دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 4 هەفتە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەڵامی داواکارییەکانی سەرۆکی هەرێمی دایەوە

هەرێم نیوز 

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، خشتەیەکی تایبەت بە دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانیان ئامادە کردووە کە لە هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراقدا پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە، لە هەولێر  و سلێمانی 20% دەنگدەران پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە، لە دهۆک 15%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو نووسراوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 11-03-2024 ئاراستەی کردن و تێیدا چەند سەرنج و تێبینییەکی خستبووەڕوو، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆبووەوە و بە نووسراوی فەرمی لەلایەن سەرۆکی کۆمیسیۆنەوە وەڵامی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان درایەوە.

لەبارەی تێبینییەکانەوە جومانە غەلای وتی، "نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر یەکێکیان بوو، کە مەزەندە دەکرێت نزیکەی 20%ی دەنگدەران پەنجەمۆریان نەیخوێنێتەوە. ژمارەی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای هەڵەبجە و ئەگەری زیادکردنی کورسییەکان بەشێوەیەک لەگەڵ دانیشتووانەکەی بگونجێت، یەکێکی دیکە بوو لە تێبینییەکان. هەروەها پێشنیاز کرابوو تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە دەستەی کۆمیسیۆن و تەنیا لە هەرێمی کوردستان بێت، چونکە ئەو هەڵبژاردنە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە؛ بابەتەکەی دیکە پەیوەست بوو بە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن و بەراوردکردنی ئەنجامەکان."

بە وتەی جومانە غەلای، کۆمیسیۆن لە وەڵامدا وتوویەتی، "بابەتی پەنجەمۆر دەکەوێتە سەر شێوازی وەرگرتنی پەنجەمۆرەکە لە کاتی پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری. پەنجەمۆر بەپێی دۆخی دەنگدەر دەگۆڕێت.

وتیشی، دەکرێت ئامێرەکان پەنجەمۆری هەندێک کەس نەخوێننەوە کە نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی پێستیان هەبێت، یان بەتەمەن بن و ئەو کارانە بکەن کە مادەی کیمیایی و پاککەرەوەیان تێدا بەکاردەهێندرێت. بۆیە ئەو پرسە پەیوەست نییە بە ئامێری خوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە، هێندەی پەیوەستە بە دۆخ و پەنجەی دەنگدەرەکەوە."

وتەبێژی کۆمیسیۆن باسی لەوەش کرد، خشتەیەکی تایبەت بە دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانیان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئامادە کردووە کە لە هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراقدا پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە، لە ساڵی 2021دا لە هەولێر 742 هەزار و 550 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەبووە و 20%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە، لە سلێمانی 883 هەزار و 423 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەبووە و 20%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە؛ لە دهۆک 559 هەزار و 746 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەبووە و 15%یان پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP