دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 4 هەفتە

ململانێى سەركردەكانى حەشدى شەعبى داهاتووى ئەو رێكخراوە دەگەيەنێتە كوێ؟

هەرێم نیوز

تادێت ململانێكان لەسەر سەركردايەتيكردنى حەشدى شەعبی توندتر دەبن، ئەمەش ديوێكى ترى ئەو كێشانەيە كە لە عێراقدا دەمێكە بوونى هەيە، لەبەر ئەوەى هەركەس ببێتە سەركردەى حەشدى شەعبى دەتوانێت لەو رێگەيەوە دەستى بگاتە پۆستە باڵاكانى عێراق و بەتايبەتى سەرۆك وەزيران، هەربۆيە فالح فەياز لە وەڵامى ئەو هێرشەكەدا كە قەيس خەزعەلى لە دژى دەستى پێكردووە، رايگەياندووە واز لە سەرۆكايەتى حەشد ناهێنێت تەنها بە ياسا نەبێت.

گەرچى حەشدى شەعبى بە فەتوايەكى گەورە مەرجەعى شيعەكانى عێراق – عەلى سيستانى- دامەزراوە، بەڵام ئێستا كار لەوەدا نەماوە بە نانەسكى و دەروێشى بەڕێوەببرێت، بەڵكو بووەتە هێزێكى سياسى و ئەمنى و سەربازيى و لە ئێستادا نزيكە لەوەى بگوترێت هێزێكى يەكلاكەرەوەيە لە هەموو ڕوويەكەوە و پارێزەرى پايەكانى دەسەڵاتى سياسى و ئەمنييە و جگە لەوەش لەنێو پەرلەمان و ئەنجوومەنى وەزيرانيش دا پێگەى تايبەتى و هەستياريان بەدەستەوەيە.

وەك سەرچاوەكان باسيدەكەن خەزعەلى باسى لەوەكردووە كە فالح فەياز لەبوارى ئەمنيدا كاربكات گونجاوترە تا جێگرى سەرۆك كۆماريى، فەيازيش لە چاوپێکەوتنێكى تەلەفزیۆنيدا رايگەياندووە: ناكرێت حەشدى شەعبى تەنها وەك دامەزراوەيەكى سەربازيى وێنا بكرێت، بەڵكو دامەزراوەيەكى ئەمنى و سياسى تەواوە.

هەربۆيە ململانێكانى نێوان سەركردەكانى حەشدى شەعبى لەوەدا نەماوەتەوە كە كێبڕكێ بكرێت لەسەر پۆستە ناوخۆييەكان و بەڵكو ململانێكان لەسەر ئەوەيە كە لەو رێگەيەوە دەستيان بگاتە پۆستە باڵاكانى حكومەتى عێراق.

چاودێرانى سياسى باس لەوەدەكەن، ململانێى سەركردەكانى شيعە بەتايبەتى لەنێو چوارچێوەى هەماهەنگييدا گەشتووەتە لووتكە و لە خۆئامادەكردندان بۆ هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەى ساڵى 2025 ى ئەنجوومەنى نوێنەران. فالح فەيازيش هەست بەوە دەكات لە لايەن سودانييەوە كێشەى بۆ دروستدەكرێت و دەيانەوێت لە كايەى سياسى پەراوێزى بخەن و پشتيوانى لە خەزعەلى دەكات، لەبەر ئەوەى باوەڕی وايە پشتيوانى لە نورى ماليكى دەكات و دەيەوێت جارێكى دى بگەڕێتەوە بۆ سەرۆكوەزيرانى عێراق.

فالح فەياز جگە لەوەى چەندجارێك كارى كردووە بۆ ئەوەى ببێتە سەرۆك وەزيران و لەڕێگەى حيزبەكەيەوە (حركة عطاء)ەوە خاوەنى پێنج كورسى پەرلەمانييە و ژمارەيەكيش ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاكانى بەدەستهێناوە، كەچى خەزعەلى چەندين جار لە ميدياكانەوە دەركەوتووە و دژايەتى خۆيى بۆ فەياز نەشارييوەتەوە.

سەركردەى عەسائيب سەرەڕاى هێرشە ميدياييەكانى بۆ سەر فەياز، ژمارەيەكى زۆر لە پەرلەمانتارەكانيش هەمان هێرشيان بۆ سەر فەياز دەستداوەتێ و تاوانبارى دەكەن بە كەمتەرخەمى و مووچەى ناياسايى و گرنگى نەدان بە بنەماڵەى قوربانييەكانى حەشدى شەعبيش.

لەگەڵ ئەوەشدا فەياز حەشدى شەعبى بە رێكخراوێكى شەرعى و جيهادى راستەقينە دەزانێت و نايشارێتەوە كە پێويستى بە رێكخستنەوەى زياترە و لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: هەمواركردنەوەى ياساى خانەنشينى كارى حەشدە و لە بەرژەوەندى فەرمانبەران و موجاهيدەكانى حەشدى شەعبييە، نەيارەكانيشى دەڵێن وەبەرهێنان بە حەشد و خواستەكانى خەڵكەكەيەوە دەكات و دەيەوێت خۆی لە لوتكەى دەسەڵاتەكەيدا بمێنێتەوە.

يەكێكى تر لەو هێرشانەى كە دەكرێتە سەر فالح فەياز هەبوونى پەيوەندييەكانيەتى لەگەڵ گەورە عەشايەرى سوننە مەزهەبى پارێزگاى ئەنبار (حاتەم سولەيمان) و پێيان وايە ئەو كەسايەتييە پشتيوانى لە تيرۆر كردووە و ئەو بووە كە لە 2014 دا ياخيبوونى ئەنبارى ئاراستەكردووە، لەلايەكى تريشەوە پشتيوانى لێكردووە بۆ دامەزراندنى هەرێمێك بۆ سوننەكان تا ببێتە پشتيوانييەكى تر لە هەرێمى كوردستان و ئەوەش لاى جەماوەرى حەشد رەتكراوەيە.

لە لايەكى تريشەوە ناكۆكييەكانى نێوان سەركردەى ميلشياى بەدر -هادى عامرى- و قەيس خەزعەلى لە ئاستى شاردنەوەدا نەماوەو تەنانەت نيگەرانييەكانيان گەشتووەتە سەر رووپەڕى فەيس بووك و تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و خەزعەلى لە نورى ماليكيش توڕەيە و نايەوێت جارێكى ديكە لە سەر كورسى سەرۆكوەزيران دابنيشێتەوە.

لە لايەكى تريشەوە نابێت ئەوەمان لەبيربچێتەوە كە فەياز لە 2018 دا لە لايەن حەيدەر عەبادييەوە لە راوێژكارى ئاسايشى نيشتمانى دوورخرايەوە و هۆكارەكەيشی ئەوەبوو كە لايەنگريى لە هادى عامرى دەكرد كە خۆى بۆ پۆستى سەرۆكوەزيرانى بەربژێركردبوو.

محەمەد نەعناع، شرۆڤەكارى سياسى عێراقى لەو باوەڕەدايە فالح فەياز لە ئێستادا ژمارەيەكى سياسى بەهێزە لەنێوان خێزانى شيعەكاندا و هيچ كەس و لايەنێك ناتوانێت بێڕۆڵى بكات و لە كايە سياسييەكە دوورى بخاتەوە، پرسيارە سەرەكييەكەش ئەوەيە ئەگەر ئەم حاڵەتە دابەشكردنى رۆڵ و خۆڵكردنە چاوى خەڵك نەبێت ئاخۆ بەس نييە بۆ ئەوەى ململانێكانى سەرى حەشدى شەعبى بخوات؟ 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP