دواین هەواڵ

کلتور‌

 26/04/2021

یەکەمین هەستێک..حەپەسام

هێمن مەحمود

دۆستۆڤسکی لەرۆمانی (گەمژە) ئاماژە بەهەستێک دەکات کاتێک مرۆڤ بۆ یەکەمجار شتێکی سەرسوڕهێنەر یاخود جیاواز دەبینێت هەستی پێدەکات و لەقوڵایی ناخیدا دونیای دەگۆڕێت. میرزادە لەوەڵامی ژنەکەی جەنەڕاڵدا کاتێک پرسیاری ئەوەی لێدەکات لەڕوسیاوە گەیشتۆتە سویسرا هەستی چۆنبووە دەڵێت هەوەڵین هەستێکم ئەوەبوو حەپەسام!. حەپەسان هەستێکە تەفسیرناکرێت، ناتوانێت دەرببڕێت، لەخەیاڵدا کۆناکرێتەوەو ناخرێتە چوارچێوەیەکەوە تاوەکو وەکو خۆی بگات.

مرۆڤ هەستی هەوەڵین جاری بۆ شتەکان هەمیشە هەستێکی جیاوازه، تێدەگات لێی، بەڵام ناتوانرێت دەریبڕێت، دەزانێ چیە بەڵام ناشزانێت بیگەیەنێت. هەستی یەکەمجار لەژیانی مرۆڤدا تا کۆتایی ژیانی لەگەڵیدا دەبێت، لەگەڵیدا درێژدەبێتەوەو تا سەر لێواری گۆڕ لەگەڵیدا دێت، جا یان بەختەوەری دەکات یاخود بەدبەخت، هەروەک هەستی یەکەمجاری خۆشەویستی و هەستی یەکەمجاری رق. هەستی یەکەمجاری پەشیمانی و هەستی یەکەمجاری موجازەفەکردنێک. میرزادە کە بۆ یەکەمجار لەروسیاوە دەگاتە هەندەران (سویسرا)و بەتایبەتیش شاری بازل، خەمگینە، نەخۆشە، تەنهایە، بێکەس و بێ پارە و بێ ماڵ و حاڵە، نائومێد و نیگەرانە.

ئێوارەیەک کە دەگاتە ئەو شارە دەزانێت گەیشتۆتە هەندەران، بەڵام ئەم گەیشتنە هەندەرانە هێندەی تر خەمگینتری کردووە، دەتوت خەم و نائومێدیی هەموو دونیای بەکۆڵدا دراوە، لەناکاو نێرەکەرێک دەبینێت لەناوجەرگەی بازاڕدا بینی گرتووەو دەزەڕێ..زەڕینێک ئەمما زەڕین. میرزادە دەڵێت نازانم بۆچی زەڕەی ئەو کەرە دڵخۆشی کردم، ڕۆحی بوژاندمەوە، لەو دەمەدا هەستمکرد مێشکم لەپڕ ڕووناک بووە!. خەمگینی و بەدبەختی، دڵخۆشی و خۆشبەختی، مەرج نیە مرۆڤ بزانێت چ کاتێک توشیان دێت، چ کاتێک دەتوانێت بەدەستیان بهێنێت، چ کاتێک بەکاریان دەهێنێت.

زۆرجار خۆشبەختی لەشتێکی سادەی بچوکدایە، خۆشبەختی قسەیەکدا، لەنیگایەکدا، لە سەلامێکدا، لەپێکەنینێکدایە، تەنانەت خۆشبەختی لەزەڕینی کەرێکدایە. دۆستۆڤسکی کە فرۆید بە مامۆستای خۆی دەزانێت لە دەروونناسیدا زۆرجوان ئەو هەستەمان بۆ بەیان دەکات..نەخۆشێک، غەریبەیەک، لەئێوارەیەکی غەریبدا، لەشارێکی غەریبدا، هیچ شتێک دڵخۆشی ناکات، تەنانەت جوان شاخ و تاڤگە ئاوییەکانی سویسراش، تەنها زەڕینی کەرێک دەیهێنتەوە سەر خۆی، دڵخۆشی دەکات، هەست بەخۆی دەکات..ڕەنگە ئەو کەرەش غەریبەیەک بێت لەو گۆڕەی..ئەویش هەست بەغەریبی بکات..بناڵێنێ و ئێش و ئازاری دەروونی خۆی وادەربڕێت.

خۆشبەختی و بەدبەختی مرۆڤ تاڕادەیەک بەدەست خۆیەتی، مرۆڤ دەکرێت نیوەی دونیای هەبێت کەچی هەر خۆی بەدبەخت بزانێت و چێژ لەژیانی خۆی نەبینێت، دونیای خۆی بچوکتر بکاتەوە، هیچ هەستێک نەیحەپەسێنێ. مرۆڤیش هەیە هیچیشی نیەو خۆشبەختیشە..دونیای ناوەوەی جوانە.چێژ لەو شتانە دەبینێت کە هەیەتی.چاوی لەشتانی دەستی کەسی تر نیە.هەموو هەستێکی یەکەمجار دەیحەپەسێنێ. ئیتر ژیان ئاوایە. میرزادە چیرۆکی زیندانیەکمان بۆ دەگێڕێتەوە کاتێک دەستەی ئیعدام دەیانەوێت ئیعدامی بکەن لەپڕ بڕیارێک دێت ئیعدامەکە هەڵدەوەشێتەوە بۆ زیندانی ئەبەدی(خودی دۆستۆڤسکی بەم دۆخەدا تێپەڕیوە).

میرزادە لە زمانی کابرای حوکمدراوەوە دەڵێت: خۆزگە نەدەمردم، چ دەبوو ئەگەر نەمردبام؟ چ دەبوو ئەگەر ژیانیان دابامەوە! لەگیانم خۆشبان! ئەگەر شتی وا دەبوو، چ ئەبەدیەتێکم بەدەستدێنا!هەر دەقیقەیەکم دەکرد بە عومرێ!بە سەدەیەک، حیسابم بۆ دەقیقە بەدەقیقەی دەکرد، تاقە دەقیقەیەکم بەخەسار نەدەدا، تاقە زەڕەیەکم بەفیڕۆ نەدەدا!.

دەیگوت ئەم بیرۆکەیە لە دوا ئەنجامدا، بوو بە ڕەنج و عەزابێکی ئەوتۆ کە خوازیای دەخواست، یەکسەر تیربارانی بکەن تا لەو عەزابە رزگاری بێت!. بەڕاست ئەوەی دەبێت بپرسین ئایا دەبێت لەژیانکردن پەشیمان بین..؟ بڕواناکەم....تاکە شتێک مرۆڤ بتوانێت شانازی پێوەبکات و شایانی ئەوە بێت جوانتری بکات و جوان بۆی بژی..بۆی بحەپەسێت..تەنها ژیانە.. ژیانەو هیچی تر..!



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP