دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

بایدن هەڕەشەی راگرتنی پێدانی چەک بە ئیسرائیل دەکات

هەرێم نیوز

بایدن رایگەیاند، ئەگەر ناتانیاهۆ فەرمانی هێرشکردن بۆ سەر ڕەفەح بدات ئەوا ئەمەریکا ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل ڕادەگرێت

جۆ بایدن  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی رایگەیاند، ئەگەر بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل فەرمان بە ھێزەکانی بدات بۆ داگیرکردنی رەفەح، ئەوا ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە ڕادەگرێت.

بایدن راشیگەیاندووە، لە غەززە بەھۆی بەکارھێنانی بۆمب و ڕێگەی دیکە لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون، خەڵکی مەدەنی کوژراون، بۆیە ھەفتەی ڕابردوو ئیدارەکەی بڕیاریدا گەیاندنی ئەو بومبانە بۆ ئیسرائیل ڕابگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان بەردەوامن لە کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵام چیتر چەک و تەقەمەنی تۆپخانەیان بۆ دابینناکەین.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا ئیسرائیل چەندین جار هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رەفەحی کرد و لە دواین پێشهاتیشدا، تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە بەیانیی رۆژی سێشەممە، 7-5-2024 هێرشیان کردە سەر شاری رەفەح، ئەوەش دوای ئەوەی تەلئەڤیڤ رایگەیاند، ئەو پێشنیازی ئاگربەستەی حەماس پێی رازیبووە، لە ئاستی داواکارییەکانی ئیسرائیلدا نییە. 

سوپای ئیسرائیل دووپاتیکردەوە؛ بەردەوام دەبن لە هێرشی سەر رەفەح، کە دەروازەکەی بە خاڵی سەرەکیی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە دادەنرێت.

سوپای ئیسرائیل پێی وایە، رۆژهەڵاتی رەفەح شوێنێکی ستراتیجیی حەماسە. 

نزیکەی 1.3 ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی لە رەفەح ماون. 

بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، سوپای ئیسرائیل دەیەوێت لە دیوی غەززەوە دەروازەی رەفەح کۆنترۆڵ بکات بۆ ئەوەی چاودێریی هەموو ئەو یارمەتییانە بکات، کە بۆ غەززە دەنێردرێن. 

میدیاکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە باس لەوە دەکات، ئیسرائیل بڕوای وایە کۆنترۆڵکردنی رەفەح وا دەکات؛ حەماس نەتوانێت چیدیکە وا پێشانبدات، کە هێشتا کۆنترۆڵی غەززەی بەدەستەوە ماوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP