دواین هەواڵ

چۆن بارزانی یارییەکەی لە هەمووان بردەوە؟

‌دییە عەلی

پێش 2 هەفتە

دییە عەلی

رۆژی 21/2/2024 دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڕیاریدا لەبارەی کورسی کۆتاکان و فرەبازنەیی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەوەی کە 11کورسی کۆتاکانی لابردوو، ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسیەوە کرد بە100 کورسی و  بازنەکانی هەڵبژاردنیشی کرد بەچوار بازنە و بەوەش زوڵمی گەورەی لە پارێزگای هەڵەبجەکرد کە تەنیا سێ کوردسیان بۆ دانراوە، لەکاتێکدا دەکرا شەش یان پێنج کورسی بۆ دابنرایە، چونکە دانیشتوانی ئەو پارێزگایە بای شەش کورسی دەبێت،

بۆیە بڕیارەکەی بەخێرایی کاردانەوەی توندی پارتی دیموکراتی کوردستانی لێکەوتەوە و رەتیانکردەوە، هەموو لایەنەکانی تریش نەک قبوڵیانکرد، بەڵکو خەنی بوون بەبڕیارەکە و کورد گوتەنی دەڵێی هەنگیوینیان لەکلۆرە داردا دۆزیبووە و پێیان وابوو، ئەم جارە نەخشە سیاسی هەرێم دەگۆڕێت، بەبێ ئەوەی بچوکتر رەخنەیان لەوە هەبێت، کەهەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە پسپۆڕی دادگای فیدراڵی نییە و ئەمە زیادەڕەوییە لەدەسەڵاتەکانی و ناکرێت بەسەرماندا تێپەڕێت. 

دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەیەکەم کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا، زۆرینەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی چوبونە ژێرباری بڕیارەکانی دادگا و پێیان وابوو دادگا بڕیاری داوە و ئەوانیش دەبێ وەک لایەنەکانی تر بەشداری هەڵبژاردن بکەن، لەدووەم کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا بەهەمان شێوە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی باسییان لەوە کردبوو کەچۆن خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکەن، هەربۆیە مەسعود بارزانی بەتوندی بەگژ ئەندامانی مەکتەبی سیاسیدا چووبووە و پێی وتبون چۆن دەچنەژێر باری ئەو بڕیارانە کە هەمووتان دەزانن ئەو بڕیارانە سیاسین و یاسایی نین، لەوەش خراپتر ئەگەر بچینە ژێرباری ئەم بڕیارانە، دڵنیابن چەندان بڕیاری تر ئامادەکراوە لەدژی هەرێمی کوردستان، یەک یەک هەمویمان بەسەردا دەسەپێنن، بۆیە دەبێ ستۆپ بەم دادگایە و بڕیارەکانی بکرێت. لەم. سۆنگەیەشەوە ناکرێت ئێمە بەشداری وەها هەڵبژاردنێ بکەین کە پێشتر نەخشەکەی کێشراوە، ئەوەبوو دواتر بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی بایکۆتی هەڵبژاردنیکرد، دواتریش وتیان چەند مەرجێکیان هەیە بۆ هەڵبژاردن،

هەرچی لایەنەکانی تریشە بەتایبەتی یەکێتی بەردەوام بانگەشەی ئەوەیاندەکرد هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکرێت و پێیان وابوو لەم ململانێیەدا شیعەکان پشتی ئەوان دەگرن و دژی ئەبومەسرور دەوەستنەوە بێ ئاگا لەوەی ئەوان لەهەموو کەس باشتر لەسەنگ و قورسایی ئەبو مەسرور و حزبەکەی تێدەگەن، بۆیە لەدواجاردا بەسکاڵایەکی مەسرور بارزانی رێسی هەموو لایەنەکانی کردەوە بەخوری و گێڕانییەوە بۆ بازنەی سەرەتا.

ئێستاش کەوادەی هەڵبژاردن نادیارە و کەس نازانێت کەی دەکرێت و چۆن دەکرێت، بەڵام ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە کورسی کۆتاکان دەگەڕێنەوە ئەگەر هەمووشی نەبێت ئەوە نیوەی دەگەڕێتەوە و کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجەش زیاد دەکرێت.

پارتی، لەسەرەتاوە دەیویست ئەم ستافەی ئێستای کۆمسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردن کەسەرۆکەکەی یەکێتییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەنەبەن و ئەو ستافە بەتەواوەتی بگۆڕێت، کە 7/7 کۆتایی بەتەمەنی دێت و پەرلەمانیش دەکەوێتە پشووە و بۆیە ناتوانێت تەمەنی کۆمسیۆن درێژ بکاتەوە، ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە هەڵبژاردن دەکەوێتە کوتایی ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو، دووریش نییە لەگەڵ هەڵبژاردنی عێراق لە مانگی 11ی 2025 دا بەرێوە بچێت.

ئەوەی لێرەدا جێگای لەسەر وەستانە، ئەوەیە کە شەڕی ئەمجارەی پارتی بەتایبەتیش بارزانی لەگەڵ دادگای فیدراڵی شەڕی ئیرادەبوو، شەڕی رزگارکردنی قەوارەی هەرێم لەو هەمووە مەترسی و پیلانگێڕیانەی لەدژی بەرێوەدەچوو، بەڵام ئەمجارەش ئیرادەی بارزانی سەرکەوتوو، لە هەمووانی بردەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP