دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19/09/2023

وەزیری كشتوكاڵی هەرێم: عێراق پابەندی وەستانی هاوردەی بەرهەمی كشتوكاڵی نابێت

هەرێم نیوز

وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، عێراق پابەندی وەستانی هاوردەی بەرهەمی كشتوكاڵی نابێت.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ناڕەزایی جووتیارانی پێنجوێن بۆ ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكانیان، رایگەیاند "لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، بەداخەوە ئەوەی كە پابەند نابێت بە رۆژمێری كشتوكاڵی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقە، ئێستا لەگەڵ فوئاد حسێن، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەی ئابووری عێراق و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق قسەمان لەسەر ئەو بابەتە كردووە، چۆن ئێمە پابەند دەبین دەبێ ئەوانیش بەهەمان شێوە پابەندبن بۆ پاراستنی مافی جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان".

وتیشی: "چونكە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق پابەند نەبوون، بڕیارمان داوە هاتنی بەرهەم لەو بازگانە قەدەغە بكەین كە لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە بەرهەمی وڵاتان دێننە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی بكەین".

ماوەی دوو رۆژە جوتیارانی قەزای پێنجوێن لە دژی هاوردەی بەرهەمی كشتوكاڵی و ساغنەبوونەوەی بەرهەمەكانیان دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP