هەرێم نیوز
دەسەڵاتی دادی کۆماری ئیسلامی ئێران، مامۆستا سابر خودامورادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە 15 مانگ زیندانیکردن سزادا.
مامۆستا سابر خودامورادی، وتاربێژی شارۆچکەیەکی سەر بە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لەلایەن دادگای تایبەتی هەمەدان بە 15 مانگ زیندان سزادرا.
ئەم مامۆستا کوردە لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی ئاگادارییەکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە دادگای تایبەتیی "پیاوانی ئایینی هەمەدان"، 15 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
پێشتر ئەم پیاوە ئایینییە کوردە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێمی ئێران" و "شێواندنی بیری جەماوەری" بە 7 مانگ و نیو زیندانی هەڵپەسێردراو و 74 قامچی لە لایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانیی هەمەدان بۆ ماوەی سێ ساڵ بە هەڵپەسێردراو سزادرابوو".
ئەم پیاوە ئایینییە لەماوەی ڕابردوودا، بۆ جاری سێیەم بە هۆی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ژن ژیان ئازادی، لە وتاری نوێژی هەینیدا بانگهێشتی دادگای تایبەتی پیاوانی ئایینی هەمەدان کرابوو.