دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 22/04/2021

لەبارەی بزووتنەوەی دژە ڤاکسینەوە

بزووتنەوەی دژە ڤاکسین، هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دژی بەکارهێنانی ڤاکسینن و لە هەموو سەردەمێکدا ترس و تۆقین سەبارەت بە ڤاکسین بڵاو دەکەنەوە، مێژووی ئەم بزووتنەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٩٦ کاتێک یەکەم ڤاکسین دژی ئاوڵە لە لایەن ئێدوارد جینەرەوە دروستکرا و تاقی کرایەوە.

ڤاکسین چییە؟
کاتێک ئێمە ڤاکسینی هەر جۆرە نەخۆشییەک بەکاردەهێنین، لە ڕێگای ڤاکسینەکەوە لەشی ئێمە فێری ڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە دەبێت، ڤاکسین لە پێناسە سادەکەیدا واتە ناردنی ڕێژەیەکی کەم و بێزیانی نەخۆشییەک بۆ ناو لەشمان، بەڵام تەنها ناردنی ئەو ڕێژە کەمەی نەخۆشییەکە نییە، بەڵکو ڤاکسین سیستمی بەرگری لەش فێری ئەوە دەکات چۆن دژی ئەو نەخۆشییە بوەستێتەوە. بۆ نموونە کاتێک سیستمی بەرگری لەشی کەسێک لە ڕێگای بەکارهێنانی ڤاکسینەوە، ڤایرۆسێکی وەک کۆڤید-١٩ دەناسێت و دەزانێت چۆن دژی بوەستێتەوە، ئەگەر ئەو کەسە بە ڕاستیش تووشی ڤایرۆسەکە ببێت، سیستمی بەرگری لەش زۆر بە ئاسانی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بۆچی؟ چونکە پێشتر ناسیویەتی و شەڕی خۆی لەگەڵ کردووە و سەرکەوتووە بەسەریدا.

کێن ئەوانەی زانیاریی هەڵە بڵاو دەکەنەوە؟
زانیاریی هەڵە یان هەواڵی نادروست بەگشتی لە لایەن کەسانێکەوە بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێت خۆشیان نەزانن ئەو زانیارییە هەڵەیە، یان ئەو هەواڵە نادروستە. ڕەنگە زۆرینەمان ڕۆژانە چەندین هەواڵ و زانیاری نادروست وەربگرین، بێ ئەوەی لێی بکۆڵینەوە یان بیری لێ بکەینەوە. تەنانەت پڕوپاگەندە و زانیاری ناڕاست لە لایەن کەسانی زۆر دیاری کۆمەڵگاوە بڵاو دەکرێنەوە.
بەگشتی ئەوانەی کە زانیاری و هەواڵی هەڵە بڵاو دەکەنەوە، یان دژی بەکارهێنانی ڤاکسینن، لە لایەنی پزیشکی و زانستییەوە هیچ پێشینەیەکیان نییە، هەندێک لەو کەسانەش دروستکردنی ڤاکسین بە پلانی دەوڵەتە خاوەنهێزەکان دەزانن و پێیان وایە ئەمە دەستێکی لەپشتە بۆ لەناوبردنی خەڵکی، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەکی بەهێزییان بۆ سەلماندنی ئەم قسانە نییە.

ئایا ڤاکسینەکان بێزیان و سەلامەتن بۆ مرۆڤ؟
بە وتەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ڤاکسینەکان زیانێکی زۆر کەمیان هەیە و ساڵانە ژیانی دوو تا سێ ملیۆن مرۆڤ لە جیهاندا ڕزگار دەکەن.
لەگەڵ ئەوەی هیچ ڤاکسینێک بە تەواوی بێزیان نییە، بەڵام زیانی ڤاکسین بەراورد بە سوودەکەی زۆر لاواز و بێ بایەخە. بۆ نموونە ئازاری شوێنی کوتانەکە، هەندێک جاریش لەرز و تایەکی کەم یان هەر کاریگەرییەکی لاوەکی تر. هەڵبەت دەکرێت کە ڤاکسین لە هەزاران کەسدا لەسەر کەسێک کاریگەرییەکانی قورستر بن، بەڵام بە وتەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەو کاریگەرییە قورسانە زۆر دەگمەنن. بە وتەی هەمان ڕێکخراو " ئەگەری زیانی نەخۆشییەک لەسەر کەسێک، زۆر زیاترە لە ئەگەری زیانی ڤاکسینی هەمان نەخۆشی."

ئەو ڤاکسینانەی کە لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە مۆڵەتی بەکارهێنان وەردەگرن، چەندین قۆناغ دەبڕن تاکو دەردەکەوێت کە سەلامەتن و ئامادەن بۆ بەکارهێنان. 
دکتۆر سایژنی ڤایتیکا کە لە نەخۆشخانەیەکی لەندەندا کاردەکات دەڵێت " بۆ ئەوەی کە دڵنیا بین ڤاکسینێک بێزیانە، چەندین ڕۆژ کاری لەسەر دەکەین، بەشێوەیەکی گشتی هەموو ڤاکسینێک پێشتر لەسەر ئاژەڵ تاقی دەکرێتەوە، ئەگەر لەم قۆناغەدا ڤاکسینەکە هیچ زیان و کاریگەرییەکی ترسناکی نەبوو، دواتر بە سێ قۆناغی جییاواز لەسەر مرۆڤەکان تاقی دەکرێتەوە. بۆ دیاریکردنی سوود و کاریگەرییە لاوەکییەکانی، هەر ڤاکسینێک لەسەر سەدان کەسی جیاواز تاقی دەکرێتەوە و ئەنجامەکەی وەر دەگیرێت، پاشان ئەگەر ئەو ڤاکسینە هیچ زیانێکی گەورەی نەبوو بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، ئەوە ئیدی ئەو ڤاکسینە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بەکاردەهێنرێت."

بۆچی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە لەبارەی ڤاکسینەوە مەترسیدارە؟
دەکرێت بەشێک لەو کەسانەی کە لە بارەی بەکارهێنانی ڤاکسینەوە ترسیان هەیە، یان دەربارەی کاریگەرییە لاوەکی و لاوازەکانی ڤاکسین پرسیار و گومانیان هەیە، بە بیستنی ڕای خەڵک یان خوێندنەوەی بابەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە دژی ڤاکسینەکەیە، زیاتر بترسن و خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی ڤاکسین.

بە ڕای زۆرینەی پسپۆڕانی تەندروستی جیهانی، دۆزینەوەی ڤاکسین داهێنانێکی گەورەی زانستییە بۆ ڕێگریی لە نەخۆشی و ڤایرۆسە مەترسیدارەکان و پاراستنی ژیانی مرۆڤایەتی، لەبەرئەوە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاری هەڵە لەبارەی هەر ڤاکسینێکەوە زیانێکی گەورەش بە خەڵکی دەگەیەنێت، لە ئێستاشدا کە خەڵکی لە جیهاندا خەریکن ڤاکسینی کرۆنا وەردەگرن، بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری هەڵە زۆر مەترسیدارە. چونکە ئەگەر خەڵکی لە بەکارهێنانی ڤاکسیندا خۆیان بەدوور بگرن، نەک تەنها تەندروستی خۆیان، بەڵکو تەندروستی کەسانی دەوروبەریشیان دەخەنە مەترسییەوە. بۆ نموونە ڤاکسینی سورێژە کە زۆربەمان لە منداڵیدا وەرمان گرتووە، زۆر گرنگە، چونکە لەشی منداڵ بەرامبەر نەخۆشییەکان لاوازە، لەبەرئەوە ئەگەر هەر منداڵێک ڤاکسینی پێویستی لە قۆناغە جیاوازەکاندا وەرنەگرتبێت و تووشی نەخۆشییەک ببێت، کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکە دەتوانێت تەندروستی منداڵەکە بە درێژایی تەمەنی بخاتە مەترسییەوە.

ئامادەکردن و وەرگێڕان: بیار ڕەشید



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP