دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 27/04/2021

بۆ ئەوانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە یان دەیانەوێت وەریبگرن

دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو-لەندەن

تا ئێستا بڕێکی کەم لە ڤاکسینەکانی دژ بە پەتای کۆرۆنا گەیشتووەتە کوردستان، بەڵام لە چەند ھەفتەو مانگی داھاتوو بڕێکی زیاتر دەگاتە عێراق و کوردستان. خەڵکانێکی زۆر پرسیار دەکەن دەربارەی ڤاکسینەکان. لەم پۆستەدا هەوڵ دەدەم وەڵامی بەشێک لەو پرسیارانە بدەمەوە:

1-پێش وەرگرتن و دوای وەرگرتنی ڤاکسین پێویست بە ھیچ پشکنینێک ناکات، خەڵکانێک ھەن پشکنینی دژەتەن دەکەن، لە ڕاستیدا ئەمە جگە لە بەھەدەردانی پارە، ھیچ شتێک لە دۆخی کەسەکە ناگۆڕێت، چونکە دەزانین ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسین وەردەگرن بەرگری پەیدادەکەن

2-دوای وەرگرتنی ڤاکسین بۆی ھەیە کەسەکە تووشی ھەندێک کێشەی لاوەکی ببێتەوە وەک تاو لەرزو سەرئێشەو ئازاری ماسولکەکان و ئازارو ئاوسانی شوێنی دەرزییەکە و لەش داھێزران. ئەم نیشانانە شتێکی کاتییەو لە ڤاکسینەکانی تریش بۆ نموونە ڤاکسینی ئەنفلوێنزا دەبینرێت. لە زۆربەی کاتەکان لە دوو ڕۆژ زیاتر ناخایەنێت و بەھیچ شێوەیەک پێویست بە ترس ناکات. تێبینی کراوە ئەو کێشە لاوەکییانە لە ڤاکسینی ئەسترازێنێکا و کەسانی گەنج زیاتر دەبینرێت بە بەراورد لەگەڵ ڤاکسینەکانی تر. مەرج نیە ھەموو کەسێک ئەو نیشانەیان لێدەرکەوێت.

لە ڕاستیدا بەشێکی زۆری خەڵک ھەست بەھیچ نیشانەیەک ناکەن، دیارە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ڤاکسینەکە کاریگەر نەبووە، چونكە ڤاکسینەکە بەرگری بۆ ھەموو کەسێک درووست دەکات. ئەگەر ھاتوو کەسەکە نارەحەت بوو دەتوانێت حەبی پاراسیتامۆل بەکاربھێنێت. ئەگەر نیشانەکان لە چوار ڕۆژ زیاتری خایاند و لە کاتی ئێستادا کە ڤایرۆسەکە زۆر بڵاوبووەتەوە لە کۆمەڵگا، بۆی ھەیە کەسەکە تووشی کۆرۆنا بووبێت و لەو کاتانەدا باشتر وایە دکتۆر ببینێت بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە کە تووشی کۆرۆنا نەبووە. دەبێت ھەموومان بزانین کە ڤاکسینەکان بەھیچ شێوەیەک خەڵکی تووشی کۆرۆنا ناکەن، بەڵکو ڤایرۆسەکە لە ئەنجامی بەرکەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو بە پەتاکە دەگوازرێتەوە.

3-دوای وەرگرتنی ڤاکسین بە سێ ھەفتە لەشی مرۆڤ دژەتەن درووست دەکات و بە تێپەربوونی کات بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەکە زیاد دەبێت. بۆیە ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەکە ھەر دەمێنێت بە تایبەت لە دوو ھەفتەی یەکەمی دوای ڤاکسین وەرگرتن. زۆربەی ڕێژەی بەرگری لە دوای ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکە درووست دەبێت، بۆیە زۆر ئاساییە کە ژەمێ دووەمی ڤاکسینەکە دوای سێ مانگ بە کەسەکە بدرێت وەک ئەوەی لە بەریتانیا پەیرەو دەکرێت، تەنانەت بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان وانیشان دەدەن کە بۆی ھەیە زیاتر سوودی ھەبێت، بەڵام دەکرێت چوار ھەفتە یان ھەر کاتێکی تر چوار ھەفتە لە دوای ژەمی یەکەم، ژەمی دووەمی ڤاکسینەکە بدرێت و ھیچ زیانێکی نیە.

4-ھەموو ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە دەتوانن ڤاکسینەکان وەرگرن، لە ڕاستیدا ئەو کەسانە دەبێت لە ڕیزی پێشەوەی ڤاکسین وەرگرتن بن، چونکە دەزانین لە ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنا ئەو کەسانە بە ڕێژەیەکی زیاتر بە تووندی پەتاکە دەگرن بە بەراوردکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی نەخۆشییان نییە. نەخۆشەکان پێویست ناکات بەھیچ شێوەیەک دەرمانەکانیان ڕاگرن.

5- ئەوە بەتەواوی یەکلابووەتەوە، کە ئەو کەسانەی پێشتر تووشی کۆرۆنا بوونە دەبێت ڤاکسین وەربگرن، ھەرچەندە ئەگەری دووبارە تووشبوون لە شەش مانگی یەکەمی دوای پەتاکە زۆر کەمە، بەڵام نازانرێت بۆ ماوەی چەند بەرگری لەش بەرامبەر ڤایرۆسەکە دەمێنێت. زۆر ئاساییە کەسی تووشبوو بۆ ماوەی شەش مانگ چاوەری بکات بۆ ئەوەی دەرفەتی وەرگرتنی ڤاکسین بداتە بەکەسێکی تر، کە پێشتر تووش نەبووە، ئەگینا زۆر دەکرێت ڤاکسینەکە دوای سێ مانگ لە تووشبوون بە پەتاکە بدرێت. بەھیچ شێوەیەک پێویست بە پشکنینی دژەتەن ناکات پێش ڤاکسین وەرگرتن.

6-کێشەی خوێن مەیین بە ھۆی ڤاکسینەکان بووەتە باسی ھەموو جیھان. تێبینیم کردووە بەشێکی ئەو کەسانەی لەكوردستان ڤاکسینیان وەرگرتووە تووشی دڵەراوکێیەکی زۆر بوونە. دووبارەی دەکەمەوە ئەو دیاردەیە زۆر دەگمەنە، لە ئەگەری ڕوودان تێبینی کراوە خوێن مەیین لە دوای ڕۆژی چوارەم دەبێت و دوای چوار ھەفتە لە ڤاکسین وەرگرتن ئەو مەترسییە نامینێت. لە ئەگەری ڕوودانی خوێن مەیین نەخۆش ناڕەحەت دەبێت و کۆمەڵێک نیشانە لە کەسەکە دەردەکەوێت کە دەوەستێتە ئەو بەشەی لەش کە خوێیین مەیینەکە تیا ڕوویداوە، لەو کاتانەدا پێویستە نەخۆشەکە سەردانی دکتۆر بکات. خەڵکانێک ھەن پشکنینی خوێن دەکەن بە تایبەت دی دایمەر بێ ئەوەی ھیچ نیشانەیەکیان ھەبێت،

بەرای من دەبێت ئەو پشکنینانە تەنھا لەژێر چاودێری پزیشک بکرێت، لەھەمان کات دەزانین گەلێک ھۆکاری تر ھەن جگە لەخوێن مەیین کە دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی دی دایمەر. تێبینیم کردووە کە ھەندێک کەس دوای ڤاکسین وەرگرتن دەرمانی دژە خوێن مەیین بەکاردەھێنن، کە لەراستیدا شتێکی ھەڵەیەو بۆی ھەیە ئەو دەرمانانە ببێتە ھۆی خوێن بەربوون. لە بەریتانیاو وڵاتانی تر لە جیھان ھیچ دەرمانێک بەو کەسانە نادرێت، كە ڤاکسین وەردەگرن.

7-لەکاتێک دڵنیاین لە كاریگەری ڤاکسینەکان بەڵام دەبێت خەڵك بزانێت، کە تەنانەت دوای ژەمی دووەمی ڤاکسینەکەش کەسەکە بۆی ھەیە تووشی پەتاکە ببێت، ھەرچەندە ئەمە بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر کەمە، بۆیە ئێمەی دکتۆر ئامۆژگاری خەڵک دەکەین کە بەردەوام بن لە ڕێکارەکانی خۆپاراستن. ئەوەی بە تەواوی دەرکەوتوە دوای ڤاکسین وەرگرتن تووشبوون بە پەتاکە بە تووندی و ھەوکردنی سیەکان یەکجار کەم دەبێتەوە. بە کورتی ئەوانین بلێین ھەر کەسێک کە ڤاکسین وەردەگرێت لە ئەگەری تووشبونیش پێویستی بە چارەسەری نەخۆشخانە نابێت، مردن بە ھۆی کۆرۆنا دوای ھەردوو ژەمی ڤاکسین دەبێتە دیاردەیەکی دەگمەن.

8-.لە ھەندێک لاپەڕەکانی سۆشیال میدیا دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكرێتەوە ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتوە دەبنە ھۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتاکەو دەبێت ئەو کەسانە کارەنتینە بکرێن. دیارە ئەو ھەواڵە لەوە سەرچاوەی گرتوە کە ئەو کەسەی ڤاکسینی وەرگرتوە بۆی ھەیە ھەست بە نیشانەکانی پەتاکە نەکات لە کاتی تووشبون و ڤایرۆسەکەو بگوازێتەوە بۆ خەڵکانی تر، دیارە ھەر کەسێک کە ڤاکسین وەردەگرێت دەبێت بەردەوام بێت لە خۆپاراستن، بەڵام لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەکان لە بەریتانیا دەریانخست کە ڤاکسین وەرگرتن دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە نەک زیادکردنی، چونکە لەو کەسانەدا تێبینی کراوە کە بڕێکی کەمتر لە ڤایرۆس دەبینرێت لە ئەگەری تووشبونیان بە ڤایرۆسەکە بە بەراوردکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتوە.

9- ڤاکسینەکان نادرێن بە منداڵان و ئافرەتی دووگیان، بەڵام لە ئێستادا بەشێک لە ڤاکسینەکان لێکۆلینەوە لەسەر ئەم دوو گرووپە دەکەن و ئەنجامە بەراییەکان وا نیشان دەدەن کە سەلامەتەو کاریگەرە، لەچەند ھەفتەی داھاتوو ئەنجامی ئەو لێکۆلینەوانە بە تەواوی بڵاودەکرێتەوە، تاکوو ئەو کاتە دەبێت چاوەروان بین. ئافرەتی شیردەر دەتوانێت بەردەوام بێت لەشیردان بە کۆرپەکەی لەئەگەری وەرگرتنی ڤاکسین.

10-خەڵکێکی زۆر لە کوردستان باسی ئەوە دەکەن کە هەستەوەرییان (حەساسیە) هەیەو دوو دڵن لەوەرگرتنی ڤاکسینەکان. دیارە کاتێك باسی ھەستیاری دەکرێت دەبێت بزانین چ جۆرێکە لە هەستیاری، بەشی ھەرەزۆری ئەوانەی ھەستیاری پێست، یاخود ھەستیاری قورگ و لووتیان هەیە دەتوانن ڤاکسینەکان وەرگرن. جۆرێکی ھەستیاری ھەیە کە دوای بەکارھێنانی ھەندێک خواردن یان دەرمان بەکارھێنان ڕوودەدات و دەبێتە ھۆی ئەوەی کە دۆخی کەسەکە زۆر تێک بچێت، دەبێتە ھۆی ئاوسانی لێو و بۆری ھەواو و کەسەکە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت و پێویستی بە چارەسەری خێرا دەبێت لە نەخۆشخانە ئەگینا ژیانی دەکەوێتە مەترسی، ئەو کەسانە دەبێت ئاگادار بن و لە ئەگەری ڤاکسین وەرگرتن دەبێت تیمی ڤاکسین ئاگاداری ئەو خاڵە بن و کۆمەڵێک دەرمانی پێویست دەبێت بەردەست بێت.

بەڵام دووبارەی دەکەمەوە ئەو حاڵەتە زۆر دەگمەنەو زۆربەی ھەرەزۆری ئەو کەسانەی لە کوردستان دەڵێن حەساسیەمان ھەیە لەو جۆرە نین. ھەر کەسێک ئەگەر حەساسیەی بە ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکان دروستکرد، نابێت ژەمی دووەم وەرگرێت.

کوردستانییانی خۆشەویست، ھیوادارم ئەو نووسینەم لەگەڵ کەسوکاری خۆتان باس بکەن و لایەنی کەم ھاندەری ئەو کەسانەبن کە بە تەمەنن، یان ھەڵگری نەخۆشین، بە تایبەت نەخۆشی شەکرەو بەرزەفشاری خوێن و نەخۆشیی شێرپەنجە، یان قەڵەون لە نزیکترین دەرفەت ڤاکسین وەرگرن. باوک و دایکتان ناونووس بکەن و ھانیان بدەن لە وەرگرتنی ڤاکسینەکان.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP