دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 19/08/2023

هەندێجار هەڵوێستەكردن پێویستە!

ڕێبوار سیوەیلی

1. هاوڕێیانی فەیسبووكم، هاوزمان و هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە خنجیلەیە، دەبێت هەندێك جار لەگەڵ یەكتر ڕاشكاو بین. نابێت بە گوتنی ڕاستییەكان بەیەكتر لە یەكتر زویر بین. ئەگەر بمانەوێ دڵسۆزی بۆ یەكتر پیشان بدەین، دەبێت ڕێگەی ڕاشكاوی بگرینە بەر. كاتێك ڕاشكاوین، مەترسیی ئەوە دەكەین یەكتری زویر بكەین، بەڵام لە ڕاستیدا خزمەتی یەكتر دەكەین..

2. ئێمە نزیكەی پێنج شەش ملیۆن كوردستانین لەم هەرێمەدا. بەڵام لەگەڵ یەكتر باش نین، نەك گۆشت، ئێسكی یەكتریش دەشكێنین. ئەوەی جوێن و سووكایەتی بەیەكتر دەدات هەر خۆمانین. كەس لە دەرەوە نەهاتووە جوێن بە كوردبوون و ژنبوون و هاووڵاتیبوون و هاونیشتیمانیبوونی ئێمە بدات. ئەوەی ئەم بوێرییەی هەیە هەر خۆمانین.

3. كەواتە نابێت گللەیی لە هیچ بێگانەیەك بكەین و دەستی تاوان بۆ هیچ كەسێكی دەرەكی ڕابكێشین. هەموومان و هەمووتان لەم قسەیەی من تێدەگەن، بەڵام من ڕاشكاوانە لەگەڵتان دەدوێم.

4. كێ سووكایەتی بە كوردبوون دەكات؟ كورد خۆی، كێ سووكایەتی بە هاونیشتیمانیبوون دەكات، هاونیشیتیمانیان خۆیان، كێ سووكایەتی بە هاووڵاتییبوونمان دەكات؟ هاووڵاتیان خۆیان. كێ سووكایەتی بە ژنانمان و بە منداڵان، بە یەكتری دەكات؟ خۆمان. كێ كۆمێنتی ناشیرین و جوێن بە یەكتر دەدات؟ خۆمان.

5. كەواتە ئەمە ڕاستییەكە و نابێت بە ئاشكراكردنی لەیەكتر زویر ببین. هیچكەس لەو دنیایەی دەرەوە نەهاتووە بۆ ئەوەی ئەوە بەسەر ئێمە بهێنێت كە خۆمان بەسەر خۆمانی دەهێنین! ئەوانەی لە دەرەوە دێن، زمانی ئێمە وكولتووری ئێمە و كۆمەڵگەی ئێمە و كەباب و یاپراخی ئێمە و قووڕاوی ئێمە و دۆڵمەی ئێمە و جوانیی ئێمە و ڕێزی ئێمە و میوانداریی ئێمە و چی و چی ئێمەیان خۆشدەوێ و لێوەی فێر دەبن..

6. ئایا هەست ناكەین، كاتێك ئێمە لە نێو خۆماندا ئاواین لەگەڵ یەكتر، سووكایەتیش بەوانە دەكەین، كە لە دوورەوە دێن و بە ئێمە سەرسامن وڕێزمان لێدەگرن؟!

7. ئەوە كێیە هەر لەم فەیسبووك و پەیج و کەناڵ و چی و چییانەوە سوكایەتی بە ئێمە دەكات جگە لە خۆمان؟

8. ئێمە دەتوانین بایكۆتی هەموو شتانە بكەین و بۆ یەك سات ببینەوە بە خۆمان و ڕێ لە هەموو ئەوە بگرین كە زویر و خەمگین و نائومیدمان دەكات.

ئەوەی سەرم دەسووڕمێنێت، ئەوەیە بۆچی ناتوانین هەموو ئەم ڕاستییانە ببینین و كەچی زۆر بە ئاسانی، بێ بیركردنەوە، بێ شەرم و سڵكردنەوە، بێ حسابكردن بۆ تەمەن و ئەزموون و منداڵ و هاوسەر و قوتابی و خوێنەر و دەنگدەر و خزم و كەسوكار و هاوشارییبوون و هاووڵاتیبوون و هاونیشتیمانیبوونمان، یەكتری خەمگین و زویر و نائومێد دەكەین؟!

9. ڕێگەی ئاشتەوایی زۆر ئاسانە و ڕێگەی كینە و ڕق و شەڕ پڕ لە كارەسات.. ڕەنگە ئاسوودەیی لەوەدا بێت مرۆڤ كەمێك بیر لەم دۆخە، لە ناخی خۆی، لە ڕابردووی، ئێستای و داهاتووی خۆی و كەسوكاری بكاتەوە و بەخۆی بڵێت: ئەه، كە ژیانی خۆمم ناخۆش و گرژ كردووە، ئیتر بەسە و دەمەوێت لە شوێنێكی دیكەوە دەسپێكەمەوە:

مناڵێ‌ دێتە باوەشمەوە و بە سیحرەوە پێمدەڵێ‌:
(وسبە! با حەكایەتێكت بۆ بكەم!)
ئەم حەكایەتە بەسە بۆ دەستپێكردنەوە.
كۆترێ‌ هاتۆتە پێش هەیوانی ماڵەكەمان و
سەردەخاتە ژێر باڵەكانییەوە،
گەرمایی ژێر باڵەكانی، بەسە بۆ دەستپێكردنەوە.
شەڕێ‌ هاتۆتە بەینمانەوە هێلانە بكا و
لە ترسی چۆلەكەی خەندەیەك خەوی لێنا كەوێ‌.
فڕینی ئەو خەندەیە بەسە بۆ ئاشتبونەوە!
سەرم سووڕماوە لە بۆق،
هەر لە سكی دایكییەوە فێری بازهەڵدان و قیڕەقیڕ بووە،
كاریلە هەر پاش لە دایكبوون پێدەگرێ‌ و
تیمساح بە بچووكیی هێندە جوانە!
بیركردنەوە لە حیكمەتی بۆق و
لەرینەوەی كلكی كاریلە و
مناڵیی تیمساح، بەسە بۆ دەستپێكردنەوە.
دەزانم بە درەختێ‌ بڵێم: گەڵایەكتم بەرێ‌،
شۆڕ شۆڕ دەیداتە قا قا و دەڵێ‌:
(جا ..ها..لقێكم بەرە).
تێفكرین لە وەڵامی درەخت، بەسە بۆ سەوزبوونەوە.
كەڕڕ نییە گوێی لە خرمەی چەكمە نەبێ‌، هێلكە شەیتانۆكە،
مەستە بە ترپەی پێیە نەرمەكانی باران لە كاتی فیلقانەوەدا.
مەستبوون بە عەشقی بارانەوە بەسە بۆ دەستپێكردنەوە..
تۆ چووزانی سنگی مێروولە پڕ نییە لە ئایەتەلكورسی؟
تۆ چووزانی هەنگ كاتێ‌ پێوەئەدا و ئەمرێ‌،
وای نەزانیوە پەنجەی ئێمەش خونچەیەكی ترە؟
ئێمە چووزانین دەنووكی قەلەڕەشكە پڕ نییە لە نوكتەی خۆش!
مارێ‌ لە سەد مەلا قورئانخوێنتر و
ژیشك بەو هەموو چقڵانەوە لە (دیكارت) گوماندارتر نییە؟
قەترەیەك خوێنمان بە مێشوولە ڕەوا نەبینی و
كەچی سارێژە بە خوێنی ئێمە زۆنگاوەكانی ئەم شەڕە!
قەت گوێمان نەگرت لە پاڕانەوەی شنەبا و گوتمان:
ئەم ڕەشەبایە چەندە بەدفەڕە.
بەفر،
كە كەوتە خوارەوەی خۆزگەكانی وەرزە بەتفەنگی كۆچ،
گوتمان: ئەم وەرزە چ زستانێكی سارد و پڕ لە وەیشوومەیە.
قەت گوێمان نەگرت لە خەمی ڕەنگاو ڕەنگی پەپوولە و
گوتمان: پەپوولە چ شێتانە عەوداڵی عەشقێكی بهێوودەیە
لە خەونی هەزارپێدا بۆ گەیشتن بە هەزار شوێن،
كتێبیی تەعبیرەكانی ئێمە بێدەنگ بوو،
نەمزانی دۆشدامان ژەهری ئەم كتێبەیە.
پێدەچێ‌ ڕۆژگارێ‌ بەرد سەرین بووبێ‌ بۆ گەڕیدەكانی عەشق،
كێلی قەبری ئەم شەهیدانە، ڕۆحی نائومێدی ئەو بەردەیە.
دەبێ‌ تێفكرم لە ڕوونیی شووشە تا لە كۆستی شكان تێبگەم،
دەبێ‌ تێفكرم لە هاوماڵەتی جاڵجۆڵەكە
تا حاڵی بم لە تێكستی ئەم تەونی دەیجوورە.
كێ‌ وتی كەوتنە خوارەوە، كۆتایی لقە لە دنیای سەوزا؟
ئەی ئەو لقانەی سەدان گۆپكی سەوزی نەپشكووتوویان پێوەیە..
ئاومان تەنیا بە ڕوونی و ڕەوانیی خواردەوە
ئەی چۆنە ماسیی لە لێڵاوی ئەو ڕووبارانەدا
پوولەكەی پڕ بریق و باقی پێوەیە؟
بۆ دەستپێكردنەوە شەرتە:
(وەك ئاهەكەم ڕەوان بم هەتا خاكی كۆیی یار)
بۆ دەستپێكردنەوە بەسە:
(وەك ئەشكەكەم ڕەوان بی هەتا ئاوی شیوە سوور).



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP