دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 4 هەفتە

جەنگێكى گەورە بەڕێوەيە و حەشدى شەعبى لەپەكەكە هەڵدەگەڕێتەوە

هەرێم نیوز

جەنگێكى گەورە بەڕێوەيە و حەشدى شەعبى لەپەكەكە هەڵدەگەڕێتەوە.

ئەمجارەيان توركيا جديتر هاتووەتە گۆڕەپانەكە و دەيەوێت لەڕێگەى هاوپەيمانەكانييەوە سنوورەكانى تۆكمەتر بكات و وەك خۆيان دەڵێن مەترسى تيرۆر لەسەر هاووڵاتييانى خۆى كەمبكاتەوە، ئەمجارەيان حەشدى شەعبى لە بابەتەكەوە دەگلێت و پێدەچێت ئێرانيش سووكە بەڵێنێكى پێدابن، چوون لە لايەكەوە تۆنى قسەكانى نورى ماليكى لەبارەى شەنگال و پەكەكەوە گۆڕاوە و بەشداريى فالح فەيازيش لە كۆبوونەوە ئەمنييەكانى نێوان عێراق و توركيادا ماناى ئەوەيە كە دۆخەكە گۆڕانكاريى زۆرى بەسەردا هاتووە و دوور نييە هاوينى داهاتوو بۆ پارتى كرێكارانى كوردستان يەكلاكەرەوە بێت.

زۆرينەى سەرچاوە عێراقييەكان باس لەوە دەكەن ئۆپەراسيۆنى هاوينى ئەمساڵى توركيا، چاوەكان لەسەر جەنگە ماڵوێرانكەرەكەى غەزە لادەبات و سەرنجى هەمووان دەچێتە سەر شەنگال، گارە و ئەوناوچانەى كە لە نەخشە سەربازيى و ئەمنييەكەى توركيادا دياريكراوە، ئەمجارەيان حەشدى شەعبى پشت دەكاتە ئەو هاوپەيمانەى چەندين ساڵە لە شەنگال و دەوروبەرى پێكەوە دەجەنگن، بەتايبەتى لە بەگژداچوونەوەى داعش دا.

بەرپرسێكى باڵاى ئاسايشى توركيا بە رۆژنامەى شەرقولئەوسەتى گوتووە: لە رێگەى ئۆپەراسيۆنەكەى هاويينەوە توركيا دەيەوێت ئاسايشى سنوورەكانى بگەيەنێتە سفر. هەروەها راشيگەياندووە هاكان فيدانى وەزيرى دەرەوەى توركيا لەگەڵ عێراقييەكان لەو بارەيەوە گەشتوونەتە تێگەيشتنى تەواو.

13/3/2024 هەردوو وەزيرى دەرەوە، هاكان فيدان و فوئاد حوسەين كۆبوونەوە لەنێو كۆبوونەوەكەدا فالح فەياز و قاسم ئەعرەجي دەبينران، لەدواى كۆبوونەوەكە حكومەتى عێراق لە بەياننامەيەكدا رايگەياند بوون ومانەوەى هێزەكانى پارتى كرێكارانى كوردستان لە سەر خاكى عێراق، پێشێلكاريى دەستوورييە.

هەر ئەوە ئێوارەيە، يەشار گولەر لەيەكێك لە سەربازگەكانى هەكارى دەركەوت و باسى لە پلانێكى گشتگيردەكرد بۆ چارەسەركردنى كێشەى سنوورەكان. 

ئەگەر پێداچوونەوەيەكيش بە ميدياكاندا بكەينەوە لەوە تێدەگەين كە توركيا هەميشە نيگەرانييەكانى خۆى بە بەرپرسانى عێراقى و كوردستانيش گەياندووە و داواى لێكردوون كە چالاكييەكانيان سنوردار بكرێت. كەچى ميديا ئێرانييەكان لەم رۆژانەدا رايانگەياندووە كە عێراق و توركيا تێگەيشتنى تەواويان بۆ دۆخەكە هەيەو تادێت لە كاتژمێرى سفر نزيكدەبنەوە.

سەرچاوە عێراقييەكانيش باس لەوە دەكەن توركيا لەگەڵ ئەمريكييەكانيش گفتوگۆى جدى لەو بارەيەوە كردووەو ئەوانيش لە دۆخەكە تێدەگەن و دەزانن چى لەناوچەكەدا دەگوزەرێت و پێدەچێت بەرپرسانى توركى لەگەڵ ئەوانيش گەشتبنە ئەنجامێك و كەركووك و ناوچەكەيان بە پاكێجێك خستبێتە سەر مێزى دانوستانەكانى نێوانيان بۆيە تا ئێستاش ناتوانرێت لەسەر ئەنجومەنى پارێزگاى كەركووك لايەنەكان بگەنە ئەنجامى كۆتايى.

ئەسيل نوجەيفى كەسايەتى سياسى سونەكانى عێراق و پارێزگارى پێشووى موسڵ بە شەرقولئەوسەتى گوتووە: هەموو وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست مەترسييەكانى دواى جەنگى غەزە دەزانن چييە و باوەڕيشيان وايە نەخشەى سياسى دێنێتە گۆڕێ و زۆرينەى گۆڕانكارييەكانيش لە بەرژەوەندى توركيا دەشكێتەوە.

ماوەيەكيش لەمەوبەر وادەى سەردانيكردنى رەجەب تەيب ئەردۆگان بۆ بەغداد و هەولێر دياريكرا و چاوەڕێ دەكرێت دواى مانگى رەمەزان و پێش كۆتايى مانگى نيسان سەردانەكە ئەنجام بدرێت و لەوێوە كاتژمێرى سفرى گۆڕانكارييەكان دەستپێبكات.

بەشێك لە شرۆڤەكارانى سياسى عێراقى باس لەوە دەكەن بەشداريى گەورە بەرپرسانى حەشدى شەعبى لەكۆبوونەوەكاندا واتە چاوى ئێران لە نێو دانيشتنەكان و هەڵكردنى گڵۆپى سەوزە بۆ هێرشكردنە سەر پەكەكە، ئەوە لە كاتێكدا ئەو شوێنانەى كە توركيا دياريكردووە پەيوەندييان بە هەژموونى ئێرانەوە هەيەو ناكرێت ئەو وڵاتە كاريگەر و بەهێزە ناديدە بگيرێت.

ئەوەى ماوەتەوە هەڵوێستى هەرێمى كوردستانە كە يەكلايى كردنەوەى كێشەكە لەسەرخاكى ئەوەو دوكەڵى ئەو جەنگەش لە ئاسمانى ئەودا و بەتايبەتى لە سنوورى سلێمانى و شەنگال و ئەو سنوورانەدا دەردەكەوێت كە پەكەكە ناوى لێناوە هەرێمى ميديا، شارەزايانيش پێيان وايە يەكێتى و سەرۆكەكەى نايانەوێت خۆيان لەو كێشەيە بدەن و ناچنە نێو شەڕێكەوە كە ئەوسەريان لێوەديارنەبێت. چوون ئەوان لەوە تێگەشتوون لێكتێگەيشتنى وڵاتانى ناوچەكەى لەسەرەو هەرێمى كوردستان بەم حاڵەى ئێستايەوە ناتوانێت رووبەڕوويان ببێتەوە.

هەربۆيە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە جەنگێكى مەترسيدار بەڕێوەيە و لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا روون نييە پارتى كرێكاران هەڵوێستيان چيدەبێت و چۆن روبەڕووى ئەو دۆخەناهەموارەدەبنەوە كە لە هاوينى ئەمساڵەوە روو لەناوچەكەيان دەكات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP