هەرێم نیوز
گرووپە چەکدارەکانی سووریا، ئەمڕۆ ئێوارەی هەینی، گەیشتنە ناو شاری حەلەب لە سووریا و چەند گەڕەکێکیان کۆنترۆڵ کرد.
ئەو گرووپانە ڕایانگەیاندووە، لە درێژەی هێرشەکانیاندا بۆ حەلەب، ناوەندی توێژینەوەی زانستییان لە حەلەبی نوێ دەست بەسەردا گرتووە.
هەروەها چەکدارانی قاعیدە و نوسرە گەیشتوونەتە گەڕەکی حەمدانییە و گەڕەکی سێ هەزار شووقە و گەڕەکی فرقانیان كۆنترۆڵ كردووە و تەنیا دوو کیلۆمەتر ماوە بگەنە ناوەندی حەلەب.
هاوکات سوپای سووریا لەو ناوچانە تووشی شکان و پاشەکشە بووە و چەک و جبەخانەیەکی زۆریان بۆ ئەو گرووپانە بەجێ هێشتووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای سووریا، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بە پشتیوانی چەکدارانی بیانی و بە چەکی هەمەجۆر و درۆن هێرشیان کردووتە سەر هێزەکانی سووریا، بەڵام ناوی هیچ وڵاتێکی نەهێناوە.
ئاماژەشیداوە، کە سوپای سووریا توانیویەتی بە سەدان چەکداری هێرشکەر بکوژێت و بریندار بکات.
هەر لە بارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ سەر سوپای ڕژێمی سووریا لە حەلەب، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن لەگەڵ بەسام سەباغ وەزیری دەرەوەی سووریا قسەی کردووە و چالاک بوونەوەی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە پلانێکی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیلی ناوبردووە.