دواین هەواڵ

ئابوری‌

 14/09/2021

نرخی نەوت بەردەوامە لەبەرز بوونەوە

هەرێم نیوز
نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە بەردەوامیدا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردوو و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە شەش هەفتەی رابردوودا.


هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ لە کارکەوتنی 40٪ـی سەکۆ نەوتییەکانی ئەمریکا لە کەنداوی مەکسیک دەگەڕێتەوە و سەرەڕای ئەوەش هێشتا بازرگانانی نەوت نیگەرانن لە سەرهەڵدانی باهۆزێکی دیکە کە زیانی زیاتر لە سەکۆ نەوتییەکان بدات.

نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ 15 سەنت بەرزبووە و هەر بەرمیل بە 73 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 23 سەنت بەرزبووەوە بە 70 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا رۆژی دووشەممە بە رێژەی 1.1٪ بەرزبووەوە.

ئەم ئاستانەی ئێستا نرخەکانی نەوت بەرزترین ئاستیانە کە سەرەتای مانگی ئابەوە تاوەکو ئێستا. کرێکاران و ئەندازیارانی سەکۆ نەوتییەکانی ئەمریکا لە کەنداوی مەکسیک سەرقاڵی چۆڵکردنی شوێنەکانی کارکردنی خۆیانن و ئامادەکاری بۆ هاتنی باهۆزێکی دیکە بە ناوی باهۆزی نیکۆلاس دەکەن.

خێرایی نیکۆلاس ئێستا 70 کیلۆمەترە لە یەک کاژێردا و خەریکە نزیکدەبێتەوە لە کەنارە ئاوییەکانی تەکساس، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی ناکرێت کە باهۆزی نیکۆلاس هێندەی باهۆزی ئایدا بەهێز بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP