هه‌رێم نیوز
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێك له میدیاكانی ئێران بڵاوبوه‌ته‌وه، سه‌عیدی ئاغاخانی، ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی كورد توشی كۆرۆنا بوه‌و له ئێستادا له ماڵه‌وه خۆی كه‌ره‌نتین كردوه‌و چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرێت.
ئاغاخانی، ده‌رهێنه‌ری زنجیره درامای /نون خ/یه كه له وڵاتی ئێران و ناوچه‌كه بو به پڕ ته‌ماشاترین دراما.
له دراماكه‌دا ئاغاخانی سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه كاری ده‌رهێنانی كردوه، بۆخۆشی رۆڵی سه‌ره‌كی تێدا ده‌بینی.
ئاغاخانی له‌په‌نای ده‌رخستنی زۆرێك له داب‌و نه‌ریته كوردییه‌كان و شوێن و جل و به‌رگ و خواردنه كورده‌وارییه‌كان له /نون خ/، گرنگییه‌كی تایبه‌ت به گۆرانی و میلۆدییه كوردییه‌كان داوه.
ئه‌و درامایه كه وەرزی سێیەمی چەند هەفتە لەمەوبەر پەخشکرا، له هه‌مو وه‌رزه‌كاندا جۆرێك له تایبه‌تمه‌ندی پێدراوه‌و له‌په‌نای زۆرێك له هێماكانی كورده‌واری، گیروگرفته‌كانی هاوڵاتیانی كورد له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ی پێدراوه، به‌تایبه‌ت له وه‌رزی دوه‌می دراماكه كه ساڵی رابوردو نمایشكرا كه‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی له‌ئاست قوربانییانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی ناوچه‌كانی كرماشان خسته‌ڕو.
سه‌عیدی ئاغاخانی، بۆیه‌كه‌مجار له‌و درامایه‌دا ده‌نگی ناسری ره‌زازی له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كانی ئێران په‌خشكرد له‌په‌نای ده‌نگی حه‌سه‌ن زیره‌ك و مه‌زهه‌ری خالقی و ئومێدی ره‌سوڵ پور و به‌ختیار ساڵح.
به‌هۆی سه‌ركه‌وتنی دراماكه‌وه ته‌ماشاچیانی ئێران به یه‌كێك له دراما سه‌ركه‌وتوه‌كانی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و به‌تاسه‌وه چاوه‌ڕێی ساتی زنجیره‌كانی ئه‌و درامایه ده‌كه‌ن.
سه‌عیدی ئاغاخانی خه‌ڵكی بیجاره له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و یه‌كێكه له ئه‌كته‌رو ده‌رهێنه‌ره گه‌وره‌كانی ئێستای سینه‌مای ئێران.