دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18/04/2021

پارتی وەڵامێكی توندنی ڕاكان جبوری دایەوە

هەرێم نیوز
ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك- گەرمیانی  پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێكی لەسەر چاوپێكەوتنێكی راكان جبوری،  پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك بڵاوكردەوە و دەڵێت :"لێرەدا رایدەگەیەنین راكان حەز بكات یان حەز نەكات با لەوە دڵنیا بێت، كە پارتی بۆ كەركوك دەگەڕێتەوە و ئەو ئیدارە نایاساییەش بەم شێوەیەی ئێستا نامێنێت."

لە راگەیەندراوێكدا، ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك ـ گەرمیانی  پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت راكان جبوری دەداتەوە لەسەر  ئەو  تۆمەتانەی ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردوە.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتوە :"بارەگاكانی پارتیمان بارەگای حیزبی سیاسییە و چالاكی سیاسی تێدا ئەنجام دەدرا، لە دوای خیانەتی (16ی ئۆكتۆبەر) پارتیمان لە كەركووك نەبووە و بارەگاكانمان داگیركراون و بوونی تەرم لەو شوێنە ئەگەر هەبوبێت هیچ پەیوەندییەكی بە پارتیمانەوە نییە."

ئاماژەش بەوەدراوە،"وێرای ئەوەی بە توندی ئەو جۆرە تۆمەتانە رەتدەكەینەوە، دەبێت رێكاری یاسایی بگیرێتە بەر لەسەر ناوبراو، داواش دەكەین لێكۆڵینەوەی ورد بە بەشداری پارتی لە ژێر چاودێری (UN) لە بابەتەكە بكرێت.

دەقی ڕوونكردنەوەكە

دەقی روونكردنەوەی سەركردایەتی كەركووك ـ گەرمیانی  پارتی دیموكراتی كوردستان:
لە چاوپێكەوتنێكی پارێزگاری نایاسایی سەپێندراوی كەركوك بەوەكالەت (راكان سعید) جارێكی تر تۆمەتی خستووه‌تەوە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان بەوەی، كە چەند تەرمێك لە بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركوك ــ گەرمیان دۆزراوەتەوە (4) چوار رۆژ  پاش خیانەتی (16ی ئۆكتۆبەر).
لێرەدا بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین، كە ئەو تۆمەتە هیچ جۆرە بنەمایەكی نییە و دوورە لە راستییەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان واقعی سەربازی سەپێندراوی قەبووڵ نەبووە و لەو كاتەوە تاكو ئێستا هیچ كات پارتیمان ئەو پارێزگارە سەپێندراوە نا یاسایی و نا دەستووریەی بە پارێزگار نە ناساندووە و بەهیچ شێوەیەك مامەڵەی لەگەڵ نەكردووە و هەر بۆیەش ئەم جۆرە تۆمەتانە درووست دەكات.
بارەگاكانی پارتیمان بارەگای حزبی سیاسییە و چالاكی سیاسی تێدا ئەنجام دەدرا، لە دوای خیانەتی (16ی ئۆكتۆبەر) پارتیمان لە كەركووك نەبووە و بارەگاكانمان داگیركراون و بوونی تەرم لەو شوێنە ئەگەر هەبوبێت هیچ پەیوەندییەكی بە پارتیمانەوە نییە.
بە پێچەوانەوە ئەو شوێنە دوای داگیركردنی بۆ ماوەیەك ببووە شوێنی گرتن و ئەشكەنجەدانی كەوادر و لایەنگران و ئەندامانی پارتیمان.
لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆر لێدوانە نا بەرپرسانە وێرای ئەوەی بە توندی ئەو جۆرە تۆمەتانە رەتدەكەینەوە، دەبێت رێكاری یاسایی بگیرێتە بەر لەسەر ناوبراو، داواش دەكەین لێكۆڵینەوەی ورد بە بەشداری پارتی لە ژێر چاودێری (UN) لە بابەتەكە بكرێت. ئێمە باش دەزانین، كە ئەم قسە و تۆمەتانە بۆ رێگری كردن و درووستكردنی كۆسپە بۆ گەڕانەوەی پارتیمان بۆ شاری كەركووك.
لێرەدا رایدەگەیەنین راكان حەز بكات یان حەز نەكات با لەوە دڵنیا بێت، كە پارتی بۆ كەركووك دەگەڕێتەوە و ئەو ئیدارە نایاساییەش بەم شێوەیەی ئێستا نامێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP