دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

ئەمریکا بارێکی بۆمبی بۆ ئیسرائیل؛جەنگ بەردەوامە

هەرێم نیوز

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو ناردنی بۆمبی بۆ ئیسرائیل ڕاگرت بەهۆی نیگەرانییەکانی لە هێرشێکی گەورەی زەمینی بۆ سەر ڕەفعەت لە باشووری غەززە.  هاوکات لە گۆڕەپانی شەڕدا بۆردومانی قورسی باشووری غەززە بەردەوامە و لە هەمان کاتدا دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست لە قاهیرە دەستیپێکردووەتەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفەحیش هەواڵی شەڕ و پێکدادانی توند هەیە.

کاربەدەستانی پزیشکی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە دەڵێن لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 55 فەلەستینی بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.

لەم دواییانەدا بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس" ئاشکرای کرد کە بارێکی 1800 بۆمبی 2000 پاوند (907 کیلۆگرام) و 1700 بۆمبی 500- پاوەند (226 کیلۆگرام) کە ئەمریکا بەنیازبووە بیدات بەئیسرائیل، ڕاگیراوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دەڵێت ئیسرائیل بەتەواوی نیگەرانییەکانی ئەمریکای پشتگوێی خستووە لەوەی کە پێویستە هاوکارییە مرۆییەکان بەدروستی بگات بە خەڵکی ڕەفەح.

بەڵام لەلایەکی دیکەوە دانیال هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دوای ئەو هەواڵە ڕایگەیاند، ئەوان ناکۆکییەکان "لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە" چارەسەر دەکەن.

دانیال هاگاری دەڵێت، "هاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمریکا لە سەرەتای شەڕەوە بۆ ئێمە تا ئێستا "بێ وێنە بووە" لە مێژووی حکومەتی ئیسرائیلدا.

ناوبراو یارمەتی ئەمریکای لەم شەڕەدا بە "گەورەترین هاوکاریی ئەمنیی" وەسف کرد.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەمبارەوە نووسیویەتی، پێدەچێت وتەبێژی سوپای ئیسرائیل هەوڵیدابێت ڕاگرتنی بارە بۆمبەکەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل کەم بایەخ دەربخات.

پێشتر ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان چەندان جار هۆشدارییان دابوو بە ئیسرائیل هێرشنەکاتە سەر ڕەفەح، چونکە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی فەڵەستینی لەو ناوچەیەن، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل کارەساتی گەورەی مرۆیی دەکەوێتەوە و دانیشتووانەکە جێگایەکیان نیە بۆی بچن.

کەناڵی سی بی ئێس لە زاری بەرپرسێکی حکومەتی ئەمریکاوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت، "هەڵوێستی ئەمریکا ئەوەیە کە ئیسرائیل نابێت ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەرفراوان لە ڕەفەح دەست پێبکات؛  چونکە ئەو شوێنە زیاتر لە ملیۆنێک کەس پەنایان بردووە و هیچ شوێنێکی دیکەیان نییە بۆی بچن”.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP