دواین هەواڵ

کلتور‌

 24/08/2024

دەربارەی پەیوەندی خوێندنەوە و نووسین چەند سەرنجێکی کورت

ئارام سدیق

قسەکردن دەربارەی پەیوەندی خوێندنەوە نووسین، ڕەنگە قسەکردنێکی نوێ نەبێت، بەڵام ئەوەی کە ئەم بابەتە هەمیشە بە نوێی و جێگەی قسەکردن و گفتوگۆکردنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نکۆڵیکردنەی هەندێک نووسەر و چیرۆکنووس، کە پێیانوایە ئەزموونکردنی نووسینی زۆر و مەشقی نووسین گرنگترە لە خوێندنەوە. زۆرجار و لە زۆربۆنەی جۆراوجۆردا خوێندنەوە بێبایەخ دەکرێت، وەکو ئەوەی مرۆڤ تەنها بە گوشینی هزری بتوانێت بنووسێت و داهێنان بکات.

چیرۆکی نەخوێندنەوەی نووسەران چیرۆکێکی نوێ نییە، بەڵکو زۆر نووسەری کورد هەیە تەنها چەند ساڵێکی کەم دەخوێننەوە و ئیدی کە پاسپۆرتی نووسەربوونی وەرگرت ماڵئاوایی لە خوێندنەوە دەکات، بەڵام ئیدی هەر دەنووسێت بەبێ ئەوەی شتێکی نوێ بڵێت. نووسین ئەگەر وەکو درەختێک وێنای بکەین، خوێندنەوە ئەو خۆراک و ئاو و تیشکی خۆرەیە، کە دەتوانرێت ببێتە هۆی گەشە و بەرهەمداری ئەو درەختە. بەڵام لێرەدا مەرجێک هەیە کە درەختەکە زڕ نەبێت، چونکە درەختی زڕ ڕاستە گەشە دەکات و لق و پۆپی زۆری لێ دەبێتەوە، بەڵام هەرگیز بەر نادات. زۆر نووسەری کورد هەن ئەگەرچی دەشخوێننەوە، بەڵام هەرگیز تێکستێکی داهێنەرانە و سەرنجڕاکێشان نەنووسیوە، چونکە لە بنەڕەتەوە خاوەنی بیرکردنەوە و هزرینی داهێنەرانە نین، بۆیە ئەوەشی دەیخوێننەوە کۆمەکی نووسینی داهێنەرانەیان ناکات، بەڵکو دەیانکاتە زۆربڵێی هەمیشەیی.

نووسەر و ڕۆماننووسی پیرۆیی "ماریۆ بارگاس یۆسا" لەو نووسەرانەیە، کە چەند کتێبێکی سەبارەت بە ڕێنمایی بۆ ڕۆماننووسان بڵاوکردووەتەوە و من چوار لەو کتێبانەم بینیوە، یەکێکیان "12نامە بۆ ڕۆماننووسێکی لاو"، کە کتێبێکی گەلێک گرنگە بۆ ئەو کەسانەی بیانەوێت ڕۆمان بنووسن، دووەمیان "واقیعیەتی نووسەر"، کە ئەویش کۆمەڵێک لایەنی شاراوەی نووسەربوونی تێدایە. سێیەمیان کتێبی "ئەدەبیان بۆ؟"یە کە کتێبێکی گرنگە بۆ وەڵامی ئەوەی ئەدەبیات چییە؟ نوێترین کتێبیش کە لەم ماوەیی پێشوودا دەستم کەوت "لە ستایشی ئەدەبیات"دا بوو، کە لەوێشدا هەم لە وتارەکاندا و هەم لە چاوپێکەوتنە درێژەکەدا باس لە گرنگی و کارکردی ئەدەبیات دەکات. ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە ئەم کتێبانە دەتوانن ببنە جۆرێک لە بەرچاوڕوونی بۆ نووسەران کە وشیارییەکی زیاتریان سەبارەت بە ئەدەبیات و ئەو دونیایە هەبێت کە کاری تێدا دەکەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وتارێکی کورتی ئەم نووسەرەم خوێندەوە، لەوێدا وەکو ڕێنمایی بۆ نووسەران پێداگرییەکی زۆر لەسەر "خوێندنەوە" دەکات و بەشێک لە وتارەکە وەکو خۆی دەنووسمەوە:

"خوێندنه‌وه‌، خوێندنه‌وه‌، خوێندنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ من ده‌پرسیت پێتده‌ڵێم زیاتر له‌ نووسین بخوێنه‌ره‌وه‌. خوێندنه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی وشه‌كان له‌ مێشكتدا بكه‌ونه‌ جووڵه‌ و له‌ كاتی پێویستدا بێنه‌وه‌ به‌رده‌مت بۆ ئه‌وه‌ی به‌كاریان بهێنیت. به‌ڵام هه‌موو ده‌قێك و هه‌موو كتێبێك مه‌خوێنه‌ره‌وه‌، ده‌قی باش و دیار بخوێنه‌ره‌وه‌ و له‌ شێوازی نووسین و فۆرمه‌كه‌ی وردبه‌ره‌وه‌. له‌ كۆی ده‌قه‌كه‌دا ده‌بێت سه‌رنجی شێوازی نووسین و باسكردنی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بده‌یت و ببینیت ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ به‌ چ فۆرمێك نووسراوه‌. بزانه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ فۆرمه‌كه‌یدا گونجاوه‌ و به‌ فۆرمێكی جوان نووسراوه‌؟ واته‌ فۆرم ده‌توانێت ناوه‌ڕۆكی تایبه‌ت بۆ خۆی فۆرمه‌ڵه‌ بكات."

ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین لەسەرەتای پەرەگرافەکەوە سێجار بە پێداگرانەوە باس لە خوێندنەوە دەکات و وشەکە سێجار دەنووسێتەوە. دواتریش ئەوە دەخاتەڕوو کە بەبێ خوێندنەوە نووسەربوون مەحاڵە، واتە هەموو خوێندنەوەیەک نا خوێندنەوەیەک بە سەرنجەوە کە فۆرم و ناوەرۆک بخەیتە ژێر چاودێرییەوە نەک سەرپێیانە بخوێنیتەوە.

خوێندنەوە و نووسین دوانەی لێکدانەبڕاون. من هەرگیز نەمتوانیوە وتارێک بنووسم ئەگەر کتێبێک یان چەند وتارێکی دیکەم لەبارەی ئەو پرس و بابەتەوە نەخوێندبێتەوە کە لەبارەیەوە دەنووسم. مامۆستا شێرکۆ بێکەس قسەیەکی سەرنجڕاکێشی لەبارەی خوێندنەوەوە هەیە کە دەڵێت: "هەتا گەڵایەک دەنووسم، دارستانێک دەخوێنمەوە." ئێستا و لەم سەردەمی ڕووکەشگەراییەدا کێن ئەوانەی دارستانێک دەخوێننەوە بۆ ئەوەی گەڵایەک بنووسن؟ وەڵامی پرسیارەکە بە کراوەیی بۆ خوێنەران بەجێ دەهێڵم...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP