دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 21/04/2021

ئایا ژیان نەکردن ئاسانترە لە ژیان بەڕێکردن؟

دانا عەزیز

لە ساڵانی (٢٠١٦ و ٢٠١٧) دا چەند سیمینارێکم کرد لە خوێندنگەکانی شاری سلێمانی، لەسەر بابەتی بەشوودانی پێشوەختە (بەشوودانی منداڵ) و توندنوتیژی خێزانی و لێکەوتەکانی، وە چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم جۆرە کەیسانە لەڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتیەوە، پاش تەواوبوونی سیمینارەکان زۆرێک لە خوێندکاران دەهاتن بە تەنیا باسی کێشەی خۆی لە خوێندنگە یان دەرەوەی خوێندنگە و خێزانەکەی یان کێشەی خێزانەکەی دەکرد.

یەکێک لەو گرفتە گەورانە کە زۆرینەیان باسیان لێوە کرد مەسەلەی شووکردنی هاورێکانیان بوو پێش تەمەنی یاسایی واتە( ١٥ ساڵ و ١٦ ساڵ و ١٧ ساڵ ) چونکە ئەو کەسانەی هاوسەرگیریان کردووە رۆژانە باسی پەیوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان و هاوسەرەکانیان دەکەن، کە بەشێوەیەکی نێگەتیڤ کاریگەری دەروونی دروست کردبوو بێ ئەوەی هەستی پێبکەن، بەکورتی ئەم بابەتە پەیوەست دەکەمەوە بە مەسەلەی خۆکوژی و کوشتن لە هەرێمی کوردستان.

ئەوەی ئەم چەند رۆژە گوێبیستی بووین چەند ئافرەت کوژراو چەندینی تر خۆیان کوشت یان خۆیان سوتاند بابەتێکی زۆر هەستیارە و ئازارێکی رۆحی لە پشت ئەم هەموو ڕووداوانەوە هەیە، دەکرێت بەجۆرێک کۆمەلگای خێلەکی هەمیشە لە ژێر تابۆی ئەو پرسیارانەدا سەرە لەقەی بێت (بۆ لەبیری خۆکوژیدا هەمیشە ئافرەتان پێشەنگن؟ بۆ دەکوژرێن؟

دین و کۆمەڵگا چەندێک کاریگەریان هەیە بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ئەم ڕووداوانە؟ وە چەندین پرسیاری دیکە بیری خۆکوژی بۆ لە کۆمەڵگای کوردیدا بە گشتی لە فکرو زهنیەتی ئافرەتانی ئێمەدا هەمیشە دەسوڕیتەوە و کارەکتەرێکی ئەکتیڤ و بوێرە؟ ئەوەی وایکردووە خۆکوشتن ببێتە کلتور دەکرێت لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی دیکە قسەی جیاوازی لەسەر بکەن و هەریەکەیان بۆ خۆیان دونیایەک هۆکاری جیاوازیان هەبێت بەلام لەفەزای گشتیدا مەسەلەی خۆکوشتن فرە ڕەهەندە.

واتە مەسەلەی نەبوونی ئازادی تاکە لە هەڵبژاردن و بڕیاردان لە چارەنووس و ئەو بیئەیەی خۆی دەیەوێت. چەپاندنی ڕەگەزی مێینەیە لەلایەن خێزانەوە لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە، وە ئافرەتی کۆمەلگای ئێمە بە بێ ئومێدیەکی زۆرەوە گەورە دەبێت هەمیشە خەیاڵی پرکراوە بە تۆڵەکردنەوە لە ڕەگەزی بەرامبەر و ڕاکردن لە ژێر چەپۆکی برا و باوک دا ،کاریگەری نەرێنی قسەی دەوروبەر، وە دەرەنجام ئەم جۆرە لە خەیاڵە دەبێتە راستیەکی بەدینەهاتوو و کەسەکە لە جەوهەرەوە تووشی روخانی دەروونی دەبێت و وەلێکەوتەی ناجێگیری باری دەروونی خۆکوشتن و خۆسوتاندن و هەڵهاتن و هەتا دوایی .

ئەمیل سیوران یەکێک لە نووسەرە گەورەکانی دنیا کە بە پاشای عەرشی رەشبینی ناسراوە وە هەمیشە نوسینەکانی بەدەوری فکری خۆکوشتن دا دەسوڕێتەوە لە دواجاردا دوای مردنی نامەیەک بۆ هاورێکانی جێدێڵێت تێیدا نووسراوە (گەورەترین دەسکەوتێک لە ژیانمدا بە دەستم هێنا،ئەوە بوو کە توانیم بەردەوام بم لە ژیان). رەهەندێکی تری ئەم کێشەیە، خێزانی هەندێک ناتوانن ببنەوە بەو خێزانەی پێش پرۆسەی هاوسەرگیریان، ناتوانن پشت و پەنای نەوەکەیان بن وەک چۆن کوردەواری وتەنی (نان کە بوو بە دوو لەتەوە یەک ناگرێتەوە). بۆ ئافرەتانی ئێمە بێ گوێدانە هیچ بنەمایەکی ئینسانی و ویژدانی دەکوژرێن؟

راستی کوشتن بۆتە دیاردە. دەسەڵات و یاسا تەواو بێخەمن لەم جۆرە ڕووداوانەدا تەنها بە هەندێک دروشمی کورت لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاکانیانەوە پشتگیری خۆیان دەخەنە ڕوو. ئاشکرا دیارە ئەم جۆرە دیاردەیە باکگراوندێکی خێڵەکی و عەشایەری و دینی هەیە بی گوێدانە یاساو رێساکانی ژیان، ژن و کچەکان دەکوژن تەنها لە پێناو شکۆ و هەیبەتی رەگەزی بەرامبەردا.

لە رەهەندێکی تری ئەم بابەتەوە دەکرا بەشێوەیەکی باشتر مامۆستایانی ئاینی پێشەنگی چاکسازی کۆمەڵایەتی بوونایە و گرنگی تەواویان بە هۆشیاری کۆمەڵگا و تاکەکان بدایە، مینبەرەکانیان بۆ رەواندنەوەی خەم و کێشەکان بەکاربهێنایە، نەک هەندێکیان تەقالید و کلتور پێش ئەقڵ و لۆجیک بخەن. ئەم بێ ئومێدیەی مرۆڤی کۆمەڵگای کوردی تێیکەوتووە هیچ رووناکیەکی بۆ هیوا و خۆشیەکان نەهێشتۆتەوە،( لەترسی شکاندنی چڵە دارێک ،باخێک تەلبەند ئەکەن) دەکرێت یاساش بۆ هاوکاری قوربانیەکی دیکە گلۆپی سوور دابگیرسێنێ و هەرگیز نەیکوژێنێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP