دواین هەواڵ

عەقڵی سەدام

‌د.سەردار عەزیز

پێش 4 هەفتە

دوا کتێبی ڕۆژنامەنوسی گەورەی ئەمریکی ستیڤ کۆل، هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی بیرکردنەوەی سەدام. ستیڤ کە پرۆفیسۆری ڕۆژنامەگەرییە لە زانکۆ کۆڵۆمبیا، خاوەنی چەندین کتێبی گرنگە دەربارەی شەڕی قاعیدە، کۆمپانیای ئێکسۆن، و چەندین کتێبی تری گرنگ. دواین کتێبی هەوڵی کارێک دەدات کە هەتا ئاستێکی زۆر نەکردەیە، ئەویش چۆن سەدام بیری دەکردەوە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ستیڤ دەستی دەگاتە دوو هەزار کاتژمێر لە تۆماری دەنگیی سەدام، پاش بردنی پەنتاگۆن بۆ دادگا لە سەر بنەمای یاسای ئازادی زانیاریی. کتێبەکەی ستیڤ پڕ پرە لە زانیاری و داتای دەگمەن، بۆیە دەکرێت لە چەندین ڕوەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. لێرەدا سود لە کتێبەکە دەبینین بۆ خوێندنەوەی ڕەفتاری سیاسی سەدام و هەروەها جۆری وەک سەدام. هەندێک خەسڵەت کە ستیڤ باسی دەکات بەسودن نەک تەنها بۆ تێگەیشتن لە کەسێکی وەک سەدام، بەڵکو هەروەها هەموو کەسێکی سیاسی یان سەروەر، بە تایبەتی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە ڕوی فەلسەفییەوە، خوێندنەوەی دوا سیمینارەکانی جاک دریدا بە ناوی سەروەر و ئاژەڵ، ڕەنگە وەک پاشخانێک بە سودبێت. درێدا لەو سیمینارانەدا باس لە سەروەر دەکات وەک بونەوەرێکی تەنهای بان-یاسا، لە سەروی مرۆڤەوە، کە تەنها و گۆشەگیرە. بەڵام ئاژەڵ لە پرۆسەی مرۆڤاندنی دونیادا، لە خوار مرۆڤەوەیە، هەرچەندە بە تێوردبونەوەی زیاتر دەبینین کە سەروەر و ئاژەڵ وەک یەکیان لێدێت. من هێندە کارم بە درێداوە نیە، لێرەدا. بەڵام زیاتر قسە لە سەر پەیوەندییەکی ئاڵۆز دەکەم لە نێوان دەزگای سیخوڕی ئەمریکی ناسراو بە سی ئای ئەی و سەسێکی وەک سەدام، بە تایبەتی ئەو خەسڵەتانەی کە لە میانەی ئەم پەیوەندییەوە دەردەکەون.

سەدام حوسەین کەسێکی بە ئاگابوو لە سی ئای ئەی. کودەتای ساڵی شەست و سێ لە عێراق کە بە کودەتای هەشتی شوبات ناسراوە، بە هاوکاری سی ئای ئەی بوو، کە بۆ ماوەیەکی کورت بەعسیەکانی هێنایە سەر حوکم. ئەم ئاگایی و مامەڵەکردنە لە گەڵ سی ئای ئەیدا، دونیای سیاسی سەدام لە قاڵب دەدات. دەبێت بە بنەمای ئەو تێگەیشتنەی کە سی ئای ئەی هەموو شتێک دەزانن و دەستیان لە هەموو شتێکدا هەیە و لە هەموو شوێنێکن. لە کاتێکدا سەرچاوەی ئەم ئاگاییە واقیع و مێژوە، بەڵام دەبێتە مایەی هەڵەی زۆر، لە سەری هەموشیەوە دەبێتە مایەی خراپ تێگەیشتن و پارانۆیا.

دیارە ئەم دیدە ناواقیعیە بۆ سی ئای ئەی، ئێستا بەشێکە لە کەلتوری عەوامی ناوچەکە، کە لە گەڵ کەلتوری قوڵی پیلانگێڕیدا تێهەڵکێش دەبن. ئەمە وەهایکردوە کە ئەم جۆرە سیاسیانەی ناوچەکە نەزانن سیاسەتی مەدەنی، سیاسەتی بواری گشتی و خەڵک-دۆستی یانی چی، بەڵکو هەمیشە سیاسەت وەها ببینن کە بریتیە لە یاری هێزە شاراوەکان و ململانێی بەرژەوەندی ئەو هێزانە دژ بە یەک، خەڵکیش ئەگەر هەبن، ئەوا وەک ئامرازن نەک وەک ئامانج.

زاڵبونی دەزگا سیخوڕییەکان، نەک هەر سی ئای ئەی بەڵکو ئیتلاعات و میت و دەزگاکانی تری ناوخۆیی بە پاوانکردنی سیاسەت، هۆکاری ئەوەیە کە ئامانجی سەرەکی سیاسەت بریتیە لە تیرۆری شەخسی، تۆقاندن، هێرش و ناشیرینکردن، لە بڕی خزمەت و بونیادنان و حوکمەتداریی و دەوڵەتداریی.

کاتێک سیاسیەکانی ئەم ناوچەیە بە پاڵپشتی ئەم هێزانە دێن و لە دونیای تاریکی ئەم هێزانە بە ئاگادەبن، ئیتر ئەستەمە بۆیان پەیوەندییەکی ئاسایی و مرۆییان بە دونیاوە هەبێت. ئەوان دەبنە سەروەرە ئاژەڵەکە کە لە نێوان خودایەتی و دڕندەیەتیدا جۆلانێ دەکەن. خودایەتی لێرەدا بە مانای موتلەق و ڕەهاگەرایی خۆ بە باڵازانتر لە خەڵک.

ئەم جۆرە خەسڵەتانە دەبنە بنەمای ئەوەی کە لە نێوان کەسی سەرکردە و ئەوانیتردا بە هیچ شێوەیەک باوەڕ و سیقە نەمێنێت. دیارە ئێستا نهێنی نیە کە سێ سەرۆکی ئەمریکی واژۆیان لە سەر گۆڕینی سەدام کردبوو، لەم پێناوەدا سی ئای ئەی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوو کە لە نێو سوپای عێراقیدا ئەفسەر تەجنید بکات بۆ ئەم مەبەستە. ئەم واقیعە دەبێتە بنەمای ئەوەی کە سەدام هەمیشە لە نێوان سیقە پێکردن و ترسی خیانەتدا هەڵبەز و دابەز بکات. ئەمە لە ئەنجامدا بوە هۆی ئەوەی کە نەتوانێت بڕوا بە کەس بکات. ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە بنەماکانی بە خێزانی بون و عەشیرەتگەرێتی سیستەمەکەی. چونکە سیستەمێکی وەها هەمیشە لە سەر بنەمای دوو جۆر لە کەسایەتەی کار دەکات، یەکەم، کەسێک کە وەلائی تەواوی هەبێت لە گەڵ کەسێکدا کە شارەزایی تەکنیکی پێویستی هەبێت بۆ حوکمداریی.

لە هەردوو دۆخەکەدا ئەوەی دەگوزەرێت حوکمداریی نیە، بەڵکو بەرجەستەکردنی دەسەڵاتی زیاتری کەسی سەرکردە یان سەروەرە. ئەمە وەها دەکات کە کەسێکی وەک سەدام و زۆرێکی تریش، هەرگیز گفتوگۆی سیاسی یان جەدلی سیاسی لە گەڵیاندا رونەدات. لە ئەنجامدا کەسێکی سیاسین بەبێ پیادەکردنی سیاسەت، بەڵکو جۆرێک لە فەرمانی ئیلاهی. هەمومان لە بیرمانە لە عێراقدا دروشمی وەک اذا قال صدام قال العراق، بونی هەبوو.
خەسڵەتێکی تر کە کەسانێکی وەک سەدام بەدەستیەوە دەیناڵاندا، هەروەها زۆربەی دیکتاتۆرەکان بە دەستیەوە دەناڵێنن، ترسە. ترس نەک بەو مانایەی کە هەمیشە لە دۆخێکی ترسدا دەژین، یان ژیانی ئاساییان نیە و ئیرەیی بە ئاسایی بون دەخوازن، بەڵکو بەوەی ئەوانەی لە دەورین لێی دەترسن. ئەم ترسە ڕەنگە لە شێوازی ڕێز و پیادەکردنی جۆرێک لە زمانی ؛وسی دەسەڵاتیدا بەرجەستە بێت، بۆ نمونە لە بەغدای ئێستا هەموو وەزیر و کەسە باڵاکان بە دەولەت الوزیر یان دولت الرئیس بانگ دەکرێن و جۆرێک لە مامەڵەی سوڵتانی لە گەڵیاندا هەیە. لە کوردستانیش لە مۆدێلی میر و ئەزبەنی و شازادەدا دەیبینین.

لە پەیوەندی ترسدا کەسی لێترساو ناتوانێت لە دونیا بگات. ئەمەش کێشەی سەدام بوو. سەدام هەموو ئەوانەی لە دەوری بون لێی دەترسان، بۆیە نە ڕاستییان پێ دەگوت و نە دەیانتوانی گفتوگۆی لە گەڵدا بکەن. ئەمە لە ئەنجامدا کەسی سەرکردە نەخۆش دەخات. چونکە هەمیشە دەنگدانەوەی قسەکانی خۆی دەبیستێت لە بڕی دید و ڕایەکی جیاواز کە وەهای لێبکات بە خۆیدا بچێتەوە یان ڕایەکانی دەوڵەمەند بکات. کەسی لەمجۆرە لە قسەکردنیدا هەمیشە فرەوێژە، خۆی دوبارە دەکاتەوە، تێکەڵییەکی زۆر هەیە لە نێوان ڕاڤەی واقیعی، تیورەی پیلانگێڕیی، لە گەڵ وڕێنە لە قسەکانیدا.

خەسڵەتێکی تر کە لە کەسی دیکتاتۆردا بونی هەیە، نەبونی توانای گوێگرتنە. کەس هێندەی دیکتاتۆر عەشقی درێژدادڕی نیە. سەدام بە چەندین کاتژمێر قسەی دەکرد. ئەمە کاتێک بە تایبەتی لە پەیوەندی دەرەکیدا دەبێتە کێشە، بە تایبەتی لە گەڵ وڵاتێکی وەک ئەمریکا. بۆ نمونە کاتێک سەدام باڵوێزی ئەمریکی لە عێراق ئەپریل گلاسپی بانگهێشت دەکات، پێش هێرشی بۆ سەر کوێت، سەدام ماوەی چل و پێنج خولەک بۆ دیدارەکە دیاری دەکات، لە کاتێکدا زۆربەی کاتەکە خۆی بە تەنها قسە دەکات. پاشان ئەو هەرایەی لێکەوتەوە کە ڕویدا، بەوەی ئەمریکا نارون بوە لە ڕێگریی لە سەدام بۆ گرتنی کوێت و سەدام ناڕونییەکەی بە گلۆپی سەوز تێگەشتوە.

لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە شایستەی ئاماژە پێدانە ئەویش تایبەتمەندی زمانی پەیوەندیککردنی دیپلۆماسییە. زمانی دیپلۆماسی ئەمریکا هەرگیز ڕاشکاوانە نیە. سیاسییە عێراقی و کوردەکانیش لە زمانی ڕاشکاوی زەق نەبێت تێناگەن. ستیڤ کۆڵ دەڵێت ئەگەر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ و زەق هەبوایە بۆ نەگرتنی کوێت سەدام ئەو کارەی نەدەکرد، بە تایبەتی کاتێک کە بەند بوو گوتی ئەگەر دژ بە گرتنی کوێت بون بۆ نەتانگوت. کاتێک نەرمی یانی ناڕونی هەیە لە دەربڕیندا ئەوا سیاسی ناوچەکە دەستوبرد بە سودی خۆی ڕاڤەی دەکات، لە بڕی هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە کەلتوری تایبەتی زمانی پەیوەندی دیپلۆماسی. دیارە هێزی گەورە پێویستی بە هەڕەشە و قسەی زل نیە. ئەوە لاوازە هەمیشە بە زمانی زبر و قسەی زل پەیامی دەگەیەنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP