هەرێم نیوز
ڤلادیمێر پادرینۆ، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا، بەیانی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاشکرای کرد کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دوێنێی ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، بەشێکی زۆر لە تیمی پاسەوانی و ئەمنیی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە کوژراون.
وەزیری بەرگری داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستی توند بەرامبەر بەو کارەی ئەمریکا وەربگرن، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەمە دەستدرێژییەکی ڕاشکاوە بۆ سەر خاک و سەروەری و دەستووری ڤەنزوێلا و پێویستە مادۆرۆ و هاوسەرەکەی بە زوویی ئازاد بکرێن.
پادرینۆ گەرچی ئاماری وردی کوژراوەکانی ڕانەگەیاند، بەڵام پشتیوانی خۆی بۆ "دێلسی ڕۆدریگێز" جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا دەربڕی وەک سەرۆک کۆماری کاتیی وڵاتەکە و جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکان بۆ پاراستنی حاکمێتی نیشتمانی لە ئامادەباشی تەواودان.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە دوێنێ شەممە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند هێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەی مادۆرۆیان لە ناو خاکی ڤەنزوێلا دەستگیرکردووە و بۆ دادگاییکردن بە تۆمەتی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر و تیرۆر ڕەوانەی نیویۆرکیان کردووە.