هه‌رێم نیوز
جه‌بار یاوه‌ر، ئەمینداری گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رچاوه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر و كفری یه‌كێكن و "پلانێکی رێکخراو دژ بە هەرێمی کوردستان هەیە".
باڵیۆزی پێشوی ئێرانیش له عێراق، ئاشكرایده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بونیان هه‌بێت، ئه‌وه هێرشه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێم به‌ده‌وامی ده‌بێت.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان وتویه‌تی: "ئه‌و درۆنەی کە هاتوە لێکۆڵینەوەیەکی وردی دەوێت لە بارەی چۆنیەتیەکەی و شێوازی دروستکردنەکەی کە بۆچی ئه‌مه‌ریكییه‌كان نەیانتوانیوە لە دورترەوە پێی بزانن و بیتەقێننەوە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لەمبارەیەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش و هاوپەیمانانەوە دامەزراوە."
ئه‌وه‌شی وتوه: "هێشتا وەڵامێکی تەواومان بەدەست نەگەیشتوە، کە بزانین بۆچی ئەمریکا ناتوانێت بنکەکەی خۆی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بپارێزێت."
وەڵامێکی تەواومان بەدەست نەگەیشتوە، کە بزانین بۆچی ئەمریکا ناتوانێت بنکەکەی خۆی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بپارێزێت
به وته‌ی یاوه‌ر: "ئەم هێرشانە تەنیا سەربازی نین، به‌ڵكو ئاماژەیەکن بۆ هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەو مانایەی کە ئێمە دەتوانین بگەینە ئامانجەکانمان ئەگەر لە هەرێمی کوردستانیشدا بن و لە بەغدا نەبن".
سەبارەت بەو کاتیۆشانەی دوێنێ یه‌كشه‌ممه 2021/04/18 نرا به بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە کفری،
جەبار یاوەر ئاشكرایكردوه: "شێوازی هێرشەکە و بەکارهێنانی کەرەستە سەربازییەکان و شێوازی ئەو ئامانجانەی هەڵیاندەبژێرن لەم هێرشەی کفری و ئەوەی پردێ و ئەو کاتیۆشایانەی ئاراستەی فڕۆکەخانەی هەولێر کران و ئەم درۆنەی ئەم جارەیش؛ هەمویان وەکو یەکن و سەرچاوەکەیان یەک لایەنە".
رونیشیكرده‌وه: "ئەمانە کردەوەی داعش نین، چونکە بەپێی چاودێریی ئێمە داعش کردەوەی وای نەکردوە، ئەم کردەوانە یەک سەرچاوەیان هەیە و ئەوەی کفرییش داعش نییە و، هەر ئەو سەرچاوەیەیە کە لە پردێ وە موشەکی گرتە هەولێر."
سه‌باره‌ت به دورخستنه‌وه‌ی گروپه چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سوپای عێراق له نزیك سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه یه‌كێك بو له داواكارییه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت له دوای هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێر له 15ی شوباتدا و هێرشه‌كه‌ی 14ی ئه‌م مانگه، جه‌بار یاوه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه: "لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی بتوانین لێکتێگەیشتنەکانی کۆبونەوەکانی دیکە جێبەجێ بکەین، وەک ئەوەی گەیشتینە رێکەوتن کە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو ناوچانە یەکبخەین، گەیشتینە ئەوەی هێزی هاوبەش لەو ناوچانەدا دابمەزرێنین و بڕیارماندا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی داعش بکەین و ناوەندی هاوئاهەنگی دابمەزرێنین و یەک هێڵی بەرگریمان هەبێت، بەڵام دەبینین دوای کۆبونەوەکان بڕیارێکی پێچەوانە دەردەچێت. تاوەکو ئێستا نەگەیشتوینەتە ئەنجامێک کە بزانین لەو ناوچانە چۆن روبەڕوی ئەو کردەوانە ببینەوە."
یاوه‌ر پێیوایه حكومه‌تی عێراقی ده‌سه‌ڵاتی نییه به‌سه‌ر گروپه چه‌كداره شیعه‌كانداو ده‌ڵێت: "هەمو جارێک کە بۆردومان دەکرێت، سەرۆکوەزیران بڕیارێک دەردەکات و دەڵێت ئەوە لیژنەمان پێکهێنا بۆ ئەوەی تاوانباران بدۆزنەوە و بیانگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامەکەی دیار نییە. رەنگە لیژنەکە بیشگاتە ئامانج، بەڵام ئەنجامەکە بڵاونەکرێتەوە یان رەنگە نەتوانن سزای لایەنی پەیوەندیدار بدەن. کازمیش زۆرجار باس لە لایەنی لە یاسادەرچو دەکات، کە لە بەغدا دژ بەوە خۆپێشاندانیان دەکرد."
له كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا جه‌بار یاوه‌ر ته‌ئكید له‌وه ده‌كاته‌وه كه سه‌رچاوه‌ی هه‌مو هێرشه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكن و رایده‌گه‌یه‌نێت: ئەو رۆکێتانەی بۆ کفری هاوێژران ئاراستەی پێشمەرگە کران کە لە رۆژهەڵاتی کفری بارەگایەکی فەرماندەیی دو هەیە و میحوەری دوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە دژی داعش و بنکەی ئەمریکییەکانی لێ نییە. ئەگەر هێرشەکەی کفری داعش نەبێت و ئەمریکییەکانیش لەو ناوچەیە نەبن، کەواتە پلانێکی رێکخراو دژ بە هەرێمی کوردستان هەیە، کەواتە گروپە لەیاسادەرچووەکان لە دەوڵەت بەهێزترن.".
پلانێکی رێکخراو دژ بە هەرێمی کوردستان هەیە
ئێران به ئاشكرا ده‌ڵێت ئێمه هێرشمان كردوه‌ته سه‌ر هه‌ولێر
حەسەن دانایی فەڕ، باڵیۆزی پێشوی ئێران لە عێراق لە وتوێژێكدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ئاماژەی بە هێرشەکەی سەر هەرێمی کوردستان کردوە و وتویه‌تی: "ئەو هێرشانە لە چوارچێوەی هەوڵە هاوشێوەکانە کە لە سەرانسەری خاكی عێراق دژی سەربازانی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن. گەلی عێراق بەتایبەت گەنجان، بونی ئەمریکییەکان لە وڵاتەکەیان قبوڵ ناکەن. بەپێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سەربازانی ئەمریکی دەبێت خاکی عێراق جێبهێڵن. ئەمە لە کاتێکدایە ناوبەناو ئەمریکییەکان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا گفتوگۆ دەکەن و هەندێک بەڵێن دەدەن بەڵام هیچیان جێبەجێ ناکەن".
باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغدا باس له‌وه ده‌كات: "رەنگە هەندێک کەس، ئەمریکییەکان زۆر بەهێز دابنێن، لەکاتێکدا ئەمە راست نییە. ئەمریکییەکان زۆر لاوازن و ئامرازەکانیان ئەوەندە پێشکەوتو نین کە وابیر بکرێتەوە هەر شتێک لە دنیا روبدات لەژێر چاودێریی ئەواندایە".
ئەمریکییەکان زۆر لاوازن و ئامرازەکانیان ئەوەندە پێشکەوتو نین کە وابیر بکرێتەوە هەر شتێک لە دنیا روبدات لەژێر چاودێریی ئەواندایە
هەفتەی رابوردو لە رێگەی درۆنی تی ئێن تیکراو هێرشکرایە سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەناو فڕۆکەخانەی هەولێر، دانایی فەڕ له‌باره‌ی ئه‌و هێرشه‌وه ئاشكرایكردوه: "ئەم هێرشانە ئەوە پێشاندەدەن بە چەک و کەرەستەی سادە دەتوانرێت ئەمریکییەکان توشی کێشە بکرێن. پێدەچێت ئەمریکا بە بەکارهێنانی میدیا و بانگەشە توانیبێتی روخسارێکی درۆینەی بەهێز پێشان بدات".
به وته‌ی دانایی فه‌ڕ: "ئەمریکا لە قۆناخێکدا بەهێزبو و ئێستاش لە لاوازبوندایە و بەمزوانەش دەبێت ناوچەکە جێبهێڵێت. ئەمریکییەکان وتویانە هێزەکانیان لە ئەفغانستان دەکشێننەوە و هیچ بژاردەیەکی دیکەیان جگە لە کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراقیش نییە".
باڵیۆزی پێشوی ئێران لە بەغدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەگەر سەربازانی ئەمریکا بیانەوێت لە هەرێمی کوردستان جێگیربن و لەوێ بمێننەوە، ناسەقامگیری لەو هەرێمە زیاتر دەکات؟ دەڵێت، "هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدان کە لە ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق دژی ئەو بنکانە ئەنجامدەدرێن و بەو جۆرە نییە لە ناوچەیەک لەنێو عێراق هەموان ئەمریکییەکانیان خۆشبوێت و لە ناوچەیەکی دیکە دژیان بن. بێگانە بێگانەیە و عێراقییەکان هێزەکانی ئەمریکا بە هێزێکی داگیرکەر سەیر دەکەن و خەڵکی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق رقیان لێیانە".
عێراقییەکان هێزەکانی ئەمریکا بە هێزێکی داگیرکەر سەیر دەکەن و خەڵکی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق رقیان لێیانە
ئه‌و به‌رپرسه ئێرانییه به ئاشكرا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردوه هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و وتویه‌تی، "ئەگەر ئەمریکییەکان بیانەوێت سەربازەکانیان زیاتر لە هەرێمی کوردستان و باکوری عێراق جێگیر بکەن، لەوێش وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق روبەڕویان دەبنەوە، چونکە گەنجانی عێراق رێگەنادەن سەربازانی بێگانە لە وڵاتەکەیان بن، بۆیە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت".
ئێران ده‌یه‌وێت هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراقدا نه‌مێنێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له رێگه‌ی چه‌ندین گروپی چه‌كداری شیعه‌وه رۆژانه هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن به ئامانج.
بۆ شه‌رعیه‌تدانیش به‌و ستراتیژه، له 3ی كانونی دوه‌می 2020، كاتێك قاسمی سلێمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه كوژران، هادی عامری له پرسه‌كه‌یاندا به‌ڵێنیدا له په‌رله‌مان كار بۆ پرۆژه بڕیارێك بكه‌ن هێزه بێگانه‌كان ناچار بكات به چونه ده‌ره‌وه له عێراق، دو رۆژ دواتر به‌بێ ئاماده‌بونی كورد‌و سوننه كوتله شیعه‌كان بڕیارێكیان له پێنج خاڵدا ده‌ركرد بۆچونه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی بێگانه.
له‌دوای ئه‌و بڕیاره‌وه، ئێران به‌رده‌وام داوا له به‌رپرسانی شیعه له‌ناو حكومه‌تی عێراق ده‌كات هێزه‌كانی ئەمەریکا له عێراق بكەنە ده‌ره‌وه.
دوا هیوای ئێران بۆ چونه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، گه‌ڕی سێیه‌می دایالۆگی ستراتیژی ئه‌مه‌ریكایه كه 7ی ئه‌م مانگه ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كورد‌و سوننه‌كان دژی ئه‌وه‌ن ئه‌مه‌ریكا له ئێستادا خاكی عێراق جێبهێڵێت، ئێران هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به بیانوی دژایه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا چڕكردوه‌ته‌وه.
چاوەڕوانییەکان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هەرێم چین؟
دوای هێرشەکەی شەوی 14-4-2021، مەسرور بارزانی وتی، خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەمەوە کە ئەندامانی گروپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشە باجی کردەوەکانیان دەدەن.
راشیگه‌یاند، هەر گروپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لەسنوری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە. لە ڕۆژانی داهاتودا لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکەم.
ئێواره‌ی 16-4-2021، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، بەریتانیا و ئیتاڵیا؛ پێكه‌وه له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی شەوی 14-4-2021 راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتبو: "ئێمە وەکو حکومەتەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و ئەمەریکا، زۆر بە توندی هێرشی 14ـی مانگ سەر هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکەین. پێکەوە کار دەکەین تاوەکو پشتگیریی لە بەدواداچونەکان بکەین و دڵنیابینەوە لەوەی ئەوانەی لە پشت هێرشەکەوەن، سزابدرێن."
د. دلاوه‌ر ئاژگه‌یی، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له یه‌كێتیی ئه‌وروپا رایدەگەیەنێت، ئه‌و په‌یامه "ئاراسته‌ی كوردستان نه‌كراوه به ته‌نها، به‌ڵكو ئاراسته‌ی جیهانی ده‌ره‌وه كراوه، ئاراسته‌ی دۆستان و نه‌یارانی كوردستان كراوه، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ن و به زه‌روریان زانیوه په‌یامی هاوبه‌شیان هه‌بێت تاكو به ڕونی به هه‌مو لایه‌ك بگات، کە هه‌رێمی كوردستان ته‌نها نییه، دۆست و هاوپه‌یمان و هاوبه‌شی هه‌یه و له كاته ته‌نگانه‌كان له‌گه‌ڵیدان."
هه‌رێمی كوردستان ته‌نها نییه، دۆست و هاوپه‌یمان و هاوبه‌شی هه‌یه و له كاته ته‌نگانه‌كان له‌گه‌ڵیدان
سنوره‌كان بۆ رێگرتن له‌و هێرشانه‌و هه‌ر كرده‌یه‌كی دوژمنكارانه هه‌رچی بێت، پاشه‌كشه‌ی هه‌رێمی كوردستانی تێدا نییه له‌وه‌ی دۆستایه‌تی ئه‌مه‌ریكاو وڵاتانی رۆژئاوای هه‌ڵبژاردوه، بۆیه سه‌رباری ئه‌وه‌ی له ئاستێكی زۆر باڵا‌و له حاڵه‌تێكی ناباودا زلهێزه‌كانی جیهان ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێریان كرد، به‌ڵام به‌رپرسانی هه‌رێم چاویان له جوڵه‌ی كرده‌یی زیاتره بۆ به‌رگری له هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئه‌وه‌ی له ئه‌وانه‌وه دیاره، هێرشی زیاتر و هه‌نگاوی جۆراوجۆری تره بۆ هێرشكردنه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
زێباری ده‌ڵێت: "حكومه‌تی هه‌رێم ناكه‌وێته ژێرباری هیچ هه‌راسانكردنێكه‌وه تا ئه‌و كه‌سانه ئازاد بكات له موشه‌كبارانكردنی هه‌ولێره‌وه تێوه‌گلاون". ئەم دەستەواژەیەی زێباری بەکاریهێنا، بە ناڕاستەوخۆ و ئاماژه‌یه‌ك بو بۆ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی له 15ی شوباتدا موشه‌كبارانی هه‌ولێریان كرد و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی دژه تیرۆری كوردستانه‌وه ده‌ستگیركران و دانیان نا به‌وه‌ی له‌لایه‌ن /كه‌تیبه‌كانی سه‌یدولشوهه‌دا/ کە یەکێکە لە گروپە وەلائییەکانی سەر بە ئێران، فه‌رمانی هێرشه‌كه‌یان پێكرا.
سه‌فین دزه‌یی-ش رایده‌گه‌یه‌نێت: "ئێمه سوپاسی هه‌مو لایه‌ك له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی ده‌كه‌ین، كه هه‌ڵوێستی توندیان به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه نیشاندا و ئیدانه‌یان كرد، به‌ڵام ته‌نها ئیدانه‌كردن به‌س نییه و پێویسته له‌ڕوی كردارییه‌وه هه‌نگاوی دیكه بنرێت".
هاوكات ئاشكرایكرد: "حكومه‌تی هه‌رێم و هێزی هاوپه‌یمانان و حكومه‌تی فیدراڵ له دانوستاندان، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له دوباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه بكرێت."