارەیەكی زۆر لە كەشتییەكانی ڤایكینگی تیا پارێزراوە كە لەسەردەمی خۆیان گەشتیان پێكردووە. ئاشنابونی ئێمە بۆ ئەو مێژووە لەڕێگەی درامای ڤایكینگەكان لەساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٢٠ شەش وەرزی بەرهەمهاتووە خاوەنی ٣١ خەڵاتە دەرھێنەری دراماكە لە چاوپێكەوتنێكیدا دەڵێت ساڵانێكی زۆر سەرقاڵی كۆكردنەوەی مێژوو و زانیاری ڤایكینگەكان بووم و سیناریۆی دراماكەم نوسییەوە و بەردەوام زیاتر لە ٧٠٠ كەس لەكاتی وێنەگرتنی دراماكە بەشداربوون.

جەنگاوەرە ڤایكینگەكان بەتەنها پیاوەكان نەبوون، بگرە ژنان رۆڵێكی سەرەكیان هەبووە لە شەڕەكان و هاوشانی پیاوەكان بە تەور و شمشێر جەنگاون، ئەمەش لەو سەردەمەدا نمونەی كەم بووە لەناو جەنگاوەرەكانی وڵاتانیتری ئەوروپا. ژنە ڤایكینگەكان لە چەقى ململانێی دەسەڵاتی پاشاكان و لە رووداو جەنگەكاندا وەك جەنگاوەرێك حزوريان هەبووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP