دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

ناتانیاهۆ: ڕازیبوونی حەماس بەئاگربەست بۆ پەکخستنی ئۆپەراسیۆنی ڕەفەحە

هەرێم نیوز

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، مەبەستی حەماس لەوەی کە بەپێشنیاری ئاگربەست ڕازی بووە، ئەوەیە کە ویستوویەتی وەک فێڵێک ئۆپەراسیۆنی هێزەکانمان بۆ ناو ڕەفەح پەکبخات، بەڵام لەم کارەیدا سەرنەکەوت و ئێمە پێشڕەوی دەکەین.  نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاش سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ڕەفەح هۆشدارییان بە ئیسرائیل دا.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، پێشنیازی حەماس "زۆر دوورە لە داواکارییە گرنگەکانی ئیسرائیلەوە. ئیسرائیل ناتوانێت پێشنیارێک قبوڵ بکات کە ئاسایشی هاووڵاتیانی و داهاتووی وڵاتەکەمان بخاتە مەترسییەوە."

ناتانیاهۆ دەڵێت ئۆپەراسیۆنی ڕەفەح بەئامانجی گەڕانەوەی بارمتەکان و لەناوبردنی حەماسە.  ڕوونیشی کردەوە: "پێشتر لە ئازادکردنی بارمتەکانی پێشوودا سەلماندمان کە فشاری سەربازی بۆ سەر حەماس مەرجی پێشوەختەیە بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان."

 سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕێگە نادەین حەماس حوکمڕانی خراپی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ کەرتی غەززە: "ئیسرائیل ڕێگەی پێنادات توانا سەربازییەکانی خۆی بنیات بنێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی لەناوبردنی ئێمە".

نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی دانوستانکاری ئیسرائیلی کە ئێستا لە قاهیرەن ڕاسپاردووە، "بە توندی" لەسەر مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و داواکارییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بوەستن.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل بە هاوتەریب بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حەماس.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشڕەوی ئیسرائیلیان لە ڕەفەح ئیدانە کرد.  داوا لە دانیشتوانی مەدەنی لە هەندێک ناوچەی ڕەفەح کراوە کە ناوچەکە چۆڵ بکەن، بەڵام هیچ ڕێگایەکی سەلامەت بۆ باکوور و هیچ پەناگەیەکی سەلامەت نییە کە پاکوخاوێنی و پێداویستیی خۆراکی گونجاوی تێدابێت.

بانگەوازی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی ڕەفەح ڕەخنەی توندی لێکەوتەوە.  جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا داوای لە ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد دەستبەرداری هێرشەکە بێت.  هەروەها حکومەتی ئەڵمانیا هۆشداری لە "کارەساتێکی گەورە"داوە.

زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی فەڵەستینی لەناوچەی ڕەفەحن لە کەرتی غەززە، کە ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ لەناوبردنی حەماس لەوێدا دەستپێکردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکاش هۆشداری دەدەن لەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ ئەو ناوچەیە کارەساتی مرۆیی گەورەی لێدەکەوێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP