هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرى ژمێریارى لە خانەنشینیى سلێمانى ڕایگەیاند، ئەو لیستەى هاوتاکراوەی خانەنشینان جێگیر دەکرێت و مانگانە خانەنشینان بەو لیستە موچە وەردەگرن.
سارا حەمە نەجیب، بەڕێوەبەرى ژمێریارى لە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینیى سلێمانى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بەگوێرەى یاسا راژە و خانەنشینى هێزەئەمنییەکان کە لەهەرێمى کوردستان بەرکار بووە، ئەندامانى هێزەئەمنییەکان مووچەى بنەرەتییان کەمبووە لەبەرئەوە لەکاتى خانەنشینبوونیان تەنیا 220 هەزار دیناریان وەردەگرت، بەڵام لە هاوتاکردن مووچەکانیان بۆیان کراوەتە 600 هەزار دینار.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەگشتى خانەنشینى هێزەئەمنییەکان کەمترە لە کارمەندانى شارستانی، بەڵام لەکاتى خانەنشینبوونیان ئەو پاداشتەى وەریدەگرن بەهۆى ئەوەى سەرجەمى مووچە و دەرماڵەیان بۆ هەژمار دەکرێت، پاداشتە کۆکراوەکەیان زۆر زیاترە لە فەرمانبەرانى شارستانى.
لەبارەى دەنگۆى کەمکردنەوەى خانەنشینیى بەشێک لە خانەنشینان بەهۆى هەڵەى لیستەکانى موچەوە، سارا حەمە نەجیب دەشڵێت، ئەوانە ژمارەیان نزیکەى 100 خانەنشین بووە و کێشەکەیان چارەسەرکراوە، ئەو لیستەى هاوتاکراوە جێگیر دەکرێت و مانگانە خانەنشینان بەو لیستە مووچە وەردەگرن.