خەلیل عەبدوڵا
ھەر چەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوار چێوەی ھەڵبەستم
لێکدانەوەی دەروون قسەی زمانم
بۆچی وەھا دوورن لە یەک نازانم
گۆران : شاعیری وەسفو جوانی!
گۆران شاعیرو روناکبیرێکی گەورەی کوردستانە، بەشیعرە جوانو كوردییە شیرین و پاراوەكەی شۆڕشێكی بۆ نۆیكردنەوەی شیعرو رێنوسی كوردی بەرپا كردو وەسفەكانی ناو شیعرەكانی خۆی گوتەنی وەك كامێرای فۆتۆگراف وێنە جوانەكانی سروشتی گرتووەو رۆحی كردووە بەبەریاندا.
عەبدوڵا بەگی سلێمان بەگی عەبدوڵا بەگ ناوی تەواوی شاعیرەو نازناوی گۆران ئەو ناوە دورو درێژەی لەكۆڵ كردۆتەوە.
گۆران ساڵی 1904 لەئامێزی خێزانێكی خوێنەوارو ئەدەبدۆستی شاری هەڵەبجە لەدایك بووە.
سەرەتا لەقوتابخانە ئایینییەكان خوێندویەتیو بووە بەفەقێ. دواتر خوێندنی ئاسایی خوێندووەو بووە بەمامۆستا.
گۆران هەرزوو بەدنیای ئەدەب ئاشنا ئەبێو دەست بەهۆنینەوەی مرواری شیعرەكانی ئەكاتو جوانترین دەقی شیعری كوردی ئەنوسێو تائێستا شیعرەكانی جێگەی سەرنجو تێڕامانن.
بێجگە لەشیعر گۆران پەخشانیشی نوسیوەو پەخشانەكانیشی نمونەی بەرزی دەقی ئەدەبین.
گۆران وەك نوسەرو رۆژنامەنوسیش خزمەتی كردووەو دوای مەرگی پیرەمێردی نەمر لەساڵانی 1952- 1954 سەرنوسەری رۆژنامەی ژین بووە. سەرەتای ساڵی 1959 بۆتە سەرپەرشتیاری گۆڤاری شەفەقو ناوەكەی كردووە بەبەیانو لەسلێمانی دەری كردووە.
لەبواری وەرگێڕانیشدا خزمەتی كردووەو چەندین دەقی ئەدەبی جوانی لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ زمانی كوردی وەرگێڕاوە.
گۆران لەمەیدانی سیاسەتیشدا چالاكوانێكی شیوعی دیارو بەهەڵوێست بووەو لەسەر هەڵویستە سیاسییەكانی چەند جارێك زیندانی كراوەو بەشێكی تەمەنی لە زیندانەكاندا بەسەر بردووە.
گۆران خاوەنی چەندین بەرهەمی جوانی شیعرو پەخشانە كە لەدوو توێی شەش كتێبدا چاپكراون.
ئەم شاعیرە گەورەیە لە رۆژی 18-11-1962 كۆچی دوایی كردو لەگردی سەیوان بەخاكی نیشتمان سپێردرا.
درودی رێزو وەفا بۆ گیانی پاکی گۆرانی شاعیری بەرزی وەسفی سروشتو جوانی.